سەرۆکی پارتی مۆدێرەیت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوێد رادەسپێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی مۆدێرەیتی سوێد بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێکرا حکومەتی نوێ پێکبهێنێت. کەسی بەربژێرکراویش لەگەڵ سەرۆکی ئەو پارتانە دەستی بە دانوستاندن کردووە کە زیاتر بیروبۆچوونیان لە یەکەوە نزیکە و دەتوانرێت لە هاوپەیمانییەکدا پێکەوەبن.
رۆژی 11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سوێد بەڕێوەچوو و ئەنجامەکەی بەم جۆرە بوو: پارتی سۆسیال دیموکرات 30%ی دەنگەکان و 107 کورسیی بردەوە؛ پارتی دیموکراتەکانی سوێد 20%ی دەنگەکان و 73 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا؛ پارتی مۆدێرەیت 19%ی دەنگەکان و 68 کورسیی بردەوە؛ پارتی چەپ 6%ی دەنگەکان و 24 کورسیی بردەوە؛ پارتی سێنتەر 6%ی دەنگەکان و 24 کورسیی بەدەستهێنا؛ پارتی کریستیان دیموکرات 19 کورسی، پارتی سەوز 18ی کورسی و پارتی لیبراڵیش 16 کورسییان بەدەستهێنا.
چوار پارتە میانڕەوە مەیلەو راستەکانی سوێد پێکەوە 176 کورسییان لە 349 کورسییەکەی پەرلەمان بەدەستهێنا و هاوپەیمانیی مەیلەو چەپەکانیش پێکەوە 173 کورسییان بردەوە. دوای راگەیاندنی ئەنجامەکە، ئەندریاس نۆرلین، سەرۆکی پەرلەمانی سوێد داوای لە ئوڵف کریسترسن، سەرۆکی پارتی مۆدێرەیت کرد هەوڵبدات بۆئەوەی بزانێت دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت یاخود نا.
نۆرلین لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ تەواوی سەرکردەی پارتەکان کۆبوونەوەی هەبووە بۆئەوەی بزانێت کێ دەتوانێت هاوپەیمانێتییەکی گەورە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ پێکبهێنێت. کریسترسن رۆژی دووشەممە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نۆرلین رایگەیاند، "قسەی من بۆ سەرۆکی پەرلەمان ئەوە بوو کە هەموو شت زۆر باشە. دەمەوێت حکومەتێک پێکبهێنم کە بتوانێت یەکمان بخات، نەوەک ئەوەی دابەشمان بکات."
جیمی ئاکسن، سەرۆکی پارتی دیموکراتەکانی سوێدیش رۆژی دووشەممە 19-09-2022 و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی، "بۆچوونی من ئەوەیە کە باشتروایە سوێد حکومەتێكی هەبێت کە بەشی زۆری پارتەکانی تێدابێت، نەوەک هەموویان."
ئێستا پرسەکە ئەوەیە ئەو هاوپەیمانییە چۆن دەبێت و کام پارت لە خۆی دەگرێت کە دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، چونکە ژمارەیەک لە پارتە مەیلەو راستەکان ئامادە نین لەگەڵ دیموکراتەکانی سوێد لە هەمان هاوپەیمانیدا بن. پارتی دیموکراتەکانی سوێد لە ساڵانی هەشتاکانی سەتەی رابردوو لەلایەن راستڕەوەکانەوە دامەزرا و ئێستا بووەتە دووەم پارتی گەورەی نێو پەرلەمان. ئێستا بەهێزترین سیناریۆ ئەوەیە کە حکومەتێک پێکبهێندرێت پارتە مەیلەو راستڕەوەکان تێیدا بەهێزبن.
بەهێزبوونەوەی ئەو پارتانە لەم هەڵبژاردنەی دواییدا لە کاتێکدایە، چەند ساڵێکە تووندوتیژی لەو وڵاتە زیادیکردووە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە 237 رووداوی تەقەکردن لەو وڵاتە تۆمارکراون و لە ئەنجامدا 47 کەس کوژراون و 74 کەسی دیکەش بریندار بوون.