لە بەریتانیا دۆخی ئابووری کاریگەیی لەسەر خەرجیی هاوسەرگیری کردووە


رووداو دیجیتاڵ

نمایشکارانی جلی بووکێنیی ئافرەتان لە پێشانگەیەکی شاری لەندەنی بەریتانیا، دوایین مۆدێلەکانیان نمایش کرد. ئەو خانمانەی بەنیازی هاوسەرگیریین، سەیری مۆدێلە نوێیەکان دەکەن، بەڵام ئێستا بەهۆی دۆخی خراپی ئابووریی بەریتانیاوە، زیاتر بیریان لای خەرجیی کەمترە وەک لە مۆدێلەکان.
 
جێنیفێر فاهی، راهێنەری هاوسەرگیرییە و رێنمایی کچان و کوڕانی بەریتانی دەکات باشتر پلانە داراییەکانی هاوسەرگیرییان دابڕێژن. دەشڵێت، "ئێستا قەیرانی بژێوی کاریگەریی زۆری لەسەر بووک و زاواکان هەیە. شڵەژانێکی زۆر لە بازاڕدا هەیە کە تێیدا بووکەکان نیگەرانن لە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان، بۆیە مەترسیی زۆر هەیە و بەرزبوونەوەی نرخەکان کاریگەریی یەکجار زۆری لەسەر بووک و زاواکان داناوە".
 
لەیلا، بەمدواییانە هاوسەرگیریی کردووە، ئەو حەزی دەکرد ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی لە ئیسپانیا بێت، بەڵام بەهۆی خەرجیی زۆرەوە ئاواتەکەی بەدینەهاتووە. 
 
لەیلا رێکهام، تازە خێزاندار باس لەوە دەکات، "من دەڵێم دەبێت 100٪ بودجەکەت رێکبخەیت؛ ئێمە لە سەرەتاوە بودجەیەکمان دانا و ئەوەندەی توانیمان پابەندی بووین. خشتەیەکم دانابوو و هەموو شتێکم لە ناویدا تۆمار دەکرد، ئەگەر شتێکم ویستبا، سەیری خشتەکەم دەکرد بزانم چەند خەرجیی زیادەی دەوێت و دەتوانم بیکەم یان نا".
 
لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا رێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا 8.6٪ بووە کە بەرزترین ئاستە لە 40 ساڵی رابردوودا، بانکی ناوەندیی وڵاتەکەش پێشبینی دەکات لە کۆتایی ئەمساڵدا بگاتە سەرووی 13٪. 
 
بەپێی خەمڵاندنەکان، لە ساڵی 2022ـدا پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 350 هەزار پڕۆسەی هاوسەرگیری لە بەریتانیا بکرێت و تێكڕای خەرجیی هەر هاوسەرگیرییەک 32 هەزار پاوەندە.