خاچی سووری ئیتاڵیا بۆ رووداو: ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە لامپێدووسا بۆ دوورگەکانی دیکەی ئیتاڵیا دەگوازرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەشی کۆچبەری لە رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا دەڵێت، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی لە چەند رۆژی رابردوودا چوونەتە دوورگەی لامپێدووسای ئیتاڵیا، خەڵکی وڵاتانی ئەفریقان و بەهۆی خراپی دۆخی وڵاتەکانیانەوە رێگەی کۆچیان گرتوەتەبەر.
رۆژی سێشەممە، 19ی ئەیلوولی 2023، فرانچیسکا باسیلا، بەرپرسی بەشی کۆچبەری لە رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ دوورگەی لامپێدووسای ئیتاڵیا، باسی لە دۆخی کۆچبەران لەو دوورگەیە کرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 12 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەوێ، ئەوە لەکاتێکدایە ژمارەی دانیشتووانی دوورگەکە نزیکەی حەوت هەزار کەسە.
فرانچیسکا باسیلا بە زنار شینۆی گوت، "لێرە زیاتر لە دوو هەزار کەس لەنێو سەنتەری حەواندنەوەی کۆچبەرانن. ئەو کەسانە دەگوازرێنەوە دوورگەکانی دیکەی ئیتاڵیا. لە هەمان کاتدا، خەڵکی دیکەش دەگەنە دوورگەکە؛ کۆچبەری نوێ دێن".
بەرپرسی بەشی کۆچبەری لە رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا گوتی، رێکخراوەکەیان پێداویستیە سەرەتاییەکانی بۆ کۆچبەرە تازە گەیشتووەکان دابین کردووە و دەڵێت، "وەک خاچی سووری ئیتاڵی، هەموو رێکارە فریاگوزارییە سەرەتاییەکانمان جێبەجێکردوون تاوەکو دڵنیا بین لەوەی هاوکاریی سەرەتایی بۆ ئەو خەڵکە دابین بکەین. هەر کۆچبەرێک هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانی بۆ دابین دەکرێت، وەک خۆراک، پێداویستی خاوێنکردنەوە، جلوبەرگ و هاوکاری تەندروستی".
لامپێدووسا، نزیکترین خاڵی سنووری ئەوروپایە لەگەڵ تونس و لیبیا کە نزیکەی 140 کیلۆمەتر لە تونسەوە دوورە.
بەگوێرەی ئاماری بەرپرسانی ئیتاڵیا، لەسەرەتای ساڵەوە زیاتر لە 126 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە رێگەی دەریاوە چوونەتە ئەو وڵاتە، ئەوە لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو ژمارەکە نزیکەی 105 هەزار کەس بوو.
بەهۆی زۆربوونی گوشارەکانی سەر حکومەتی ئیتاڵیا، رۆژی 17ی ئەیلوول، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، داوای هاوکاری بەپەلەی لە یەکێتی ئەوروپا کرد و پێشنیازی رەوانەکردنی هێزێکی دەریایی هاوبەشی ئەوروپای بۆ کەناراوەکانی ئیتاڵیا کرد تاوەکو کۆنترۆڵی شەپۆلی کۆچبەران بکەن.
بەرپرسی بەشی کۆچبەری لە رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا رایگەیاند، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی ئەمساڵ چوونەتە ئیتاڵیا خەڵکی ئەفریقان، لەوانەش وڵاتانی بۆرکینا فاسۆ، گینیا، کۆتدیڤوار، مالی، بەڵام "خەڵکیش هەن لە وڵاتانی وەک ئەریتریا، تونس و سوودان و زۆر شوێنی دیکەشەوە هاتوون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دۆخەکە نالەبارە و خەڵک هەڵدێت".
بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر لە رێگەی چوونیان بۆ ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فرانچیسکا باسیلا، بەرپرسی بەشی کۆچبەری لە رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا
رووداو: بەڕێز فرانجیسکا زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونت لەگەڵمان، ئێستا رەوشی ناوەندەکانی پێشوازیکردن لە کۆچبەران لە لامپێدووسا چۆنە؟
فرانچیسکا باسیلا: لێرە ئەمڕۆ زیاتر لە دوو هەزار کەس لەنێو سەنتەری کۆچبەرانن و پڕۆسەی گواستنەوەی ئەو کەسانەی لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتوون بەردەوامە. ئەو کەسانە بە پاس دەگوازرێنەوە و دواتریش بە بەلەم دەگوازرێنەوە دوورگەکانی دیکەی ئیتاڵیا. لە هەمان کاتدا، خەڵکی دیکەش بەردەوام دەگەنە دوورگەکە و کۆچبەری نوێ دێن.
رووداو: ئایا ناوەندەکان جێی ئەو ژمارە زۆرەی پەناخوازانی تێدا دەبێتەوە؟
فرانچیسکا باسیلا: راستییەکەی لەم شەپۆلە نوێیەی هاتنی کۆچبەران، وەک خاچی سووری ئیتاڵی، هەموو رێکارە فریاگوزارییە سەرەتاییەکانمان جێبەجێکردوون تاوەکو دڵنیا بین لەوەی هاوکاریی سەرەتایی بۆ ئەو خەڵکە دابین دەکرێت. بەگوێرەی ئەو بەرنامەیە، هەر کۆچبەرێک هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانی بۆ دابین دەکرێت، وەک خۆراک، پێداویستی خاوێنکردنەوە، جلوبەرگ، هاوکاری تەندروستی، سەرەڕای ئەوەی ژمارەکە زۆر زیاترە لە کاتە ئاساییەکان.
رووداو: تۆ وەکو بەرپرسی یەکەی کۆچبەری لە رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا، ئێستا دۆخەکە چۆنە سەبارەت بە گەیشتنی کۆچبەران نەک تەنیا بۆ لامپێدووسا، بەڵکو بۆ ناوچەکانی دیکەی ئیتاڵیا؟
فرانچیسکا باسیلا: راستییەکەی، رێگەی لامپێدووسا، یەکەم وێستگەی گەیشتنی کۆچبەرانە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک دوورگەی دیکەش هەن کە کۆچبەران روویان تێکردووە. بەڵام ئەم دوورگەیە، وێستگەی سەرەکی گەیشتنە بۆ زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی دەچنە ئیتاڵیا.
رووداو: ئایا هیچ ئامارێکتان لایە کە لەسەرەتایی ئەمساڵەوە چەند کەس گەیشتوونەتە ئیتاڵیا؟ چونکە ئێستا دیبەتێکی زۆر لەنێو بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا هەیە لەبارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەسەر پرسی کۆچبەران؟
فرانچیسکا باسیلا: ئێمە بینیومانە زیاتر لە 100 هەزار کۆچبەر ئەمساڵ روویان لە ئیتاڵیا کردووە. ئەوەشی دەیبینین، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی هاتنی کۆچبەرانە و ئەو لێشاوەی هەفتەی رابردووش بینیمان بەشێکە لەو بەرزبوونەوەیە.
رووداو: ئایا دەزانن ئەو خەڵکە لە چی وڵاتێکەوە دێن؟ نەک تەنیا لە تونسەوە دێن و ئەوانە خەڵکی چی وڵاتێکن؟
فرانچیسکا باسیلا: راستییەکەی زۆربەیان خەڵکی ئەفریقان و زۆربەشیان خەڵکی وڵاتانی بۆرکینا فاسۆ، گینیا، کۆتدیڤوار، مالین، بەڵام خەڵکیش هەن لە وڵاتانی وەکو ئەریتریا، تونس و سوودانەوە هاتوون؛ زۆر شوێنی دیکەش هەن کە دۆخەکە تێیاندا نالەبارە و خەڵک هەڵدێن.