رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی داواکاری گشتیی تایوان رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەبارەی کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆ کردووە، کە بە دروستکەری ئەو پەیجەرانە دادەندرێت. ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە لە چەند شارێکی لوبنان ئەو ئامێرە بێتەلانە تەقینەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئەیلوولی 2024، نووسینگەی داواکاری گشتیی لوبنان رایگەیاند: "داوامان لە نووسینگەی ئاسایشی نیشتیمانی کرد، کە لێکۆڵینەوە لە دوو شایەتحاڵ بکەن و چوار ناوچەش بپشکنن." ئەمە بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆ بووە، کۆمپانیاکە بە دروستکەری ئەو پەیجەرانە دادەنرێت، کە رۆژی سێشەممە لە چەند شارێکی لوبنان تەقینەوە و بوونە هۆی کوژرانی 12 کەس و برینداربوونی دوو هەزار و 800 کەس.
نووسینگەی داواکاری گشتیی تایوان لە راگەیێندراوەکەیدا ناوی ئەو کەسانەی ئاشکرانەکرد، کە گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوان هاوئاهەنگ بوون بە پێدانی زانیاری و بەڵگەی پێویست." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکە بەردەوامە.
دوای تەقینەوەکانی رۆژی سێشەممەی لوبنان، کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆی تایوانی بە دروستکەری پەیجەرەکان تۆمەتبارکرا، بەڵام بەرپرسانی کۆمپانیاکە رەتیانکردەوە لەلایەن ئەوانەوە دروستکرابن. بە گوێرەی بەرپرسانی کۆمپانیاکە، ئەو پەیجەرانە لەلایەن کۆمپانیای بی ئەی سی هەنگارییەوە دروستکراون و بۆ لوبنان نێردراون، بەڵام حکومەتی هەنگاریا رەتیکردەوە ئەو کۆمپانیایە هیچ کارگەیەکی لە هەنگاریا هەبێت.
لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە کە جەنگی ئیسرائیل و غەززە دەستیپێکرد، وەکو پشتگیرییەک بۆ کەرتەکە، حیزبوڵـڵای لوبنان دەستی بە مووشەکبارانکردنی باکووری ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش باشووری لوبنان بۆردوومان دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ