سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە "کەرتبوونە مەزنەکەی" جیهان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە ئەگەری دروستبوونی "کەرتبوونە مەزنەکەی" جیهان دەدات و دەڵێت، پێکهاتەی حوکمڕانیی جیهان شکستی هێناوە لە خزمەتکردنی ئەو جیهانەی بەردەوام لە گۆڕاندایە. دەشڵێت، ئەو دابەشبوونەی ئێستا هەیە لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمەوە نەبینراوە.
رۆژی سێشەممە، 19ی ئەیلوولی 2023، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتاری دەستپێکی 78مین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک داوای چاکسازی لە هەندێ دەزگە نێودەوڵەتییە گەورەکانی وەکو ئەنجوومەنی ئاسایش و سیستمی دارایی جیهان کرد تاوەکو بتوانن رووبەڕووی کێشە نێودەوڵەتییەکان ببنەوە.
گۆتێرێز گوتی "جێگرەوەی چاکسازیی ئەو دۆخەی ئێستا نییە... ئێمە لە هەموو کات زیاتر نزیکبووینەتەوە لە کەرتبوونی مەزنی ئابووری، دارایی و پەیوەندییە بازرگانییەکان."
هەروەها سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سەرکردایەتیی جیهان بەهۆی جەنگ، ناکۆکییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و مەترسیی ژیریی دەستکرد زیاتر پارچە پارچە بوون و داواشی لێکردن هەوڵەکانیان بە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی جیهان یەکبگرن و ئاسایشی جیهان لە مەترسییەکان بپارێزن.
گۆتێرێز دەڵێت، "جیهانەکەمان زیاتر تێکچووە، تەنگەژە جیۆسیاسییەکان زیاتربوون و ئاڵنگارییە جیهانییەکانیش فراوان بوون، پێشدەچێت نەتوانین پێکەوە رووبەڕوویان ببینەوە."
بەشێکی زۆری گوتارەکەی گۆتێرێز لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی بوون و داوای لە وڵاتانی دەوڵەمەند کرد بەڵێنەکانیان بەجێبگەیەنن و هاوکاریی دارایی وڵاتانی هەژار بکەن تاوەکو بتوانن رووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێک باسی مەترسییەکانی کەشوهەوای کرد و نموونەی لافاوەکەی ئەم هەفتەیەی لیبیای هێنایەوە، رایگەیاند، ئەو لافاوە دیمەن خامناکەکەی دۆخی ئێستای جیهانی سەلماند، "بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا کە قوربانیی چەندین ساڵەی ناکۆکی سیاسیی و کارەساتە سرووشتییەکان بوون. سەرکردە نزیک و دوورەکانی ئەو رووداوە بۆ چەندین ساڵ، نەیانتوانی ئاشتی بۆ ئەو خەڵکە بگەڕێننەوە."
لەکاتی گوتارەکەیدا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکڤانانی بواری پاراستنی کەشوهەوا و ژینگە لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆپێشاندانیان کرد و داوایان لە وڵاتانی جیهان کرد بە کردەوە رووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە، سەبارەت بەو خۆپێشاندەرانە، گۆتێرێز رایگەیاند، "دەمەوێت ئەوە بزانن ئێوە لەسەر رێگە راستەکەی مێژوون و منیش لەگەڵتانم."
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگی ئۆکراینا و درێژەکێشانی ململانێکانی نێوان وڵاتانی زلهێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "ئێستا ئێمە لەنێو ئاستێکی دابەشبوونداین کە لەنێو وڵاتانی زلهێزدا هەیە، ئەو دابەشبوونە لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمەوە نەبینراوە."
بەشێک لە قسەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز:
بەڕێزان، جیهانەکەمان بەرەو تێکچوون دەچێت. ئاڵۆزییە جیۆسیاسیییەکان زیاتر دەبن، ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکان فراوانتر دەبن و ئێمەش پێدەچێت نەتوانین پێکەوە رووبەڕوویان ببینەوە. ئێمە دووچاری کۆمەڵێک مەترسی بووینەتەوە کە هەڕەشە لە بوونمان دەکات؛ هەڕەشەکان لە قەیرانی کەشوهەوا خۆی دەگرێتەوە تاوەکو تەکنەلۆژیا تێکدەرەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بە قۆناخێکی راگوزەری ئاژاوەدا تێدەپەڕین. لە زۆربەی کاتی سەردەمی جەنگی ساردا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان زیاتر لە روانگەی دوو وڵاتی زلهێزەوە دەبینران. دواتر ماوەیەکی کەمی یەک جەمسەریی هاتە ئاراوە، بەڵام ئێمە بەشێوەیەکی خێرا بەرەو جیهانێکی فرەجەمسەریی هەنگاو دەنێین. ئەمەش لەزۆر رووەوە ئەرێنییە، لەبەرئەوەی دەرفەتی نوێ دێنێتە ئاراوە بۆ دادپەروەری و هاوسەنگی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.