هیومان رایتس وۆچ: کۆریای باکوور بە "کەمتر لە ئاژەڵ" لە بەندکراوانی وڵاتەکەی دەڕوانێت

19-10-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کۆریای باکوور
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی 'هیومان رایتس وۆچ' لە راپۆرتێکیدا، تیشکی خستووەتە سەر ئاستی چەوساندنەوە و سزادان و ئەشکەنجە لەلایەن حکومەتی کۆریای باکوورەوە، لە دژی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە و بە 'رژێمی دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوەی چەوسێنەرانە' ناوی بردووە، کە پەیڕەو لە 'هیچ رێوشوێنێکی یاسایی ناکات'.
 
راپۆرتی رێکخراوی 'هیومان رایتس وۆچ' لەبارەی دۆخی کۆریای باکوورەوە، لە 88 لاپەڕەدا خراوەتە روو، ناونیشانێکی تۆقێنەری هەیە، "کەمتر لە بەهای ئاژەڵ.. دەستدرێژی و پێشێلکاری بۆ رێوشوێنە یاساییە پێویستەکان لە بەندیخانەکانی کۆریای باکووردا".
 
راپۆرتەکە وەک ماڵپەری رێکخراوەکە ناویبردووە، "باسێکی بێوێنە و وردی سیستمی دادوەریی تاوانی ناشەفافی وڵاتەکە دەکات. تیشکدەخاتە سەر چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەیی لاوازی کۆریای باکوور، لەگەڵ سرووشتی سیاسی دادگاکان و دەزگاکانی سەپاندنی یاسا، لە سایەی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری وڵات". زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە،  لەسەر زاری گیراوانی پێشووی وڵاتەکەوە باسکراون.
 
براد ئادەمز. بەڕێوەبەری بەشی ئاسیا لە 'هیومان رایتس وۆچ'، دەڵێت "سیستمی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەلایەن دادگاکانی کۆریای باکوورەوە، سەرکوتکەرانەیە، تووندە، تێکشکێنەر و سووککەرانەیە، هاووڵاتیانی کۆریای باکوور دەڵێن، ئەوان لە دۆخی ترسی بەردەوامدا دەژین، لەوەی بکەنەوە دەست پیاوەکانی رژێمی وڵات، کە هەمیشە رێوشوێنە فەرمییەکانی بێڕەحمانەیە و تاوانبارکردن پێشتر دانراوە، تاکە دەرچەش لەو دۆخانەدا، تەنیا بەرتیلدانە بە کەسە ناسراوەکان".
 
بەرپرسە کۆرییەکان چی دەگێڕنەوە؟
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە، چاوپێکەوتنی لەگەڵ 8 بەرپرسی پێشووی حکومەتدا کردووە، کە لە وڵاتەکە هەڵهاتوون، لەگەڵ 22 هاووڵاتی کۆریای باکوور کە 15 پیاو و حەوت ئافرەتن. ئەوان لە بەشە جیاوازەکانی دەستبەسەر و لێپێچینەوە لە دوای ساڵی 2011ەوە دەستگیرکراون، کاتێک سەرۆکی ئێستای وڵات، کیم جونگ ئۆن، دەسەڵاتی گرتە دەست.
 
دەستگیرکراوانی پێشوو بە 'هیومان رایتس وۆچ'یان راگەیاندووە، ئەوان لەماوەی دەستبەسەرییەکەیاندا، بەتەواوی بێدەسەڵات بوون لەوەی چارەنووسی خۆیان بزانن، پەیوەندییان لەگەڵ پارێزەری سەربەخۆدا نەبووە، هیچ رێگەیەکیان لەبەردەستدا نەبووە، تاوەکو شێوازی ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییە یاساییەکانی بەرامبەریان بگەیەننە دەسەڵاتداران.
 
ئەوان گوتویانە، کاتێک کەسێک لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، هەلێکی زۆر لاوازی هەیە بۆ دەربازبوون لە سزای کارپێکردنی زۆرەملێی بێکرێ بۆ ماوەی کورت یان درێژ. هەندێک لە بەندکراوە مێینەکان، باسیان لە دەستدرێژی سێکسی کردووە.
 
گیراوەکانی پێشوو، گوتویانە ئەوان ناچارکراون بە دانیشتن لەسەر زەوی، بۆ ماوەی چەندین رۆژ بەبێ جووڵە، لەسەر ئەژنۆ یان بە قاچبەستراوی، دەست و پەلەکانیان خراوەتەوە ناو رانەکانیان و سەریان بۆ خوارەوە شۆڕکراوەتەوە، چاویان لەسەر زەوی بووە. ئەگەر گیراوەکە بجوڵایەتەوە، بەندیوانەکان سزایان داوە، فەرمانی سزای بەکۆمەڵیان بۆ هەموو گیراوەکان دەردەکرد.
 
چوار بەرپرسی پێشوو لە حکومەت، گوتویانە پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریا، وەک کەسانی کەمتر لە مرۆڤ تەماشای گیراوەکان دەکات، لەبەرئەوە پێیوایە، ئەو گیراوانە شایستەی ئەوە نین چاوببڕنە ناو چاوی ئەفسەرەکانی جێبەجێکاری یاسا. ئەفسەرەکان، تۆمەتبارەکان بەناوی خۆیان بانگ ناکەن، تەنیا بە ژمارە بانگیان دەکەن و هەر بەندییەک ژمارەیەکی دراوەتێ.
 
سەربازێکی پێشوو کە ساڵی 2017 کۆریای باکووری بەجێهێشتووە، پاش ئەوەی چەندجارێک بەهۆی هەڵهاتن لە سەربازی و هەوڵی راکردن بەرەو کۆریای باشوور، دەستگیرکراوە، گوتویەتی "ئەگەر بجوڵاینایەتەوە، سزا دەدراین بە راوەستان و دانیشتن، هەروەها ئەنجامدانی مەشقەکانی فشار و گەدە، یان خۆهەڵواسین بە شیشی ئاسنەوە".
 
ئەو زیاتر گوتویەتی، هەندێک لە بەندیوانەکان ناچاریان دەکردین دەموچاومان بخەینە نێوان شیشەکانەوە، یاخود پەنجەکانیان پێدەخستینە ناو شیشە بەناویەکداچووەکان و دواتر بە تێڵا یان دەمانچە لێیاندەداین. ئەوان زۆر تووندبوون، دەهاتنە ناو ژووری بەندییەکانەوە و دەستیاندەکرد بە لێدانمان. هەموو رۆژێک ئەوە روویدەدا، چ لەناو ژووری بەندکردن یان جێگەی دیکە. ئێمە هەمیشە گوێمان لە دەنگی لێدان دەبوو، ئامانجی ئەو کارە هەمیشە هێشتنەوەی ترس و تۆقاندن بوو.. هەندێکجار دەگەیشتمە ئەو دۆخەی واز لە ژیان بهێنم، ئەوەندی من لەوێبووم، زیاتر لە 50 کەس لە نێو بەندیخانەکەدا دیارنەمان.
 
بێ خۆراک و بەڕووتی
 
ئەو کەسانەی لەگەڵ رێکخراوەکەدا قسەیان کردووە، دۆخی گرتنەکانی خۆیان، بە پۆخڵ و ناتەندروست ناوبردووە: "خۆراک زۆر کەمبوو، ژوورەکانی بەندیخانە جەنجاڵ بوون، ماوەی پێویست بۆ خەوتن لەسەر زەوی نەبوو، هەلی خۆشووشتن یەکجار کەمبوو، پێخەف نەبوو، جلوبەرگ و سابوون و پێویستییەکانی پاکوخاوێنی لەکاتی سووڕی مانگانەدا بۆ ئافرەتان بەردەست نەبوون".
 
بەندکراوەکان و پۆلیسەکانی پێشوو گوتویانە، لەشی بەندکراوەکان پڕی کێچ و ئەسپێ بووە. چەندین گیراو دووپاتیانکردووەتەوە کە بەندیوانەکان و لێکۆڵەرەکان، بەشێوەیەکی نافەرمی رێگەیان بەئەندامانی ماڵباتەکان و هاوڕێکانیان دەدا، خۆراک یان کەلوپەلی پێویست بۆ بەندکراوەکان بهێنن، بێگومان زۆرینەی کات ئەو کارە بەهۆی بەرتیلدانەوە دەکرا.
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە گوتویەتی، پێویستە حکومەتی کۆریای باکوور، سنوورێک بۆ بەربڵاوی ئەشکەنجە و مامەڵەی تووند و نامرۆییانە و پڕ سووکایەتی، لە سەنتەرەکانی بەندکردنی کاتی و بارەگاکانی لێکۆڵینەوە دابنێت. لەسەر حکومەت پێویستە هەروەها دۆخی بەندیخانە و پێگەکانی دەستبەسەرکردن چاک بکات، بەشێوەیەک لەگەڵ بنەما سەرەتایی و سەرەکییەکانی پاکوخاوێنی کەسەکاندا بگونجێت، هەروەها چاودێری تەندروستی و خۆراک دابین بکات، لەگەڵ ئاوی خاوێن و جلوبەرگ و رووبەری پێویستی ناو ژوورەکان، رووناکی و گەرمی.
 
ساڵی 2014، 'لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبارەی مافەکانی مرۆڤ لە کۆریای باکوور' سەر بە'نەتەوە یەکگرتووەکان'، بۆی دەرکەوت، پێشێلکارییە پلانبۆداڕێژکراوەکان، بەرفراوان و چەوسێنەرانەبوون بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە حکومەتی کۆریای باکوور پەیڕەویان دەکات و ئەوە تاوانی دژە مرۆییە.
 
ئادامز، زیاتر گوتویەتی: "بەرپرسانی پێشووی وڵات، 'هیومان رایتس وۆچ'یان ئاگادارکردووەتەوە، کە مامەڵەی خراپ و زەلیلکردن، بەشێکی بنچینەیی سیستمی دادگاکانی تاوانە لە کۆریای باکوور. پێویستە حکومەتی کۆریای باکوور، رژێمەکەی لە رێوشوێنەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بهێنێتە دەرەوە، لە رێگەی داواکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی، بۆ دروستکردنی هێزێکی پۆلیسی پرۆفیشناڵانە و سیستمێکی لێکۆڵینەوەی پشتبەستوو بەبەڵگەکان، لەبری ئەشکەنجەدان بۆ دەستنیشانکردنی تاوانباران".
 
فەرمانبەرێکی کۆریای باکوور کە لە  ساڵی 2018 هەڵاتووە دەڵێت  پۆلیسی نهێنی لە بنکەیەکی گرتن و لێکۆڵینەوەدا، لە شارێکی سنووری لەگەڵ چین لە 2011 و 2012دا دەستبەسەری کردووە، پاش ئەوەی کەسێک ئەوی بەسیخوڕ ناساندووە.
 
ئەو فەرمانبەرە بە 'هیومان رایتس وۆچ'ی راگەیاندووە: "خستیانمە ناو ژوورێکی بەندکردنی چاوەڕوانییەوە، بچووک بوو، خۆم بەتەنیا بووم، دواتر سەرۆکی بەشی پۆلیسی نهێنی شارەکە هات، لەگەڵ بەرپرسی کاروباری سیاسی حیزب و لێکۆڵەرێک. کارەکەیان زۆر لێقورسکردم، بەڵام من نەمزانی بۆچی، بۆ ماوەی 30 خولەک بەردەوام لێیاندام، بە پۆستاڵەکانیان تێیانهەڵدام، دواتر تێربۆکسیان کردم و هەموو لەشمیان بە لێدان کوتا".
 
ئەو فەرمانبەرە بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەکانی و دەڵێت: "رۆژی دواتر، گواستیانمەوە بۆ ژوورێکی دیکە، لەوێ لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەستیپێکرد. پرسینەوەکە هیچ پرۆتۆکۆل و رێوشوێنێکی تێدا نەبوو. دەستیانکرد بەلێدانم.. لەپێشدا لێکۆڵەرەکە لێیدام، هاوارمکرد "بۆچی؟ بۆچی؟ بۆچی؟". بەڵام وەڵامم دەستنەکەوت.. لێکۆڵینەوە بەردەوام بوو. دواتر زانیم تۆمەتبارم بەوەی سیخوڕبم.. ئەوان بۆ ماوەی مانگێک بەپۆستاڵەکانیان، بە بۆکس، یاخود بە تێلایەکی زبر لە هەموو لەشمیان دەدا، بەڵام کاتێک بەشی زۆرینەی دانپێدانانەکەم ئامادەکرا، ئیدی لێدانەکان سووکتر بوون.
 
فەرمانبەرەکە زیاتر دەڵێ ئەوکات زستان بوو، بەڵام گەرمکردنەوە نەبوو، تەنیا یەک زۆپای داری بچووک نەبێت، کە راستەوخۆ لەبەردەمماندا بوو لە نزیک بەندیوانەکەوە. کەشەکە زۆر سارد بوو، کەس نەیدەزانی لە کوێین. لەبەرئەوە نەمدەتوانی هیچ شتێک لەدەرەوە بەدەستبهێنم. سەرماکە تاقەتپڕوکێن بوو، بەڵام کێچ و زیندەوەرە گازگرەکان یەکجار زۆر بوون، ئەوان هێندەی دیکە کێشەکەیان قورسکردبوو.
 
داربڕەکە و چیرۆکی بەندکراوە جووڵاوەکان
 
داربڕێکی پێشوو کە لە ساڵی 2014دا هەڵهاتووە، پاش ئەوەی دووجار پۆلیس لە 2010دا بەتۆمەتی قاچاخچیەتی دەستگیریکردووە و لە 2014دا براوەتەوە بەندیخانە، بەسەرهاتەکانی خۆی بەمشێوەیە گێڕاوەتەوە..
 
هەموو رۆژێک تۆقێنەر بوو، زۆر ئازاربەخش بوو، باسناکرێت، زۆرجار بەهۆی بێتوانایی لە جووڵە، خەریک بوو ئیفلیج دەبووین، زۆرجار ئەگەر من یان بەندییەکی دیکە بجووڵایەتەوە، بەندیوانەکان فەرمانیاندەکرد کە دەبێ هەموو بەندییەکان، دەستیان لەسەر زەویی ژووری زیندانەکە لە شیشەکانەوە بهێننە دەرەوە، دواتر ئەوان لەودیوی شیشەکانەوە، چەندینجار بە پۆستاڵەکانیان بەسەر دەستەکانماندا دەڕۆیشتن و دەهاتن، ئەگەر ئەوەیان بەدڵ نەبووایە، بەپۆستاڵەکان شەقیان لە دەستمان دەدا. رێگەی جووڵەیان پێنەدەداین، ئەگەر بەقسەمان نەکردنایە، یان بێجووڵەییەکەی ئێمەیان بەدڵ نەبووایە، لێیاندەداین.
 
ئەو ئافرەتانەی دەبوو خۆیان کەرەستەکانیان دابین بکەن
 
ئافرەتێکی بازرگانی کە ساڵی 2017 لە کۆریای باکوور هەڵهاتووە، پۆلیس دووجار لە سانچۆن لە هەرێمی بیۆگانی باشوور، لەسەرەتاکانی 2010 دا  بەهۆی فرۆشتنەوەی کەلوپەلی قەدەخەوە دەستگیریکردووە، هەروەها لە 2016دا بەهۆی دەمەقاڵەی لەگەڵ ئەندامێکی حیزبدا دەستگیرکراوەتەوە.
 
ئەو ئافرەتە دەڵێت: "ماڵی دەستبەسەرکراوەکان تاکە سەرچاوەی کەلوپەلی گەرماو بوو بۆ هەموو گیراوەکان. پۆلیس لەگەڵ دەستگیرکردنی هەر کەسێکدا ئەوەی بەکەسوکاری گیراوەکە دەگوت، بەرپرس یان لێکۆڵەرێکی بەندیخانەکە، دەچووە ماڵەکان و پێویستییەکانی وەک سابوون، یان دەرمانی دان، یان فڵچەی دان و خاولی و دەستەسڕی دەهێنا. بەندیوانەکان، کلکی فڵچەی دانەکانیان دەشکاند و تەنیا سەرەکەیان دەهێشتەوە، (بۆ رێگری لە بەکارهێنانی وەک کەرەستەیەکی خۆکوشتن)، ئەوانەی ماڵباتیان نەبوو، کەرەستەی پاکوخاوێنییان پێ پەیدا نەدەبوو، ناچاربوون کەلوپەلی بەندییەکانی دیکە بەکاربهێنن.
 
ئافرەتەکە درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدات و دەڵێت: "هەموومان یەک دۆخی هاوتامان هەبوو، ئێمەی ئافرەتان کەلوپەلەکانی یەکدیمان بەکاردەهێنا، بەڵام پیاوەکان وا نەبوون. ئەو کەسانەی ماڵباتیان نەبوو، مەینەتییان زیاتر بوو و کێچ کەوڵیکردبوون. ساڵی 2016 لە ماوەی دووەم گرتنمدا، دەمتوانی داوا لە پۆلیسی بەرپرسی ژوورەکەم بکەم سانتیی سووڕی مانگانەم بۆ دابین بکات، ئەو خۆی دەچووە بازاڕ و بۆی دەکڕیم، پارەشیان لێوەرنەدەگرتین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.