نەتەوە یەکگرتووەکان: پار 280 و ئەم ساڵ 176 کارمەندی مرۆیی کوژراون

 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تووندوتیژی بەرامبەر کارمەندانی مرۆیی بۆ ئاستێکی "قبووڵنەکراو" بەرزبووەتەوە و سەرکۆنەی دەکات.
 
ساڵی 2023، بەگوێرەی رێکخراوەکە، 280 کارمەندی مرۆیی لە سەرانسەری جیهان کوژراون.
 
نیوەی زیاتری ئەوانەی کوژراون، بە دیاریکراوی 163 لەو کارمەندە مرۆییانە، لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، ئەم ساڵ بەهۆی جەنگی غەززەوە کوژرانی کارمەندانی مرۆیی زیاتریش دەبێت.
 
جۆیس مسویا، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی نووسینەگەی هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) لە راگەیێندراوێکدا بە بۆنەی رۆژی مرۆیی جیهانییەوە گوتی، "بەئاساییکردنی تووندوتیژی بەرامبەر کارمەندانی مرۆیی و نەبوونی لێپرسینەوە مایەی قبووڵکردن نییە، بێ ویژدانییە و زیانی گەورە لە شوێنەکانی دیکە بە کاری مرۆیی دەگەیێنێت."
 
OCHA دەڵێت، "لەبەر ئەوەی پار 280 کارمەندی مرۆیی لە 33 وڵات کوژراون، 2023 بووە بە خوێناویترین ساڵی مێژوو بۆ کۆمەڵگەی جیهانیی کارمەندانی مرۆیی."
 
ئەو ژمارەیە بە واتەی ئەوە دێت کە پار کوژرانی کارمەندانی مرۆیی 137٪ زیادبووە بەراورد بە پێرار کە 118 کەس کوژرابوون.
 
ئەو 163 کارمەندە مرۆییەی لە غەززە کوژراون، هەموویان لە 3 مانگی یەکەمی جەنگەکە کوژراون و زۆربەیان بەر هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل کەوتوون.
 
خوێناوترین شوێنەکانی دوای غەززە بۆ کارمەندانی مرۆیی بریتین لە سوودانی باشوور کە شەڕی نێوخۆی تێدایە، هەروەها سوودان کە لە نیسانی پارەوە گیرۆدەی جەنگی نێوان دوو جەنەراڵ بووە.
 
لە سوودانی باشوور 34 کەس و لە سوودان 25 کارمەندی مرۆیی کوژراون. 
 
سووریاش لەو رووەوە لە ریزی 10 یەکەمەکاندایە و پار 7 کارمەندیی مرۆیی تێدا کوژراون؛ لە ئەسیوپیا و ئۆکرایناش هەریەکەیان 6 کارمەند، لە سۆماڵ 5 و لە میانمار و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات هەریەکەیان 4 کارمەندی مرۆیی کوژراون. 
 
زۆربەی ئەوانەی کوژراون، خەڵکی خۆجێیی ئەو وڵاتانەن کە کاریان تێداکردووە.  
 
وێڕای ئەوەی ئاماری ساڵی 2023 "بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بەرزە،" OCHA دەڵێت، دەکرێت ئەم ساڵ "کوشندەتر بێت." 
 
داتابەیسی ئاسایشی کارمەندانی مرۆیی پێشانیدەدات، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا 9ی ئاب، 176 کارمەندی مرۆیی کوژراون.
 
ئەو کارمەندە مرۆییانەی لە سەرەتای جەنگی ئەم جارەی غەززە لە ناوچە فەلەستینییەکە کوژراون، ژمارەیان تاوەکو 9ی ئاب، گەیشتووەتە 280 کەس کە ئۆچا دەڵێت، زۆربەیان کارمەندی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی فەلەستینی (ئونروا) بوون. 
 
بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک رێکخراوی مرۆیی نامەیەکی هاوبەش بۆ وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بنێرێن بۆ ئەوەی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن "کۆتایی بە هێرشی سەر خەڵکی سڤیل بێنن، هەموو کارمەندە مرۆییەکان بپارێزن و تاوانکارانیش رووبەڕووی لێپرسینەوە بکەن."
 
19ی ئاب لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە رۆژی جیهانیی مرۆیی دانراوە، وەک رێزلێنانێک بۆ ئەو کەسانەی لە هێرشێکی ساڵی 2003ـدا بۆ سەر بارەگاکەی لە بەغدا کوژران. 
 
ئەو تەقینەوەیە بووە هۆی کوژرانی 22 کەس، لە نێویاندا سێرجیۆ ڤیێرا دێ مێلۆ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، هەروەها برینداربوونی 150 کەسی دیکەشی لێکەوتەوە.