32 کۆچبەر کە زۆرینەیان کوردن لە تونس ئازاد کران

19-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

32 کۆچبەر کە زۆرینەیان هاونیشتمانى هەرێمى کوردستانن لە تونس ئازاد کران، دواى ئەوەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئەو وڵاتەوە دەستگیر کرابوون، 14 کۆچبەرى دیکەیان کە بەندکراون، چاوەڕێى بڕیارى داواکارى گشتى ئەو وڵاتەن. 
 
موسەننا ئەمین، ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە رێگەى پەیوەندیکردن بە باڵیۆزخانەى عێراق لە تونس ئەوەى زانیووە کە 32 کۆچبەر کە زۆرینەیان هاونیشتمانى هەرێمى کوردستانن ئازاد کراون، کە لە ناوچەى سوسە لەو وڵاتە دەستگیر کرابوون.
 
موسەننا ئەمین گوتى: "باڵیۆزخانە کارى بۆ ئازادکردنى ئەو کۆچبەرانە کردووە و لە بنکەى پۆلیس بەند کرابوون و نەیهێشتبوو بگەنە ئەوەى دادگایی بکرێن، بڕیارە هەموویان دیپۆرت بکرێنەوەو هەندێکیان پاسپۆرتەکانیان لە دەستداوە و پاسپۆرتى کاتییان بۆ دروست دەکرێت و ئەوانەى دیکە چاوەڕێى ئەوەن تکتى گەڕانەوەى فڕۆکەیان بۆ دابین بکرێت".
 
14 کۆچبەرى دیکە کە هاونیشتمانى هەرێمى کوردستانن، زیاتر لە مانگێکە لە تونس بەند کراون و چەند جارێک براونەتە بەردەم دادگە.
 
موسەننا ئەمین رایگەیاند، ئەو 14 کۆچبەرە چاوەڕێى هەڵوێستى داواکارى گشتى تونسن و ئەگەر هیچ تۆمەتێکیان ئاڕاستە نەکات ئەوانیش ئازاد دەکرێن و دیپۆرت دەکرێتەوە، ئەگەر دادگاییش بکرێن سزاى مانگێک بەندکردن دەدرێن و خۆیان زیاتر لە مانگێکە بەندکراون بۆیە ئازاد دەکرێن".
 
لە 15ى حوزەیرانى ئەم ساڵ، وەزارەتى دەرەوەى تونس بڕیاری دا ڤیزە لەسەر گەشتى هاووڵاتییانى عێراق بۆ وڵاتەکەى هەڵبگرێت، بەو مەرجەى گەشتیارەکە لە 15 رۆژ زیاتر نەمێنێتەوە. لە ماوەى 180 رۆژدا یەک جار بۆى هەیە ڤیزەى خۆڕایی وەربگرێت، پێشتر هۆتێلى گرتبێت و تکتى گەڕانەوەی فڕۆکەشی بڕیبێت.
 
ئەندامەکەى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق گوتى: "لە فڕۆکەخانەى تونس خێزانێکى چوار کەسی کورد بە مافى مانەوەى ساختەى ئیسپانیاوە دەستگیرکراون و لە رێگەى باڵیۆزخانەوە ئازاد کراون و دیپۆرتى عێراق کراونەتەوە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە