ڤلادیمیر پووتین باس لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات
رووداو-هەولێر
سەرۆککۆماری رووسیا دەڵێت، داعش لە چەند شوێنێکی سووریا ماوە و لەم رۆژانەی دواییشدا پێگەی خۆی بەهێزتر کردووە. گوتیشی، تەنیا کاتێک چەکی ئەتۆمی بەکار دەهێنین کە هێرشی مووشەکی بکرێتە سەر رووسیا.
ڤلادیمیر پووتین لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندێکی تایبەت بە سیاسەتی نێودەوڵەتی لە سۆچی گوتی: "چەند رۆژێک پێش ئێستا چەکدارانی داعش نزیکەی 700 کەسیان بە بارمتە گرتوون و لە بەرامبەر ئازادکردنیشیاندا ژمارەیەک داواکارییان هەن".
سەرۆککۆماری رووسیا گوتی" ئەگەر چەکدارانی داعش داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێن ئەو کاتە رۆژانە 10 کەس لەو بارمتانە دەکوژن و رۆژی سێشەممەش ئەو کارەیان ئەنجامداوە".
پووتین دەربارەی چەندین بابەتی دیکەش قسەی کرد، لەوانەش ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، دیارنەمانی جەمال خاشقچی، ئاگربەستی ئیدلب و، کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکادا.
دەربارەی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن رووسیاوە، ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی تەنیا کاتێک ئامادەیە ئەو جۆرە چەکە بەکاربهێنێت کە هێرشی مووشەکی بکرێتە سەر رووسیا.
سەرۆککۆماری رووسیا دەربارەی دیارنەمانی خاشقچیش قسەیکرد و گوتی"مۆسکۆ چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانە و دوای ئەوە بڕیار دەدات کە دەبێت چ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە سعودیە هەبێت".
پووتین تیشکی خستەسەر کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و بە ئەرێنی باسیکردن و رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت ئەو پەیوەندییانە باشتر بکات.
سەرۆککۆماری رووسیا دەستخۆشی لە هەوڵەکانی تورکیاش کرد بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی چەکداماڵدراو لە چەک و چەکدار لە پارێزگای ئیدلبی سووریا و گوتی، دڵنیاین تورکیا تەواوی هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆئەوەی بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێن.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان