وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا ئامادەن دەستوەردانی سەربازی لە نایجەر بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی سەربازیی کۆمەڵەی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا کە بە ئیکۆواس دەناسرێن، ئامادەیی خۆیان بۆ دەستوەردانی سەربازی لە نایجەر دەربڕی، ئەوەش بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە کودەتا و گەڕاندنەوەی سەرۆکی لەکارلادراوی وڵاتەکە. 
 
ئیکۆواس دەڵێت، "ئامادەین بۆ بەکارهێنانی هێز وەکو دوایین چارەسەر بۆ دۆخی نایجەر"، ئەوەش بە ئامانجی گەڕاندنەوەی محەممەد بەزووم، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە و کۆتاییهێنان بە کودەتاکەی رۆژی 26ی تەممووز. 
 
عەبدولفاتاو موسا، بەرپرسی کاروباری ئاسایش و سیاسی لە ئیکۆواس رۆژی هەینی، 18-8-2023 رایگەیاند، "ئامادەی رۆیشتنین و داواکارییەکەمان بەدەست گەیشتووە. رۆژی دەستپێکردنی چوونە نێو خاکی نەیجەریش دیاریکراوە."
 
بەرپرسانی ئیکۆواس هێشتا دەیانەوێت بە رێگەی گفتوگۆ بگەنە چارەسەرێک بۆ دۆخی نێوخۆی نایجەر، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسی کاروباری ئاسایش و سیاسی کۆمەڵەکە گوتی، رۆژی شەممە "بەرپرسانی ئیکۆواس دەچنە نایجەر و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ گەڕانەوەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکە دەدەن."
 
رۆژی 26ی تەممووزی ئەمساڵ، لە نایجەر کودەتایەکی سەربازی دژی محەممەد بەزووم ئەنجامدرا و لە دەسەڵات دوورخرایەوە. دوای ئەوەش، ئیکۆواس کودەتاکەی رەتکردەوە و داوای گەڕاندنەوەی سەرۆکی هەڵبژێردراویان کرد.
 
وڵاتانی ئیکۆواس بریتین لە کەیپڤێرد، گامبیا، گینیا، گینیا بیساو، لایبێریا، مالی، سەنیگال، سیێرا لیۆن، بێنین، بورکینا فاسۆ، گانا، کۆتدیڤوار، نایجیریا و تۆگۆ.
 
لە دوای ساڵی 2020ـەوە نایجەر چوارەم وڵاتی ئیکۆواسە کە کودەتای تێدا ئەنجام دەدرێت، دوای هەریەک وڵاتانی مالی، گینیا و بورکینا فاسۆ.