سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەردانی ئیسرائیل دەکات

19-10-2023
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن بەریتانیا شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ دەگاتە ئیسرائیل، سەردانەکەشی وەک هەوڵێکە بۆ رێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل.
 
بەپێی میدیای بەریتانیا، ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19-10-2023) سەردانی تەلئەڤیڤی ئیسرائیل دەکات و لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە.
 
لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی دوێنێ، ریشی سوناک گوتبووی "مردنی هەر کەسێکی سڤیل تراژیدیایەکە، لەدوای کردەوە ترسناک و تیرۆرستییەکەی حەماسەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە."
 
میدیاکان ئاشکرایان کردووە، سوناک سەرەخۆشیی خۆی بۆ خەڵکی فەلەستین دەنێرێت و تیشک دەخاتە سەر ناردنی یارمەتی مرۆیی لە لەندەنەوە بۆ هاووڵاتییانی فەلەستینی لە سنووری میسرەوە، هەروەها ئازادکردنی بارمتە بەریتانییەکانی ژێر دەستی حەماس.
 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پێش چوار رۆژ رایگەیاند، 10 بارمتەی بەریتانی لەژێر دەستی چەکدارەکانی حەماسن لە غەززە.
 
لەدوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانەوە، جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە چەند رۆژی داهاتوو بەنیازە سەردانی هەریەک لە میسر، تورکیا و قەتەر بکات بۆ گفتوگۆ لە بابەتی شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک.
 
گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا دوێنێ لە واشنتن لەگەڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کۆبووەوە بەمەبەستی هەماهەنگیی هەردوو وڵاتی زلهێز لە باشترکردنی دۆخەکە. 
 
ئاژانسی بی بی سی ئاشکرای کردووە بەریتانیا هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی دەدات بۆ ئارامکردنەوەی گرژییەکان بەتایبەت دوای ئەوەی، کە ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشی زەوینی بۆ سەر کەتی غەززە کرد.
 
سەردانی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکاوە دێت، رۆژی چوارشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتە تەلئەڤیڤ و دواتر لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد. لە بەشێکی قسەکانیدا بایدن گوتی، "ئیسرائیل هەر شتێکی پێویست بێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆی دابین دەکات بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات."
 
شەڕە گەرمەکەی حەماس و ئیسرائیل کە پێی ناوەتە 13ـیەمین رۆژییەوە، جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە کردووە.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.