سێ کۆنگرێسمان بۆ بایدن: کۆتایی بە مامەڵەی قبووڵنەکراوی عێراقییە نزیکەکانی ئێران بەرامبەر هەرێمی کوردستان بهێنە

رووداو دیجیتاڵ

سێ ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا داوا لە سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن هەوڵبدات کۆتایی بە "مامەڵەی قبووڵنەکراوی'' ئەو لایەنە عێراقییانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بهێنێت، کە نزیکن لە ئێران.
 
نامەکە لە رۆژی 18-9-2023 بە واژۆی مایکل مەککۆڵ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، جۆ ویڵسن، جێگری سەرۆکی لیژنەکە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و مایکڵ واڵیتز، ئەندامی لیژنەکە، ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کراوە.
 
ئەو سێ کۆنگرێسمانە داوا لە ئیدارەی بایدن دەکەن، هەوڵبدات بۆ کۆتاییهێنان بە مامەڵەی قبووڵنەکراوی لایەنە نزیکەکانی ئێران لە عێراق لە بەرامبەر کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
 
ئەوان لە نامەکەدا بە بایدنیان گوتووە "ئێوە بە باشی ئاگاداری رۆڵی ئەمریکان لە پشتگیریکردنی گەلی عێراق لە نووسینەوەی دەستوور لە ساڵی 2005 کە لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە، ناوچەی نیمچە ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان دامەزرا؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە پڕمتمانەترین هاوبەشەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاری لەگەڵ ئێمەدا کردووە، بەڵام دەبینین ئێستا لە رووی ئابوورییەوە خنکێندراوە و لە رووی سیاسی و یاساییشەوە لەژێر گوشاردایە، لەنێویاندا وەک دەگوترێت ئەو گوشارانەی فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کردوونی، ئەوە سەرباری هەڕەشە سەربازییەکانی ئێران و لایەنە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران لە بەغدا."
 
لە درێژەی نامەکەیاندا، سێ کۆنگرێسمانەکە ئاماژەیان بە دوایین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە بە پێدانی 2.1 ترلیۆن دینار وەک قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و، بە هەنگاوێكی دڵخۆشکەرانە ناویان بردووە بۆ "پێدانی مووچەی کارمەندان و خەرجییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ."
 
ئەو ئەندامانەی لیژنەی دەرەوەی کۆنگرێس، ئاماژە بە کاریگەریی گەورەی داخستنی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهانی تورکیا دەکەن و بە "بێبەشکردنی هەرێمی کوردستان لە بەشێكی گرنگ و بەرچاوی داهاتەکەی" ناویان بردووە.
 
سێ کۆنگرێسمانەکە دەڵێن "داخستنی هەناردەکردنی نەوتەکە لە کاتێکدایە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەتەوە. ئێرانیش سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، توانیویەتی خۆی لەو سزایانە بدزێتەوە و دەستی بە هەناردەکردنی نەوتەکەی کردووەتەوە."
 
ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە نامەیەکی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایان بیری بایدن خستووەتەوە، کە لە 15ـی ئابی ئەمساڵ باسی گرنگی بۆڕی "نەوتی عێراق-تورکیا"ـی کردبوو بەوەی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ بەغدا، ئەنقەرە و هەولێر تێکەڵی گفتوگۆکان بووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، لەو نامەیەدا بلینکن جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبووەوە، کە بە " بەردی بناخەی" پەیوەندیی فراوانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق ناوی بردبوو.
 
هەروەها لە نامەکەیاندا ئاماژەیان بە نامەیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە کە لە رۆژی 3ـی ئەیلوولی ئەمساڵ ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکای کردووە و تێیدا باسی لە قووڵتربوونی کێشەکان کردووە.
 
سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە کورتەیەک لەو نامەیەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان نووسیوەتەوە کە تێیدا هاتووە "من، ئێستا لە خاڵێکی دیکەی وەرچەرخانی مێژووییمان نامەیەکت بۆ دەنووسم، کە تێیدا نیگەرانم لە ئەگەری ئەوەی بەرەو قۆناخێكی سەخت دەڕۆین، ئێمە لە رووی ئابووری و سیاسییەوە لە بارودۆخێكی زۆر خراپداین. بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەسەڵاتم وەک سەرۆکوەزیران، نیگەرانی یەکجار قووڵم هەیە کە ئەم  هەڵمەتە شەرمەزارکەرانە دژ بە ئێمە، لەوانەیە ببێتە هۆی داڕمانی یەکەم ئەزموونی عێراقی فیدراڵی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 2003ـدا پشتیوانی لێکرد و چاوەڕێش کراوە لەو کاتەدا پشتگیری بکەن."
 
لە بەشێکی نامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا هاتووە "روونە؛ هەوڵەکانی بلینکن، وەزیری دەرەوە سەرکەوتوو نەبوون لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانەکان لە عێراق و دووبارە کردنەوەی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا."
 
مەککۆڵ، ویلسن و واڵیتز، ئەندامی لیژنەکە لە کۆتایی نامەکەیاندا داوا لە بایدن دەکەن، کە ئەمریکا پێویستی بە ستراتیژییەتێكی نوێ‌ بۆ عێراق هەیە و داواشی لێ دەکەن ئەم بابەتە لەگەڵ سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، باس بکات.