بەریتانیا 100 ملیۆن دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەکان تەرخان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی و وشککردنی سەرچاوەی چوونی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەیان، بڕی 75 ملیۆن پاوەندیان تەرخان کردووە کە دەکاتە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار.
رۆژی چوارشەممە، یوڤێتی کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ستراتیژیەتی نوێی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران خستەڕوو، رایگەیاند، حکومەتی بەریتانیا بڕی 75 ملیۆن پاوەندی تەرخانکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوە و لەنێوبردنی تۆڕەکانی قاچاخچێتی، هەروەها بۆ جێگیرکردنی تەکنەلۆژیا و کامێرای پێشکەوتوو لەسەر سنوورەکان.
ئەو بڕیارە نوێیەی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، لە کاتێکدایە کە تەنیا لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەی رابردوو، زیاتر لە هەزار کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە نێو بەریتانیاوە. هاوکات بەلەمێکی کۆچبەرانیش تێکشکا و هەشت کەس گیانیان لەدەستدا کە خەڵکی هەرێمی کوردستانیشی تێدا بوو.
لەوبارەیەوە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، "باندە تاوانکارەکان خۆیان دەرباز دەکەن لەو کارانەی دەیکەن کە بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە ئاسایشی سنوورەکان و گیانی خەڵکی سڤیلیشیان خستووەتە مەترسییەوە."
هەروەها ئەو وەزیرە بەریتانییە ئاشکراشی کرد، ئەو بڕە پارەیە لەو پارەیە تەرخان دەکرێت کە حکومەتی پێشووی بەریتانیا دایناوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی لەگەڵ رواندا تاوەکو کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رەوانە بکات، بەڵام لەدوای هاتنەسەر دەسەڵاتی پارتی کار، پلانی رواندای پارتی پارێزگارانی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، بەو پارەیە سنوورەکان تووندوتۆڵ دەکات، هەروەها فەرماندەییەکی تایبەتی سنووریی پێکدەهێنێت تاوەکو رووبەڕووی باندەکانی قاچاخ ببنەوە.
لەگەڵ ئەوەش دا، حکومەتی نوێی بەریتانیا نزیکەی 100 ئەفسەری زیاتر بۆ ئەو فەرماندەییە دادەنێت بەمەبەستی گەڕان و پشکنین بۆ ئاشکرابوون و لەنێوبردنی تۆڕەکانی قاچاخچیەتی.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە ماوەی نۆ مانگی ئەم ساڵدا، 23،500 کۆچبەر لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە روویان لە بەریتانیا کردووە. ئەوە بێجگە لەوەی لە سەرەتای ساڵەوە 46 کۆچبەر لە رێگەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە.