رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا لەبەردەم وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: رووسیا، هەموو شتێکی کردووەتە ئامرازی جەنگ؛ لە خۆراکەوە تاوەکو وزە، ئێستا منداڵانی ئۆکراینیش دەڕفێنێت و کۆمەڵکوژی لەو وڵاتە دەکات.
رۆژی سێشەممە، 19ی ئەیلوولی 2023، ڤۆلۆدمێیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکیدا لە 78مین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد یەکگرتوو بن لە هاوکاریکردنیان و وڵاتانی هاوپەیمانیی ئۆکرایناشی بانگهێشت کرد تاوەکو لووتکەیەکی تایبەت بەناوی ئاشتی رێکخبەن و ئایندەی وڵاتەکەیان لەو لووتکەیە تاوتوێ بکەن.
لەوبارەیەوە، زیلینسکی بە جلوبەرگە سەربازییەکەیەوە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئێمە ئێستا سەرقاڵی رێکخستنی لووتکەیەکی ئاشتیی جیهانین، هەمووشتان بانگهێشت کراون، ئێوە هەمووتان لە دژی توندوتیژین، خۆتان بۆ لووتکەکە ئامادە بکەن."
هەروەها سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت: "ئەو منداڵانەی لەلایەن رووسیاوە دەڕفێندرێن، بەشێوەیەک پەروەردە دەکرێن کە رقیان لە ئۆکراینا ببێتەوە و تەواوی پەیوەندییەکان لەگەڵ کەسووکارییان دەپچڕێنن، ئەمەش روون و ئاشکرایە کە جینۆسایدە."
زیاتر لە 19 مانگە جەنگی ئۆکراینا دەستیپێکردووە و بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەو جەنگەوە، نزیکەی 10 هەزار کەسی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 17 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. ئەمە بێجگە لەوەی زیاتر لە شەش ملیۆن ئۆکراینی ئاوارە بوون.
زیلینسکی لە درێژەی گوتارەکەیدا، هێرشی زیاتری کردە سەر رووسیا و رایگەیاند: "رووسیا متمانەی پێناکرێت بەوەی چەکی ئەتۆمی لەبەردەست بێت. تیرۆریستان مافی ئەوەیان نییە، چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
بەو هێرشانە، وەکو زیلینسکی باسی دەکات، رووسیا دەیەوێت قەیرانی ئابووری و وزە لە جیهاندا دروست بکات و گوتی: "دەستدرێژیکەر[رووسیا] زۆر شتی کردووەتە ئامرازی جەنگ، ئەمانەش تەنیا لە دژی وڵاتەکەمان بەکارناهێنێت، بەڵکو لەدژی هەمووتان بەکاریدەهێنێت."
بڕیاریشە رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئەیلوول، زیلینسکی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بێت و لەوێش گوتارێک پێشکێش بکات و لەبەرامبەریشدا، رۆژی شەممە، 23ـی ئەیلوول رووسیا وەڵامی ئەو "تۆمەتانە" دەداتەوە و سێرگی لاڤرۆڤ لە بەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتاری رووسیا پێشکێش دەکات.
زیلینکسی کە لەساڵی 2019ـوە سەرۆکی ئۆکراینایە و ئێستا بە سەرکردەیەکی جەنگی ناسراوە، لە کۆتایی گوتارەکەیدا، هێرشی کردە سەر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رایگەیاند "نابێت متمانە بە پووتین بکەن. نابێت متمانە بە شەیتان بکەن، تەنیا دەتوانن پرسیار لە پریگۆژین بکەن."
لە 24ـی ئابی 2023، بەرپرسانی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، لەسەرەتای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە 24ـی شوباتی 2022، نزیکەی 500 هەزار سەربازی رووسی و ئۆکراینی لەو شەڕەدا کوژراون و برینداربوون، لەنێویاندا 120 هەزار سەربازی رووسی و نزیکەی 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ