کۆرۆوای؛ ئەو خێڵەی بە شێوازی 11 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەژین

دارستانەکانی پاپوا – ئیندۆنیزیا 

خێڵی کۆروای کە لە قوڵاییەکانی سێیەم گەورەترین دارستانی باراناویی جیهان، دارستانەکانی پاپوا، لە ئیندۆنیزیا دەژین چەند دەیەیەکە بە شێوە ژیان و نەریتی کۆمەڵایەتی و بڕوای ئایینی و خواردنی گۆشتی مرۆڤ سەرنجی ئانترۆپۆلۆجیست و لێکۆڵڤانانیان راکێشاوە. هەرچەندە بەهۆی سەختیی گەیشتنە قوڵایی دارستانەکان و  شوێنی ژیانی کۆرۆواییەکان، بەپێی پێویست لێکۆڵینەوە لە داب و نەریت و تێگەیشتنی ئەوان بۆ جیهان نەکراوە، بەڵام هەندێک لەو لێکۆڵینەوانەی کە لەسەر ئەوان ئەنجام دراون لە میدیا جیهانییەکان ئەوانی وەک دوا خێڵ کە گۆشتی مرۆڤ دەخۆن، ناساندووە. 
 
رووداو وەکو تاکە میدیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چووەتە ئەو هەرێمە و بەڵگەفیلمێکی لەسەر خێڵەکە ئامادەکردووە. دەمەوێت وردەکاری سەردانیکردنی خێلەکە و هەندێک لەو وردەکاریانەی کە لە بەڵگەفیلمەکەدا بواری باسکردنیان نەبووە، لێرەدا بیخەمەڕوو. 

 

 
خێڵی کۆرۆوای
 
کۆرۆواییەکان بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 1974 لەلایەن ئانترۆپۆلۆجیستی ئەمریکی پیتەر ڤان ئارسدەیلەوە دۆزرانەوە. پێش ئەوکاتە جیهان نەیدەیزانی خێڵێک لەو دارستانەدا دەژین، بەڵام لەوەش گرنگتر خێڵەکە ئاگادار نەبوون کە جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیان هەیە. من لە پاپا مارکوسی سەرۆکی هۆزەکەم پرسی، دەزانی ئیندۆنیزیا چییە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی، ''هەندێ خەڵکم بینیوە رەنگی پێستیان سپی بوو. کە پرسیم ئەوە بۆچی وان، گوتیان ئەوە ئیندۆنیزیایین. لەوکاتەوە دەزانم ئیندۆنیزیا هەیە''، لێم پرسی ئەی لە دەرەوەی ئیندۆنیزیا چی هەیە؟ پاپا مارکوس بە تەنیا شانی جوڵاند و بە ئاماژە گوتی، ''نازانم''.  
 
کۆرۆواییەکان خێڵێکن کە تائێستا لە سادەترین شێوە ژیانی مرۆڤ دا دەژین. بە دیاریکراوی وەک مرۆڤی سەردەمی قۆناخی راوشکار دەژین (چاخی راوشکار نزیکەی 11 بۆ 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا کۆتایی هات و قۆناخی کشتوکاڵ دەستی پێکرد)، بەڵام کۆرۆوایەکان تائێستاش نەگەیشتوونەتە قۆناخی کشتوکاڵ و خواردن و پێویستییەکانی خۆیان تەنیا لە رێگەی راوکردن و کۆکردنەوەی خۆراکی نێو دارستانەکە پەیدا دەکەن. تەنیا کشتوکاڵێک کە ئەنجامی دەدەن باخدارییەکی سادەیە (Horticulture)، هەندێک جار ئاگاداری داری میوە و سەوزەی نێو دارستانەکە دەبن بۆ ئەوەی لەکاتی پێگەیشتنیاندا سوودی لێوەرگرن. کۆرۆواییەکان تەنیا گۆشتی سەگ ناخۆن. هەموو جۆرە ئاژەڵێکی دیکەی نێو دارستانەکە راودەکەن و دەیخۆن، بەتایبەتی باڵندەی کاسواری (کە باڵندەیەکە لە شێوەی وشترمردایە و توانای فڕینی نییە) و بەراز.  
 

کۆرۆواییەکان، خێڵی نیمچە گەڕۆکن، لە یەکەی خێزانی بچووک دا (تەنیا چەند کەسێکی کەم) بەشێکی دارستانەکە پاک دەکەنەوە و یەکێک لەو شتانەی کە کۆرۆواییەکانی پێ ناسراون، خانووەکانیانە لەسەر دارەکان بە بەرزی 30  بۆ 40  مەتر. دروستکردنی خانووەکانیان لەسەر دارەکان (Treehouses) جگە لە چەند پاڵنەرێکی فیسیۆلۆژی و پێویستی ژیانی نێو دارستانەکە، بڕوایەکی ئایینیشی لە پشتە، بەپێی باوەڕی کۆرۆواییەکان، دارستانەکە جن و رووحی شەڕەنگێزی تێدایە، لەسەر دارەکان لەو رووحانە پارێزراو دەبن. لە خوارەوە لەو بەشەی کە باسی بیروڕای ئایینیان دەکەم، بە وردتر ئەوە باس دەکەم. 
 
هۆکارێکی دیکەی دروستکردنی خانووەکانیان لەسەر دارەکان، شێی نێو دارستانەکەیە. دارستانەکە چوار وەرزی وەکو یەکە و پلەی گەرمای تاوەکو رادەیەک جێگیرە و بەردەوام (بەتایبەتی بەیانیانی زوو) بارانی لێ دەبارێت. ئەمە وایکردووە رێژەی شێی نێو دارستانەکە تاوەکو نزیکەی لە 80٪  نزیک بێتەوە. خانووەکان لە بەرزایی دارەکان هاوکاریان دەکات لە گەرمی و ئەو شێیەی نێو دارستانەکە دوورتربن و لەسەرەوە هەست بە فێنکی بکەن. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە دارستانەکە مێش و مێروویەکی زۆری هەیە، ئێمە بە بەکارهێنانی سێ جۆر دژە مێشوولە، هێشتا پێویست بوو لە خێوەتێکدا بخەوین بۆ ئەوەی خۆمان لە مێشوولە بپارێزین، بەڵام ئەوان لەسەر دارەکان بە ئارامی دەخەوتن. 
 

شەڕی نێوان هۆزەکان و ترسی هێرشی هۆزەکان یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی وادەکات کۆرۆواییەکان لە بەرزیی دارەکاندا ماڵەکانیان دروست بکەن. خانووە بەرزەکان وەکو تاوەرێک بەسەر دارستانەکەدا دەڕوانن و لە ئەگەری هێرشی هۆزەکانی دیکەدا باشتر و زووتر ئاگاداری هێرش دەبن و زووتر و باشتر دەتوانن خۆیان حەشار بدەن. پاپا مارکوس پێیگوتم، کاتێک کە منداڵ بووە بەردەوام شەڕی نێوان هۆزەکانی خێڵەکە هەبووە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی کەم بووەتەوە. 
 
هەرێمی پاپوا
 
هەرێمی پاپوا، لە دوورگەی پاپوادایە. دوورگەکە بەشێکی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بە ناوی (پاپوا نیو گینیا) و بەشەکەی دیکەی لەلایەن ئیندۆنیزیاوە کۆنترۆڵکراوە. ئەو بەشەی کە ئیندۆنیزیا کۆنترۆڵی کردووە بە پاپوای رۆژئاوا ناسراوە. 312 خێڵی تێدا دەژی. دوای دۆزینەوەی چەندین سەرچاوەی گرانبەها لە هەرێمەکەدا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئیندۆنیزیا روویان لە هەرێمەکە کردووە. بەتایبەتی ئەوانەی کە لە پیشەسازی دار و تەختە، یان وەبەرهێنانی لاستیک کار دەکەن. بەم ساڵانەی دواییش ژمارەیەکی بەرچاو روویان لە هەرێمەکە کردووە بۆ دۆزینەوەی زێڕ لە کەنار رووبارەکانی هەرێمەکە. خێڵەکانی هەرێمەکە زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە و رەنگ وکولتوور و داو و نەریت و تەنانەت ئایینیشیان جیایە. زۆرینەی دانیشتووانی رەسەنی هەرێمەکە ئایینی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆریشیان کریستیانن، بەتایبەتی دوای هەوڵی چەند دەیەی رێکخراوە کریستانییەکان، کە لە ناوچەکەدا نزیکەی پێنج ئایینزای کریستیانی رێکخراو و تیمی تایبەتیان هەیە و هەوڵی راکێشانی خەڵکی هەرێمەکە بۆ ئایینزاکانی خۆیان دەدەن.
 
هەرێمی پاپوای رۆژئاوا چەندین دەیەیە شەڕ بۆ سەربەخۆیی دەکات و ئەندامی رێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانە، کە هەرێمی کوردستانیش لەو رێکخراوەدا ئەندامە. هەرێمەکە ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام هەڵدانی ئاڵاکە لە هەرێمەکە و تەواوی ئیندۆنیزیا قەدەخەیە. رەنگ و شێوەی ئاڵاکە زۆر لە ئاڵای کووبا نزیکە، لەبەرئەوە هەندێ جار خەڵکی هەرێمەکە دەبینی کە ئاڵای کووبا لەسەر تیشێرت و کڵاوەکانیان لەبەردەکەن وەک رێگەیەکی یاسایی بۆ ئاماژەدان بە خواستی سەربەخۆیی هەرێمەکەیان. 
 
گەیشتنە شوێنی کۆرۆواییەکان 
 
کۆرۆواییەکان لە هەرێمی پاپوای ئیندۆنیزیا دەژین، ناوچەیەکی دوورە دەستی ئیندۆنیزیایە و زۆر بەشی دارستانەکە رێگەی هاتووچۆی تێدا نییە. دوای گۆڕینی حەوت فڕۆکەخانە و چەند فڕۆکەیەکی بچووک، دەبێ بگەیتە فڕۆکەخانەیەکی بچووکی نێو دارستانەکە (فڕۆکەخانەی دێکای)، لەوێ بەدواوە هیچ رێگەیەکی ئۆتۆمبیل نامێنێت، دەبێ بە رووبارەکانی نێو دارستانەکەدا و لە رێگەی بەلەمەوە هاتووچۆ بکەیت. دوای رۆژێک بە بەلەم، گەیشتینە قووڵایی دارستانەکە، لەوێ گووندێک دروستکراوە بۆ هەندێک لەو خێزانانەی خێڵەکە کە ژیانی نێو دارستانەکەیان بەجێهێشتووە. 
 
حکومەتی ئیندۆنیزیا لە ساڵی 1992 گوندەکەی دروستکردووە بۆ ئەوەی ئەندامانی خێڵەکە ژیانی نێو دارستانەکە بەجێبێڵن و لە گووندێکی کەنار رووبارەکەدا نیشتەجێبن. بیانووی حکومەت ئەوەیە کە ژیانی نێو دارستانەکە سەختە و هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە، بەڵام لە راستیدا چەند هۆکارێکی دیکە لە پشت هەوڵەکانی حکومەتەوەیە، لەنێویشیاندا هەوڵی کەمکردنەوەی مۆڵگەی گرووپێکی چەکداری کە هەوڵی سەربەخۆیی هەرێمەکە دەدەن. 
 
ژمارەیەکی بەرچاو لە سووپا و هێزی ئاسمانی لە نزیک دارستانەکە جێگیرکراون. ئێمە هەر کە گەیشتینە فڕۆکەخانەکە، تەنیا کەسی بیانی نێو ئەو فڕۆکە بچووکەیە بووین. لەگەڵ دابەزینمان لە فڕۆکە ئەفسەرێک لە بەردەرگای فڕۆکەکە چاوەڕوانمان بوو. خۆی وەکو ئەفسەری هێزی ئاسمانی سوپای ئیندۆنیزیا ناساند و داوای لێکردین هۆکاری سەردانیکردنی ناوچەکەیان بۆ روون بکەینەوە. ئێمە پێشتر رەزامەندیی پۆلیسمان لە پایتەختی هەرێمەکە وەرگرتبوو کە دەچینە ئەو ناوچەیەی دارستانەکە. دوای نیشاندانی کاخەز و دۆکۆمێنتەکانمان، ئەفسەرەکەی هێزی ئاسمانی داوای لێکردین بچینە بنکەی پۆلیسی ئەو ناوچەیەی کە فڕۆکەخانەکەی لێیە. 
 
هەرچەندە هەموو رێکارە یاساییەکانمان جێبەجێکردبوو و کاخەزی رێگە پێدانمان پێبوو، بەڵام پۆلیسی بنکەکە، نەیاندەویست رێگە بدەن ئێمە بچینە دارستانەکە. بیانوویان ئەوەبوو کە گرووپێکی چەکدار لەو بەشەی هەرێمەکەدا چالاکن و بۆ سەلامەتی ئێمە نایانەوێت رێگە بدەن. گرووپی ئۆرگانیساسی پاپوا مەردێکا (رێکخراوی ئازادی پاپوا) لە ناوچەکەدا چالاکن و لە خوارەوە کە باسی سەلامەتیی نێو دارستانەکە دەکەم بە وردتر باسی دەکەم. 
 
دوای رەزامەندیی پۆلیس، پێویست بوو هەموو خواردن و پێداویستییەکانی چەند رۆژێکی نێو دارستانەکە لە بازاڕێکی نزیک فڕۆکەخانەکە بکڕین و بەلەمێک پەیدا بکەین بۆ ئەوەی بە رووباری برازادا، بمانگەیێنێتە شوێنی کۆرۆواییەکان و چەند کۆڵبەرێکیش پەیدا بکەین کە کەلوپەل و شتوومەکەکان هەڵگرن لەکاتی بەپێ رۆیشتن بە نێو دارستانەکەدا. 
 

پاپا وانما، بەلەمێکی لە فایبەرگلاس دروستکراوی بە بزوێنەرێکی بچووک، هەبوو. هەرچەندە دڵنیا نەبوو کە تاوەکو ئەو شوێنەی دارستانەکە دەتوانێت بە سەلامەتی بمانگەیێنێت، بەڵام پێیگوتین شەو تەماشای ئاستی ئاوی رووبارەکە دەکات و ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەتوانێت بمانگەیێنێت یان نا. ئاستی ئاوی رووبارەکە ئەوکاتەی ئێمە لەوێبووین نزم بوو. رووبارەکە جگە لە تیمساح، پڕە لە دار. هەندێک لە دارەکان مەترسی جیدی لەسەر بەلەمەکان و هەر کەسێک لەنێو بەلەمەکەدا بێت دروست دەکەن. لەبەرئەوەی رووبارەکە قوڕ و لیتەی زۆرە، دارەکان نابینرێن و لەکاتی بەرکەوتنی بەلەمەکەدا مەترسی لەسەر سەلامەتیی بەلەم و سەرنشینەکان دروست دەکەن. پاپا وانما، ریسالی کوڕەزای لە پێشی بەلەمەکەوە دانابوو بۆ ئەوەی ئەگەر دارێکی بینی پاپای لێ ئاگادار بکاتەوە. هەر ئەوکاتەی ئێمە لەوێبووین، شەو لەناکاو هاتووهاوارێکی زۆر دروست بوو. یەکێک لە بەلەمەکان خۆی بە دارێکی تیژی نێو رووبارەکەدا کێشابوو، دارەکە بەلەمەکەی کوون کردبوو، قاچی کاپتنی بەلەمەکەی لە چەند شوێنێکەوە شکاندبوو. خێرا کاپتنی بەلەمەکە گەیێندرایە کلینێکێکی بچووکی نزیک فڕۆکەخانەکە و سەر لە بەیانیەکەشی کاپتنەکە بە فڕۆکە گوازرایەوە بۆ پایتەختی هەرێمەکە بۆ چارەسەرکردن. 
 
دوای رۆژێک بە بەلەم بەنێو رووبارەکەدا، گەیشتینە ئەو بەشەی دارستانەکە کە ئیدی پێویست بوو رۆژێکیش بەپێ بۆی بڕۆین. ئەو کۆڵبەرانەی کە لەگەڵمان هاتبوون، چەقۆی گەورەیان پێبوو لە پێشی ئێمەوە دەڕۆیشتن بۆ ئەوەی دارودەوەنی دارستانەکە پاک بکەنەوە و رێگەمان بۆ بکەنەوە. لەکاتی گەیشتنە چۆم و دۆڵیش پردی کاتیان دروست دەکرد و بەوشێوەیە گەیشتینە لای کۆرۆواییەکان. 
 
ژیان و کولتووری کۆرۆوایی
 
لای کۆرۆواییەکان، تێگەیشتن لە ژیان، مردن، جوانی، هونەر، هاوسەرگیری، خێڵ و جیهان بەشێوەیەکی گشتی لە جیهانی مۆدێرن زۆر جیاوازە. ئەوان سرووشتیترین شێوە ژیانی مرۆڤ دەژین. تەواوی شتومەک و کاڵاکانیان لە دارودەوەنی دارستانەکە دروست دەکەن و رێزێکی زۆری سرووشتیش دەگرن. 
 
کە ئێمە لەوێ بووین، هەر پارچە نایلۆنێک یان پلاستیکێکی زبڵ و خاشاکیان ببینیایە، هەڵیاندەگرتەوە و دەیان سووتاند. خۆیان پاشماوەی پلاستیکیان نییە. جلوبەرگ (ئەوەندەی کە دەپۆشن) لە گەڵا و قەدی دارەکان دروست دەکەن. پیاوان، تەنیا گەڵایەکی بچووک لوول دەکەن و بەشێکی کۆئەندامی زاوزێیانی پێ دادەپۆشن و پشتوێینێکیش لە قەدی دارەکان دروست دەکەن. پشتوێنەکە ئەوەندەی کە وەک گیرفانێک بەکاردێنن، ئەوەندە بۆ خۆ داپۆشین نییە. هەندێک جار چەقۆ و تەورەکانیان لە رێگەی پشتوێنەکەوە هەڵدەگرن، بەتایبەتی ئەوکاتانەی کە بەسەر پەیژەی خانووەکانیاندا سەر دەکەون و پێویستیان بە هەردوو دەستیانە بۆ هەڵگژان بە دارەکاندا. ئافرەتەکان شاڵێک لە قەد و گەڵای دارەکان دروست دەکەن و بەشی خوارەوەی جەستەیانی پێ دادەپۆشن، بەڵام بەشی سەرەوە بەهیچ شێوەیەک داناپۆشن. 
 

جلوبەرگ و پۆشاک لە ژێر کاریگەری ژینگەی مرۆڤ دا شێوە دەگرێت. لەسەرەتای دروستبوونیدا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆ داپۆشینی مرۆڤ بۆ پارێزگاریکردنی خۆی بووە لە سەرما، گەرما و کەشوهەوای ناوچەکانی خۆیان.
 
بەڵام ناوچەی کۆرۆوای کەشوهەوایەکی جێگیری هەیە و بەردەوام شێدار و تاوەکو رادەیەک گەرمە. لەبەرئەوە پێویستی ژینگەیی ناچاری نەکردوون جلوبەرگ دابێنن، بەپێچەوانەوە نەبوونی جلوبەرگ هاوکارە لەوەی کە باشتر لەگەڵ کەشوهەوای نێو دارستانەکە خۆیان بگونجێنن. 
 
هەرچەندە ئەندامانی خێڵەکە نیمچە رووتن، بەڵام رووتی لای ئەوان ئاماژەیەکی سێکشوالی نییە. پیاوان لە رێگەی بەهێزکردنی ماسوولکە و بەهێزی کەسایەتییەوە سەرنجی ئافرەتەکانیان رادەکێشن و ئافرەتانیش لە رێگەی تاتوو، بەتایبەتی تاتووی سەر دەم و چاویان سەرنجی بەرامبەر بۆ خۆیان رادەکێشن. 
 

فرەژنی بەشێکە لە کولتووری کۆرۆوایی، پیاو دەتوانێت چەند هاوژینێکی هەبێت، بەڵام ئافرەت یەک هاوژینی هەیە. هەرچەندە فرەژنی لەنێو کۆرۆواییەکان رێگە پێدراوە، بەڵام ئەندامانی خێڵەکە دەیانگوت زۆر لە پیاوانی کۆرۆوایی تەنیا یەک ژنیان هەیە، هۆکاری سەرەکیش گرانی مارەییە. 
 
بۆ ئەوەی پیاوێک هاوسەرگیری بکات، پێویستە سێ تاوەکو پێنج بەراز وەک مارەیی بداتە ماڵی ئافرەتەکە. ئەوەش بۆ کۆرۆواییەکان نرخێکی زۆرە. پاپا مارکوس، خێزانەکەی بە سێ بەراز مارە کردبوو لەگەڵ ملوانکەیەک کە لە کەڵبەی 20 سەگ دروست کراوە. پیاوان لە سەرەتای تەمەنی 20 ساڵیدا ژیانی هاوژینی دەست پێدەکەن، بەڵام ئافرەت هەر کە لە تەمەنی هەرزەکاری نزیک بووە و یەکەم سووڕی مانگانەی دەستپێکرد، دوای ئەوە هاوسەرگیری دەکات. لە ئەگەری مردنی هاوژینی ئافرەتێکدا، برای هاوژینەکەی ئافرەتەکە دەخوازێت و منداڵەکانی بەخێو دەکات. زەوی و ئافرەت، موڵکی پیاون و زۆرجاریش، شەڕی نێوان هۆزەکانی خێڵەکە (بەتایبەتی لە رابردوودا) لەسەر زەوی (سەرچاوەکانی نێو دارستانەکە) و ئافرەت بووە. 
 
هاوژینەکەی پاپا مارکوس ملوانکەکەی بە شانازیەوە لە مل دا بوو، هەبوونی ملوانکەیەکی بەوشێوەیە گرانبەها، نیشانەی خانومانی و ستاتۆی بەرزی ئەو کەسەیە کە لە ملی دایە. کاتێک لە نۆپی هاوسەری پاپا مارکوسم پرسی، کە لەکاتی شووکردن بە پاپا مارکوس، ملوانکەکەی پاپا مارکوس دڵخۆشی کردبوو، وەڵامێکی چاوەڕوان نەکراوی دامەوە ''من شووم پێکرد لەبەرئەوەی ئەوم خۆش دەویست، نەک ملوانکەکە''. هەرچەندە ناوچەی کۆرۆوایی ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە زێڕی سرووشتی و، کۆمپانیا و خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئیندۆنیزیا دێنە ناوچەکەی ئەوان بۆ دۆزینەوە زێڕ، بەڵام لە کولتووری کۆرۆواییدا، کەڵبەی سەگ لە زێڕ زۆر بە بەهاترە. 
 
پاپا مارکوس، سەرۆکی ئەو بەشەی هۆزەکەیە. ناوچەیەکی گەورەی دارستانەکە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودایە. هەر کەسێک بەوێدا تێپەڕێت یان بیەوێت سوود لەو بەشەی دارستانەکە وەرگرێت، دەبێت بە رەزامەندی ئەوبێت. ئەگەر نا وەکو هێرشێک بۆ سەر خێڵەکەی ئەژمار دەکرێت. 
 
برا گەورەی هۆزەکە بە "کاکە" بانگ دەکرێت 
 
سەرۆک هۆزی لەنێو کۆرۆواییەکاندا، بە رێسا و یاسایەکی دیاریکراو رێک نەخراوە. پیاوی خاوەن هێز و بازوو، ئیشکەر و خەم خۆری خێڵەکە دەبێت بە سەرۆکی هۆزەکە. یانۆپ، براگەورەی پاپا مارکوسە، بەڵام پاپا مارکوس سەرۆکی هۆزەکەیە. پاپا مارکوس یانۆپ بە ''کاکە'' بانگ دەکات. لە زمانی کۆرۆوایدا، برا گەورە بە کاکە بانگ دەکرێت. 
 
زمانی کۆرۆوایی زمانێکی تاوەکو رادەیەک هەژار و گەشەنەکردووە. وشەکان دیاربوون کە زۆر دووبارە دەبوونەوە و ژمارەشیان بە زمانی خۆیان نییە، یان چەند ژمارەیەکی زۆر کەمیان هەیە. ئەوەندەی کە بۆ ژیانی نێو دارستانەکە پێویستیان پێیەتی. هەر ئەوەش وایکردووە کە کۆرۆواییەکان نازانن تەمەنیان چەندە. ئێمە لەوێ کە پرسیاری شتێکمان دەکرد کە پێویستی بە ژماردن بێت، بۆ نموونە تەمەن، لە پرسیارەکە تێنەدەگەیشتن. 
 

زمانی کۆرۆوایی لە خێزانی زمانەکانی باشووری رۆژهەڵاتی پاپوا، یان لە خێزانی زمانی ئاویو-دوومووتە. میسیۆنەریەکی هۆڵەندی، فەرهەنگێکی زمانی کۆرۆوایی و رێزمانی دروستکردووە، بەڵام زمانەکە تەنیا لەلایەن خێڵەکەوە قسەی پێ دەکرێت و ژمارەی خێڵەکەش ئێستا بۆ نزیکەی 3000  کەس کەم بووەتەوە و، زمانەکەش یەکێکە لەو زمانانەی مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە  و لە تەواوی جیهان دا بەپێی داتاکان تەنیا 2007  تاوەکو 3500 کەس بە ئەندامانی خێڵەکە و ئەو کەسانەی دیکەی کە فێری زمانەکە بوون، دەتوانن قسەی پێ بکەن. 
 
بڕوای ئایینی کۆرۆواییەکان
 
جیهانبینی ئایینی کۆرۆواییەکان پڕە لە باوەڕکردن بە خێو، جن و رووحی شەڕەنگێز یان ئەوەی کە خۆیان پێی دەڵێن ''خاخوا''. کۆرۆواییەکان بڕوایان بە بوونی خوایەکی تاک و تەنیا هەیە. خودایەک کە جیهانی دروستکردووە و ناوی ''گیمگی''یە. بە بڕوای کۆرۆواییەکان هەموو بوونەوەرێکی دیکە یان لە گیمگیەوە هاتووە یان سەر بۆ ئەو نەوی دەکات، بەڵام ئەوەی کە زیاتر ژیانی کۆمەڵایەتی و ئایینی کۆرۆواییەکان رێک دەخات بڕوایەکی دیکەی کۆرۆواییەکان بە دۆنایدۆن. ئەوان پێیان وایە مرۆڤ کە دەمرێت، هەموو دەچنە یەک شوێن و دواتر دەگەڕێنەوە نێو دارستانەکە. کەسوکاریان رەنگە داوا لە کەسی مردوو بکەن کە بگەڕێتەوە دارستانەکە و وەک رووحێک لە دارستانەکەدا بێت، یان تەنانەت وەک منداڵێکی نوێ لەنێو خێڵەکەدا لە دایک بێتەوە. لەبەرئەوەی لە بڕوای کۆرۆواییەکاندا، رێزگرتن لە باوباپیرانیان و کولتووری ئەوان پایەیەکی زۆر گرنگی هەیە. باوباپیران، دەیانەوێت ئەندامانی خێڵەکە کەسی چاک بن و لە کولتووری خۆیان لا نەدەن. ئەگەر لە کولتووری خۆیان لایان دا، بۆ نموونە جلوبەرگی مۆدێرن لەبەر بکەن، یان کاڵاو شتومەکی مۆدێرن بەکاربێنن، ئەوا باوباپیرانیان تووڕە دەبن و رەنگە رووحێکی شەڕەنگێزیان بۆ بنێرنە دارستانەکە بۆ ئەوەی ئازاری کەسی لادەر بدات. هەر ئەو بڕوا ئایینیەشە وایکردووە کە کۆرۆواییەکان خانووەکانیان لەسەر دارەکان و لە بەرزی دەیان مەتر دروست بکەن، چونکە بەپێی بڕوای ئەوان رووحە شەڕەنگێزەکان لە خوارەوەی دارستانەکەدا دەمێننەوە. هەرچەندە دروستکردنی خانووەکان لەو بەرزاییە لەبەر هۆکاری دیکە و پێویستی دیکەیە، بەڵام ئەوان بەو بڕوا ئایینییە لای خۆیان ئەو جۆرە خانوو دروستکردنەیان کردووەتە بەشێک لە کولتووری خێڵەکە. 
 
هەر لەبەرئەو بڕوا ئایینییەش بوو کە "کاکە" لە خواردنەوەی قاوە دەترسا و پاپا مارکوسیش زۆر نیگەرانی لەنێوچوونی کولتوورەکەیان بوو. کاکە پێیوابوو ئەگەر قاوە بخواتەوە، ئەوا باوباپیریان دەبینن کە لە کولتووری کۆرۆوایی لایداوە و لەبەرئەوە رەنگە خاخوای بۆ بنێرن. ئەگەر رووحێکی شەڕەنگێز بگەڕێتەوە نێو دارستانەکە، رەنگە خۆی بخاتە نێو جەستەی یەکێک لە ئەندامانی خێڵەکە. بۆ ئەوەی ئەو رووحە شەڕەنگێزە بگەڕێندرێتەوە بۆ لای باوباپیرانیان، پێویستە کەسەکە بکوژرێت و گۆشتەکەی بخورێت. 
 
خواردنی گۆشتی مرۆڤ
 
بەپێی هەندێ لە لێکۆڵینەوەکان و راپۆرتە میدیاییەکان، کۆرۆواییەکان دوا خێڵ بوون کە گۆشتی مرۆڤیان خواردووە و ئێستاش لە قوڵایی دارستانەکە ئەو مامەڵەیە لەگەڵ گۆشتی مرۆڤ ماوە. هەرچەندە هەندێک پرسیار لەسەر راستی و دروستی ئەم پرسە هەیە، بەڵام لە 2000ـەکاندا چەند میدیاییەک و رۆژنامەڤانێکی رۆژئاوایی چیرۆکی خواردنی گۆشتی مرۆڤیان لەلایەن کۆرۆواییەکانەوە گەیاندە خوێنەر و بینەری جیهان. کۆرۆواییەکان، پێیان وایە کاتێک کە کەسێک لەلایەن خاخوایەکەوە جەستەی دەفڕێنرێت، ئیدی ئەو کەسە چی دی کەسەکەی جاران نییە و تەنیا جەستەکەی لە دارستانەکەدایە. بۆیە کوشتنی کەسەکە وەک کوشتنی مرۆڤێک نابینن، بەڵکو وەک کوشتن و لەنێوبردنی خاخوایەک دەبینن. خواردنی گۆشتی کەسە کوژراوەکەش، وەک رێگەیەک دەبینن بۆ ئەوەی کە خاخواکە بگەڕێننەوە ئەو شوێنەی کە لێوەی نێردراوە. شێوازی دیاریکردنی ئەوەش کە کێ خاخوایە روون نییە. یەکێک لە رێگەکان ئەوەیە کاتێک کەسێک لە سەرە مەرگدایە، ئەگەر ئەو کەسە بڵێت خاخوای بینیوە و کەسێک دەست نیشان بکات وەک خاخوا. خێڵەکە بڕوا دەکەن کە ئەو خاخوایە، لەنێوی دەبەن. هۆکارێکی دیکەی کوشتن و خواردنی مرۆڤ گوومانی ساحیربوونە. ئەگەر خێڵەکە کەسێک وەک سیحرباز ببینن، دەیکوژن و دەیخۆن. 
 
لەم ساڵانەی دواییدا، هەوڵی حکومەت و دەستگیرکردن یان هەڕەشەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە مرۆڤێکی دیکە دەکوژن و دەیخۆن، لەلایەن حکومەتی ئیندۆنیزیەوە، بۆچوونی خێڵەکەی هەندێک گۆڕیوە. کاتێک لە سەرۆک و ئەندامانی دیکەی هۆزەکەم پرسی کە پرسی خاخوا بوون و خواردنی مرۆڤ چۆنە؟ پاپا مارکوس گوتی من لە ژیانی خۆمدا نەم بینیوە کەسێک بخورێت و ئەندامانی دیکەی هۆزەکە، هەرچەندە زۆر ترسان کە باسی خاخوام کرد، داوایان کرد باسەکە بگۆڕم و گوتیان ئەوە راست نییە. 
 
لە بڕوای ئایینیاندا، داری ساگۆ، کە دارێکی بەربڵاوە لەنێو دارستانەکەدا پیرۆزیەکی تایبەتی هەیە. دارەکە، نێوەڕۆکێکی سپی پڕ کاربۆهیدراتی هەیە و هەندێک جاریش کە دارەکە دەڕزێت و کۆن دەبێت، لارڤای (کرمێکی) سپی ئەستووری تێدا پەیدا دەبێت. کۆرۆواییەکان نێوەڕۆکی دارەکە وەکو ئارد و کرمەکەش وەکو سەرچاوەیەکی پرۆتینی بۆ خواردن بەکاردێنن. هەموو کۆرۆواییەک دەبێت لە جەژنێکی داری ساگۆدا بەشداربێت. کۆرۆواییەکان جەژنی داری ساگۆ، یان فێستیڤاڵی ساگۆ ساڵانە رێک دەخەن بۆ ئەوەی کە سوپاسگوزار و ئاهەنگگێڕانی خۆیان بەرامبەر بە پڕ بەرهەمی و خێروخۆشی دارستانەکە دەربڕن و لەکاتی ناخۆشی و تەنگانە و یان نزاکردن و پاڕانەوەش ئەو جەژنە رێک دەخەن بۆ ئەوەی کە ناخۆشی و تەنگانەکەیان تێپەڕێت و هەندێک جار بەرازیش دەکەنە قوربانی و ئەو کولتوور بڕوا ئایینیەش لە رێگەی گۆرانی و چیرۆک و ئەفسانەی فۆلکلۆریەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوێزنەوە. 
 

مەترسی سەردانیکردنی کۆرۆواییەکان
 
یەکێک لە مەترسییەکانی سەردانیکردنی ئەو خێڵانەی کە مرۆڤی سەردەمیان نەبینیوە، ئەو مەترسییەیە کە بۆ ئەوان دروست دەبێت. جەستەی ئەوان لەگەڵ بەکتریای دەرەوەی دارستانەکە و ئەو بەکتریایانەی کە بە چەندین نەوەی دژە بەکتریا راهاتوون و توانای خۆگونجاندنیان پەیداکردووە، دەکرێت بۆ ئەوان زۆر کوشندەبێت. 
 
ئێمە وەک تیمی رووداو چەند رێگەیەکمان گرتبووە بەر بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانە لەسەر ئەندامانی خێڵەکە. ئەوەندەی کە بکرێت خۆمان لە ئەندامانی خێڵەکە دوور دەگرت و ئەو شتانەی کە بەکارمان دەهێنان دەمان شووشتن و خواردن و کەلوپەلی خۆمان تێکەڵی شتی ئەوان نەدەکرد و شوێنی خەوتنی خۆمان لەوان دوور راگرتبوو. 
 
رێگەیەکی دیکەی پاراستنی ئەوان لە بەکتریای مۆدێرن، ئەوەبوو کە ئێمە بە تیمێکی بچووک و تەنیا سێ کەسی بیانی؛ خۆم و کامێرامانێک و یەک رێنیشاندەر کە ئەویش ئیندۆنیزی بوو، بەڵام کۆرۆوایی نەبوو، سەردانی دارستانەکەمان کرد. هەموو کۆڵبەر و چێشت لێنەر و کەسانی دیکە کە لەگەڵ ئێمە بوون، کەسانی کۆرۆوایی بوون. ئەوان لە گوندێکی تەنیشت دارستانەکە نیشتەجێبوون و ئێمە سووربووین لەسەر ئەوەی کە ئەوان وەک کۆڵبەر و چێشت لێنەر لەگەڵمان بن، نەک کەسانی دیکەی دەرەوەی خێڵەکە. 
 

بە پێچەوانەشەوە، مەترسی لەسەر تیمی ئێمەش هەبوون و زۆر زیاتریش بوون. یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی سەردانی ناوچەی کۆرۆوای، گرووپی چەکداری ئۆرگانیساسی پاپوا مەردێکایە. کاتێک کە ئێمە سەردانی دارستانەکەمان دەکرد، ئەندامانی رێکخراوەکە فڕۆکەوانێکی نیوزلەندیان بە بارمتە لابوو. لەبەرامبەر ئازادکردنیدا داوای داننان بە سەربەخۆیی پاپوای رۆژئاوایان دەکرد. گرووپەکە فڕۆکەکەیان ئاگر تێبەردابوو و فڕۆکەوانەکەش تەنیا لە رێگەی چەند وێنەیەکەوە، پشت راستکرابووەوە کە هێشتا زیندووە و لای ئەوانە. ئەگەر کەسانی دیکەی بیانی ببینن بە هەمان شێوە ئەگەری رفاندن و بەبارمتەگرتنیان هەیە و پۆلیسی ناوچەکەش ئەوەیان بە ئێمە راگەیاند کە لە 2023دا تەنیا رێگەیان بە ئێمە داوە بچینە دارستانەکە. 
 
مەترسی لەوەش گەورەتر هەبوون، جگە لەوەی کە کێشەی ماندووبوون و نەبوونی ئاوی خواردنەوەی پاک و خۆراکی کەم، هەموو ئەمانە بەرگری لەشی مرۆڤ کەم دەکەنەوە و ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی زیادتر دەکەن، مێشوولەکانی نێو دارستانەکەش هەندێک جار دەبنە هۆی مەلاریا و هەندێک نەخۆشی دیکەی تایبەت بە ناوچەکە کە دیسان بەرگری لەشی ئێمە بۆ ئەو جۆرە بەکتریا و نەخۆشیانە لاواز و رانەهاتبوو و لە ئەگەری نەخۆش کەوتندا، چەند رۆژێک پێویست بوو تاوەکو بگەینە نزیکترین کلینک، کە کلینیکێکی زۆر بچووک بوو.  لەبەرئەوە لەکاتی مانەوەمان لەوێ دەبوو بەردەوام چاودێری ماندووبوون و هایدرەیشن و خواردنی ڤیتامین بکەین. 
 
ئەوەی کە زۆر جێگەی مەترسی بوو، تێگەیشتنی خێڵەکە بوو بەرامبەر بە ئێمە. دڵنیا نەبووین لەوەی کە ئەوان چۆن ئێمە دەبینن و بە چ شتێک تووڕە دەبن. هەرچەندە لە رێگەدا هەوڵمان دەدا فێری هەندێک لە داو و نەریتیان ببین و چەند وشەیەکی زمانەکەیان فێربین، بەڵام هێشتا خێڵەکان کۆمەڵێک نەریت و کولتووری خۆیان هەیە، کە رەنگە کەسانی بیانی بە ئاسانی ئاشنایان نەبن. بۆ نموونە لە کولتووری کوردی دا، رەنگە کەسێک تەنیا بە شێوازی دانیشتن و قاچ دانانی کەسانی چوار دەوری خۆی زویر و تووڕە بکات. بە هەمان شێوە دەکرا، شتێک کە لە کولتووری ئێمەدا زۆر ئاسایی بێت، لای ئەوان وەک بێ رێزیەکی گەورە تەماشا بکرێت. ئێمە لە رێگەی وەرگێڕێکی ئینگلیزی بۆ ئیندۆنیزی  (کە رێنیشاندەریشمان بوو) هەروەها وەرگێڕێکی ئیندۆنیزی بۆ کۆرۆوایی لەگەڵ ئەندامانی خێڵەکە قسەمان دەکرد. لە ئەگەری دروستبوونی هەر هەڵە تێگەیشتنێکدا، ماوەیەکی زۆری پێدەچوو تاوەکو دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە. 
 
شتێکی دیکە، کە مەترسی بوو، تێگەیشتنی ئەوان بوو لە چەمکی جادووگەری و ساحیربوون، ئێمە بە کۆمەڵێک ئامێر و کەلوپەلی زۆر نوێوە، کامێرا و ئایفۆن و پێویسیتی دیکەی فۆتۆگرافییەوە لەوێ بووین، دڵنیا نەبووین ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێڵەکە لێکدانەوەیەکی جیاوازی بۆ ئەو کەلوپەلانە نەبێت و گومانی ساحیربوونمان لێ نەکات. لەکاتی گفتوگۆدا، کە باسی خاخوام لەگەڵ دەکردن و شەو بوو، وەرگێڕە ئیندۆنیزیەکە بە گاڵتە ئاماژەی بۆ من کرد و گوتی رەنگە تۆ خاخوا بیت. پاپا مارکوس، تەماشایەکی کردم و دەنگە دەنگێک دروستبوو. پاپا هاوارێکی کرد و ئافرەتەکانیش ترسان و بێدەنگیەکی کەم دروست بوو. من بە پێکەنینەوە و بە دەنگێکی بەرز دڵنیام کردنەوە کە خاخوا نیم و خێرا باسەکەم گۆڕی بۆ باسی هاوسەرگیری و ئاهەنگ گێڕان و خۆشی، بەوشێوەیەش ئەو بەشەی گفتوگۆکە تێپەڕی. 
 
کۆرۆواییەکان، راستە بە شێوەی ژیانیان لەسەردەمی چاخی راوشکاردا دەژین و ئاشنای کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا و ژیانی مۆدێرن نین، بەڵام زۆر میواندۆستن و پاپا مارکوس و هەموو ئەندامانی دیکەی خێڵەکە زۆریان پێ خۆش بوو کە ئێمە سەردانمان کردوون. زۆر تامەزرۆبوون کە شێوەی ژیان، کولتوور، شێوەی تەڵە دانان، راوکردن و کۆکردنەوەی کرمی ساگۆمان نیشان بدەن. 
 

ئەوەی بۆ من زۆر جێگەی سەرنج و رێزگرتن بوو، مامەڵەی ئەوان بوو لەگەڵ ژینگە و دارستانەکەیان. هەرچەندە پێناچێت ئەوان ئاگاداری خراپبوونی ژینگەی زەوی و کێشەی پلاستیک و دووکەڵی کارگەکان بن، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ژینگەدا دەکرد. ئەوەی کە پێویستیان بوو بەکاریان دەهێنا و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پاراستنی ژینگەی خۆیان و فڕێ نەدانی زبڵ و خاشاک و پیس کردنی ژینگەکەیان دەدا. یەک پارچە نایلۆنی بچووکیان لە هەر شوێنێک بدیتبووایە هەڵیان دەگرت و دەیان سووتاند، بەبێ ئەوەی بپرسن ئەوە نایلۆنی کێیە و بۆچی لەوێیە؟ کە سەبەتەیەکیان لە گەلای دارەکان بۆ راوە ماسی دروست دەکرد، چەند جارێک هەمان سەبەتەیان بە کاردەهێنایەوە و بۆ ئەوەی پێویست نەکات گەڵای داری دیکە ببڕن. پیرۆزی داری ساگۆ و دارستانەکەیان لە بیروباوەڕی ئایینیاندا چەساپاندووە بۆ ئەوەی تەواوی خێڵەکە و نەوەکانی داهاتووشیان رێز لە دارستانەکە بگرن. 
 

شێوە ژیانی کۆرۆواییەکان، تائێستاش پەنجەرەیەک بۆ روانین و لێکۆڵینەوە لە شێوەی ژیانی مرۆڤ لە چەند هەزار ساڵێک پێش ئێستا دابین دەکات، بەڵام لەگەڵ بە پیشەسازیکردنی ناوچەکەیان و کۆچی خەڵک لە بەشەکانی دیکەی ئیندۆنیزیاوە بۆ ناوچەکەیان و کەمبوونەوەی ژمارەیان، نیگەرانی ئەوەی لای ئەنترۆپۆلیجیست و چاودێرانی خێڵەکان دروستکردووە، رەنگە لە ماوەی چەند دەیەی داهاتوودا، کولتوور و شێوە ژیانی ئەوان بە تەواوی کاڵبێتەوە یان هەر نەمێنێت.