مەیموونێک بە مۆبایلێکی دزراو سێڵفی دەگرێت

19-09-2020
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
وێنەی مەیموونەکە کە خۆی گرتوونی
وێنەی مەیموونەکە کە خۆی گرتوونی
نیشانەکردن مالیزیا مەیموون
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی مالیزی دوای دۆزینەوەی مۆبایلەکەی بە بینینی وێنە سێڵفی مەیموونێک لەنێو مۆبایلەکەی شۆک دەبێت و دەڵێت دیارە دزەکە ئەو مەیموونە بووە.
 
محەممەد زکریدز رۆدزی شەو دەخەوێت و بەیانی کە لە خەو هەڵدەستێ مۆبایلەکەی نادۆزێتەوە. دەڵێت شەو کاتێک ویستوویەتی بخەوێت، مۆبایلەکەی لای سەری داناوە بەڵام بەیانی کە لە خەو هەڵساوە مۆبایلەکەی نەدۆزیوەتەوە.
 
دواتر لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک پۆستێکی کردووە و باسی چیرۆکێکی سەیر و سەرنجڕاکێشی کردووە و نووسیویەتی"سڵاوتان لێبێت. سوپاس بۆ خوا مۆبایلەکەم دۆزیەوە، پێدەچێت لای دزەوە نەدزرابێت، بەڵام ئەمە ئەو گومانلێکراوەیە کە هاتووەتە ناو ماڵەکەم"، ئاماژەش بۆ وێنەی مەیموونەکە لەنێو مۆبایلەکەیدا دەکات.
 

محەممەد زکریدز رۆدزی کە خوێندکاری زانکۆیە و تەمەنی 20 ساڵە لەبارەی چۆنیەتیی دۆزینەوەی مۆبایلەکەیەوە دەڵێت، بە براکەی گوتووە تەلەفوون بۆ مۆبایلەکەی بکات تاوەکو بتوانێت گوێی لە زەنگی مۆبایلەکەی بێت و لەو رێگەیەوە بتوانێ بیدۆزێتەوە چونکە باوکی پێی گوتووە، مەیموونەکانی لە دەوری ماڵەکەیان بینیوە و گومان لەوان دەکرێت. دواجار لە دارستانێکی پشت ماڵەکەیان مۆبایلەکەی دەدۆزێتەوە.
 
محەممەد هەرگیز پێشبینی رووداونی کارێکی وای نەکردبوو، دوای بینینی وێنەکان لە مۆبایلەکەی دڵنیا بووەتەوە کە ئەوەی مۆبایلەکەی بردووە مەیموونە. بەڵام دەڵێت، نازانێت چۆن مەیموونەکە هاتووەتە نێو خانووەکەی، یان چۆن مۆبایلەکەی بردووە بەڵام لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە کە چۆن توانیویەتی کامێراکەی بکاتەوە و وێنە بگرێت.
 

لە ساڵی 2011 ـەش سێڵفی مەیموونێک لە جیهاندا دەنگی دایەوە. لەکاتێکدا دەیڤید سلیتەر، فۆتۆگرافەری سرووشت لە دوورگەی سولاسی ئیندۆنیزیا خەریکی گەڕان و گرتنی وێنە بووە، مەیموونێک دەچێتە لای و بە پێکەنینەوە دەست نە دوگمەی چرکاندنی کامێراکە دادەگرێت و وێنەیەک دەگرێت.
 
بڵاوبوونەوەی وێنەکە مشتومڕی لەسەر خاوەنی وێنەکە دروستکرد، هەندێک پێیانوابوو بڵاوکردنەوەی وێنەکە ئازادە چونکە خاوەنەکەی مەیموونە و ئەو وێنەکەی گرتووە، بەڵام سلیتەر گوتبووی ئەو ستاندەکەی داناوە و کامێراکەش هی ئەو بووە. لەکۆتاییدا دادگایەکی ئەمریکا بڕیاریدا کە مەیموونەکە خاوەنی وێنەکە نییە و کۆپی رایتی بۆ ئەو ناگەڕێتەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە