بایدن لە نەتەوە یەکگرتووەکان: هەرگیز نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت

19-09-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا گوتارێکی لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پێشكێش کرد، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئێران دووپاتکردەوە و رایگەیاند، واشنتن هەرگیز رێگەنادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
 
رۆژی سێشەممە، 19ی ئەیلوولی 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکدا لەبەردەم نوێنەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە ناکۆکییەکانی جیهان کرد کە بوونەتە هۆی دروستکردنی ناسەقامگیریی زیاتر لەسەر ئاسایشی جیهان. لەوێ جارێکی دیکەش هێرشی کردە سەر رووسیا کە بەهۆی کشانەوە و هەڵپەساردنی سەرجەم رێککەتنامەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی چەکە قورس و کۆمەڵکوژییەکان، ئاسایشی جیهانیان رووبەڕووی مەترسیی نوێکردووەتەوە.
 
لەوبارەیەوە، بایدن گوتی "لە دوای زیاتر لە 50 ساڵ پێشەڤەچوون و پەیمانی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی، رووسیا دەستیکردووە بە دڕاندنی رێککەوتنە لەمێژینەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک، لەنێویشیان هەڵپەساردنی رێککەوتننامەی نیوستارت و کشانەوەی لە رێککەوتننامەی هێزە چەکدارەکانی ئەوروپا. من بە بڕیارێکی نابەرپرسیارانە دەیبینم و سەلامەتیی جیهانیش کەمتر دەکاتەوە."
 
لەو گوتارەیەدا کە نزیکەی 30 خولەک بوو، بایدن باسی لە هەڕەشە و سوودەکانی ژیریی دەستکرد کرد و رایگەیاند، حکومەتی ئەمریکا بەنیازە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کار بکات تاوەکو ژیریی دەستکرد لەدەست دەرنەچێ و گوتیشی، "تەکنەلۆژیا نوێیەکانی وەکو ژیریی دەستکرد، توانایەکی زۆری شاراوەیان هەیە، بەڵام مەترسیشیان هەیە. دەبێ دڵنیا بین لەوەی ئەو ئامێر و تەکنەلۆژیایانە وەکو دەرفەت بەکاربهێنرێن، نەک وەک چەکی سەرکوتکاری. ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە جیهان کار دەکەین تاوەکو دڵنیابین لەوەی ئەو تەلنەلۆژیایانە سەلامەتن، پێش ئەوەی بخرێنە بەردەست خەڵک، تاوەکو دڵنیا بین لەوەی ئێمەین ئەو تەکنەلۆژیایانە بەڕێوە دەبەین و کۆنترۆڵ دەکەین، نەک بەپێچەوانە". 
 
رۆژی 18ـی ئەیلوول، ئەمریکا و ئێران، رێککەوتنی نێوانیان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ژمارەیەک لە زیندانیان و هەروەها ئازادکردنی شەش ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە جێبەجێکرد، بەڵام سەرەڕای ئەو رێککەوتنە، بایدن جارێکی دیکە هەڵوێستە تووندەکەی ئیدارەکەی بەرامبەر بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ تاوتوێکردنی چالاکییەکانی ئێران کە ناسەقامگیریی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش دروست کردووە. سووریشین لە پابەندییمان کە هەرگیز نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت."
 
لە درێژەی گوتارەکەیدا، بایدن داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگە 19 مانگییەکەی ئۆکراینا. ئەو بەشەی بۆ باسی ئۆکراینا لە گوتارەکەیدا تەرخانی کردبوو، کەم بوو، بەڵام بە روونی رایگەیاند، ئەوان پاڵپشتیی ئۆکراینا دەکەن. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ویستی وڵاتەکەی بۆ پاککردنەوەی جیهان لە مەترسییەکانی چەکی کیمیاوی ئاشکرای کرد و گوتیشی "ئەمساڵ، ئێمە دوایین پاشماوەی چەکی کیمیاویمان لەنێو کۆگاکان لەنێوبرد و پابەندییەکانی خۆمان بەرامبەر بە جیهان بۆ پاککردنەوەی جیهان لە چەکی کیمیاوی، بەجێگەیاند."
 
کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژی 19 بۆ 23ی ئەیلوول لە شاری نیویۆرک بەردەوام دەبێت و بڕیاریشە زۆربەی سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان گوتاری تایبەتی لەو کۆبوونەوەیەدا پێشكێش بکەن، لەنێویاندا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا