رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییەکانی یەكێتیی ئەوروپا و ئێران خراپتر دەبن؛ یەکێتییەکە ئامادەکاریی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا دەکات لە بەرامبەر فرۆشتنی درۆن بە رووسیا، کە لە دژی ئۆکراینا بەکاریاندێنێت، دیپلۆماتێکی باڵای یەکێتیی ئەوروپا بە رووداوی راگەیاند، یەکێتییەکە سزا بەسەر ئەو کەس و دامەزراوە ئێرانییانە دەسەپێنێت کە درۆنیان بە رووسیا فرۆشتووە.
بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا کار لەسەر ئامادەکردنی لیستێک لە بەرپرس و دامەزراوەی ئێرانی دەکەن بۆ ئەوەی بیانخەنە لیستی سزاکانیانەوە و چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ، چوارشەممە، لەسەری رێکبکەون.
سزا نوێیەکان کەمتر لە یەک هەفتە دوای ئەوە دێن کە یەکێتییەکە پۆلیسی رەوشت و وەزیری پەیوەندییەکانی خستنە لیستی سزاکانییەوە، ئەوەش بە تۆمەتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان کە لە دوای گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینییەوە لە مانگی رابردوو سەریانهەڵدا.
لە کاتێکدا کە هێرشە درۆنییەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامن، دیپلۆماتکارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، پشتیوانیێکی گەورە لە نێو بەرپرسانی ئەوروپادا هەیە بۆ سزاخستنەسەر ئێران، وێڕای ئەوەی کە هەندێکیان ترسیان هەیە لەوەی گرتنەبەری هەڵوێستی تووند رەنگە تاران لە مۆسکۆ نزیکتربکاتەوە و هیواکانی نوێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لاوازتر بکات.
ئێران رەتیدەکاتەوە درۆنی بە رووسیا دابێت
نزیکبوونەوەی ئێران و رووسیا، کە هەردووکیان لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە پەراوێزخراون و ناکۆکییان لەگەڵ رۆژئاوا هەیە، لێکەوتەی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەبووە، نوێترینیشیان، زیادبوونی داواکارییەکانی روو لە ئیسرائیلە بۆ پشتیوانیکردنی زیاتری ئۆکراینا کە لە ماوەی رابردوودا هەوڵیداوە بە بێلایەنبوون، پەیوەندیی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ بە هاوسەنگی بهێڵتەوە.
هەواڵگریی ئەمریکا لە تەممووزی ئەمساڵ هۆشداریی دا لەوەی ئێران پلانی هەیە درۆن بە رووسیا بدات، مانگی دواتر، رایگەیاند ئێران درۆنی شەڕکەری بۆ رووسیا ناردووە تاوەکو لە ئۆکراینا بەکاریانبێنێت.
لە کۆبوونەوەیەکی هەفتەی رابردوودا، بەرپرسانی باڵای ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوا جەختیان کردەوە، کە رووسیا بۆ بە ئامانجکردنی پێگەکانی نێو ئۆکراینا، درۆنی ئێرانی بەکاردێنێت.
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند کەلوپەلی سەربازیی زیاتر بۆ پەکخستنی درۆنەکان بۆ ئۆکراینا دەنێرن.
یەکشەممەی رابردوو، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، گوایە ئێران پابەندبوونی خۆی بە دابینکردنی چەک بۆ رووسیا دووپاتکردووەتەوە لە رێگەی رێککەوتنێکی نهێنی بۆ ناردنی مووشەکی زەوی بۆ زەوی.
میدیاکە روونیکردووەتەوە کە راپۆرتێکی هەواڵگری لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئۆکراینادا هاوبەشکراوە کە گوایە پێشانیدەدات، ئێران ئامادەکاری ناردنی دوو جۆر مووشەکی کورتمەودا بۆ رووسیا دەکات کە بە فاتح 110 و زولفەقار ناسراون.
بەڵام ئەوەی کە هانی یەکێتیی ئەوروپای داوە رێکاری زیاتر دژی ئێران بگرێتەبەر، وێنە و ڤیدیۆی درۆنەکان بوو، کە رۆژی دووشەممە خۆیان سەرەولێژ بە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینادا دەتەقاندەوە.
رۆژی دووشەممە، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئێمە زۆر لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بەکارهێنانی ئەم درۆنانە دەکەین، بەڵگە کۆدەکەینەوە و ئامادە دەبین بە ئامرازەکانی بەردەستمان وەڵامبدەینەوە."
بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە لەسەر ئێران تووندتر بن.
دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، پێشنیازی کردووە بۆ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی وڵاتەکەی کە کیێڤ هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران بپچڕێنێت.
ئەو درۆنانەی کە بە گوتەی بەرپرسانی رۆژئاوا، رووسیا لە دژی ئۆکراینا بەکاریاندێنێت، بە شاهید 136 دەناسرێن. بۆ بە پێکانی ئامانجی دیاریکراو لە رێگەی تەقاندنەوەی درۆنەکە بەکاردێن و دەتوانێت سەرووی دوو هەزار و 400 کیلۆمەتر ببڕێت. ئەم درۆنانە بە درۆنی "کامیکازی" یاخود بۆمبڕێژکراو دەناسرێن، چونکە هیچ چەکێک ئاراستەی ئامانجەکەیان ناکەن و بەڵکو خۆیان بە ئامانجەکەدا دەتەقێننەوە.
بەرپرسانی ئەوروپی باس لەوە دەکەن، لە سەرەتای شەڕەکە، مۆسکۆ بەشی پێویست مووشەکی وردپێکێنی هەبوو، بەڵام بەهۆی درێژەکێشانی شەڕ، کۆگەکانی بەرەو بەتاڵبوون دەڕۆن.
بەرپرسێکی رۆژئاوایی، بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ئاماژەی بەوە کردووە کە رووسیا "سەدان" درۆنی ئێرانیی وەرگرتووە و لە رۆژ و هەفتەکانی داهاتوودا بە چڕی لە دژی ئۆکراینا بەکاریاندەهێنێت.
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو بەشداریکردووە لە ئامادەکردنی ئەم هەواڵە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ