ئەنجوومەنی ئاسایش گفتوگۆ لەسەر مەترسییەکانی درۆنی ئێرانی دەکات

19-10-2022
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدات، بەهۆی بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی لە ئۆکراینا.
 
رۆژی چوارشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2022، میدیای ئەمریکا ئاشکرایکرد کە لەسەر داوای وڵاتانی زلهێزی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدات، لەسەر مەترسییەکانی درۆنی ئێرانی و بەکارهێنانیان لە ئۆکراینا. 
 
ئەم داوایەی وڵاتانی رۆژئاوا لە دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی ئۆکراینی، رووسیایان تۆمەتبار کرد بەوەی لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، لە رێگەی بەکارهێنانی درۆنی ئێرانییەوە چەندین ناوچەی مەدەنییان کردووەتە ئامانج. 
 
هەروەها بڕیاریشە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، چەند پسپۆڕێکی بواری بەرهەمهێنانی درۆن ئامادەی بن بۆ پشکنینی ئەو پارچە درۆنە تێکشکێنراوانەی لە ئۆکراینا دۆزراونەتەوە و ئۆکراینا دەڵێ پارچەی درۆنی ئێرانین.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئەو پارچە درۆنانەی لە ئۆکراینا دۆزراونەتەوە، هەمان ئەو درۆنە ئێرانیانەن کە لە یەمەن و سووریا لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران بەکارهاتوون.
 
شەوی سێشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2022، ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند کە رەوانەکردنی درۆنی ئێرانی بۆ رووسیا و بەکارهێنانیان لە ئۆکراینا، پێشێلکردنی رێککەوتنامەی ئەتۆمی ساڵی 2015یە و گوتیشی "گواستنەوەی ئەو دۆرنانە پێشێلکارییە، جا ئەو درۆنانە بدرێتە حوسییەکان، یاخوود رەوانەی رووسیا بکرێن".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، رووسیا درۆنی ئێرانی بۆ مەبەستی هێرشکردن و چاودێریکردنی جموجووڵی سەربازانی ئۆکراینی بەکارهێناوە. 
 
هەفتەی رابردوو ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا لە هێرشەکانی ئەمدواییەی بۆسەر شارەکانی ئۆکراینا بەتایبەت شاری کیێڤی پایتەخت، درۆنی ئێرانی و بەتایبەتی درۆنەکانی کاماکازی و شاهید 136ی بەکارهێناوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2022، دیمیتری کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا ئاشکرایکرد کە پێشنیازی بۆ سەرۆکی ئۆکراینا کردووە لەوەی وڵاتەکەی سەرجەم پێوەندییەکانی لەگەڵ تاراندا بپچڕێنێت، ئەمەش بەهۆی ئەو هاوکارییانەی ئێران پێشکێشی مۆسکۆی کردووە.
 
هەر رۆژی سێشەممە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا رەتیکردەوە سوپای رووسیا درۆنی ئێرانی لە ئۆکراینا بەکارهێنابێت و گوتی "تەنیا چەکی رووسی بەکارهاتوون".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.