لە ئیندۆنیزیا هۆزێک مردووەکانیان لە ماڵەوە هەڵدەگرن


رووداو - هەولێر

هۆزێکی ئیندۆنیزی لەکاتی مردنی کەسوکاریان، جلی نوێی لەبەردەکەن و بە وریاییەوە رێکیدەخەن بۆ ئەوەی دڵنیابن چرچی و لۆچی لە جلەکەیدا نەبێت. خانەوادەیەک تەرمی باپیریان کە چەند ساڵێکە مردووە بۆ وێنەگرتنێکی خێزانی ئامادە دەکەن.
 
ئەم کولتوورەی هۆزی تۆراجان کە لە هەرێمی تۆراجای رۆژئاوای ئیندۆنیزیا نیشتەجێن، بە مانین ناسراوە؛ ئەوان بەمشێوەیە رۆحی کەسوکاریان دوای چەندین ساڵ مۆمیاکردنی تەرمەکان، بۆ زەویی پوویا دەنێرن کە بە بڕوای ئەوان رۆحی مردووەکانیان لەوێیە.
 
سوڵێ، ئەندامی خێزانەکەیە و دەڵێت: "کاتێک مانین دەکەین، لە کردنەوەی تابووتەکەوە دەستپێدەکەین و پاکیدەکەینەوە. دواتر تەرمەکان لەبەر خۆر وشک دەکەینەوە و جلیان لەبەردەکەین. پێشووتر خەڵک ئاو، گەڵا و پارەشیان دەکردە تابووتی مردووەکان، بەڵام ئێستا زۆر باوی ئەو شتانە نەماوە".
 
تۆراجانییەکان ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن و 100 هەزار کەس دەبێت، زۆربەیان کریستیانن و بەشێکیشیان موسڵمان یان ئالووکن.
 
کاتێک ئەندامێکی هۆزەکە دەمرێت، بە رێگەی نەریتی یاخود نوێ تەرمەکەی مۆمیا دەکرێت و لە ماڵەوە دەهێڵرێتەوە؛ بڕوایان بە ئەفسانەیەک هەیە کە پاراستن و رێزلێنانی زۆر لە مردوو بەختی باشیان بۆ دەهێنێت و کێڵگەکانیان بەپیتتر دەکات.
 
ساموێل تیراندا، سەرۆک هۆزی گوندی پانگالا دەڵێت: "لە پانگالا خەڵک خۆیان بۆ مردووەکان تەرخانکردووە. ئەمە مانای ئەوە نییە دەیانپەرستین. ئێمە تەنیا شکۆیان پێدەدەین. خەڵکی تۆراجا رێزی زۆریان بۆ مردوو هەیە".
 
نەریتی هۆزەکە وایە، ماوەی 10 بۆ 15 ساڵ مردووەکان دەپارێزن تاوەکو بڕێک پارەی باش بۆ پرسەکەی پاشەکەوت دەکەن. دواتر پرسەی بۆ دادەنێن و دەیان مانگا، مەڕ و بەراز دەکەنە قوربانی. زۆربەی پرسەکان زیاتر لە 10 رۆژ دەخایێنن و تێچووەکەیان دەیان هەزار دۆلارە.