کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان لە ویلایەتی ئیلینیۆی دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی نیشتمانیی پارتەکەی لەگەڵ دەگ ئێمهۆفی هاوژینی گەیشتنە شیکاگۆ.
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 19-08-2024 کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێری فەرمیی پارتەکە و جێگرەکەی دەستپێبکات و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بخایەنێت. پێشتر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردبوو، بەڵام بەهۆی رەخنە و گوشاری زۆری ئەندامانی پارتەکەی لەبارەی تەمەن و تەندروستییەوە کشایەوە. 
 
ئێستا هاریس بەربژێری پارتەکەیە و تەنیا ماوە بە فەرمی دەسنیشان بکرێت و پێشتریش هاریس تیم وۆڵز، حاکمی مینێسۆتای وەک جێگری خۆی دیاریکردبوو و لە رۆژانی رابردوویشدا چەند جارێک بانگەشەیان پێکەوە کردووە.
 
رکابەری هاریس و وۆڵز بریتین لە دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانسن لە کۆمارییەکان. دۆناڵد ترەمپ دوێنێ لە بانگەشەیەکی خۆی لە ویلایەتی پێنسلڤانیا رایگەیاند، "هاریس زۆر لە بایدن ئاسانترە [بۆ دیبەیتکردن و بردنەوە لێی]."
 
پێش ئەوەی خانمە بەربژێرەکە بگاتە شاری شیکاگۆ لە ویلایەتی ئیلینۆی، ئەویش لەگەڵ جێگرەکەی لە ویلایەتی پێنسلڤانیا بوو. 
 
پێش ئەوەی بایدن کشانەوەی خۆی رابگەیەنێت، دۆخی دیموکراتەکان باش نەبوو و بەشێکی خەڵک خەریک بوو هیوایان پێیان نەدەما، ئەوەش بە پشتبەستن بەو راپرسییانەی ئەو کاتە کران، بە تایبەت، دوای ئەوەی بایدن و ترەمپ لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا دیبەیتێکیان کرد و تێیدا بایدن چەند جارێک وەستا و دەمی تەتەڵەی کرد.
 
ئێستا لەگەڵ هاتنە سەر سەکۆی هاریس شتەکان گۆڕاون و پارتەکە وزەیەکی دیکە بەخۆیەوە دەبینێت. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرە نیشتمانییەکەی پارتە شینەکەی ئەمریکادا جۆ بایدن و هاریس گوتار پێشکێش بکەن و جۆ بایدن دووبارە پشتگیریی خۆی بۆ هاریس دووپات بکاتەوە.
 
جگە لە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکا، بابەتی گەرمی ئێستای جیهان جەنگی غەززە و جەنگی ئۆکراینایە. پێش گەیشتنی هاریس بە شیکاگۆ، چەند خۆپیشاندەرێکی لایەنگری فەلەستین بە ئاڵای فەلەستینیەوە رێپێوانێکیان لەنێو شەقامەکانی شیکاگۆ کرد.
 
ماکاریک فیزگێراڵد، یەکێک بوو لە خۆپیشاندەرەکان و گوتی، "دەمەوێت بەرپرسانی دیموکرات ئەوە بزانن کە دەنگ نادرێت، بەڵکو بەدەست دەهێنرێت. پێویستە ئەوان ئەوە پیشان بدەن کە پشتگیری لە بەرژەوەندییەکانی ئێمە دەکەن."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەمریکا لە 05-11-2024 بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان دۆخی هاریس باشترە و دەردەکەوێت، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت 48.1٪ـی دەنگەکان دەباتەوە و ترەمپیش 46.7٪ـی دەنگی ئەمریکییەکان بەدەست دەهێنێت.