19-07-2024
15:32
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دەڵێت "هۆکاری سەرەکی"ی دروستبوونی ئەو کێشە تەکنیکییەیان چارەسەرکردووە کە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی جیهانی گرتەوە، بەڵام دەشڵێت، کاریگەرییەکانی بەسەر هەندێک خزمەتگوزارییەوە دەمێنن.
رۆژی هەینی، 19ی تەممووزی 2024، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە پۆستێکی تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە: "هۆکارە سەرەکییەکە چارەسەرکراوە، بەڵام کاریگەرییەکانی بەسەر ئەپڵیکەیشن و خزمەتگوزارییەکانی مایکرۆسۆفت 365ـەوە دەمێنێت."
مایکرۆسۆفت 365 پلاتفۆرمێکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتە کە بە 99.99 دۆلاری ساڵانە دەتوانیت سوود لە چەند ئەپلیکەیشن و خزمەتگوزارییەکی ببینیت، لەوانە مایکرۆسۆفت تیمس، وێرد، ئێکسڵ، پاوەرپۆینت، ئاوتلوک، وەندرایڤ و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە. بەکارهێنەرانی دەتوانن لەسەر تابلێت، ماک، کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانیان بەکاریان بهێنن.
کۆمپانیاکە دەشڵێت، چەند رێکارێکی دیکە بۆ بەتەواوی چارەسەرکردنی کێشەکە و ئاسوودەبوونی بەکارهێنەرانیان دەگرنەبەر.
14:55
سوپەرمارکێتەکانی بەریتانیا: تەنیا کاش وەردەگرین
لە سوپەرمارکێتێکی بەریتانیا لەسەر تەختەسپییەکە نووسراوە: تەنیا کاش وەردەگرین.
چەندین سوپەرمارکێت لە سەرانسەری بەریتانیا تەنیا بە کاش پارە وەردەگرن. ئەوەش بەهۆی لەکارکەوتنی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی.
ژمارەیەک وێنە لە شارەکانی وەیترۆس، پیتەرسفیڵد و هامسفێری بەریتانیا گیراون کە دەردەکەوێت سوپەرمارکێتەکان لەسەر تەختەسپییەکان نووسیویانە کە تەنیا بە کاش پارە وەردەگرن. بەهۆی لەکارکەوتنی سیستمەکانیان.
زیاتر بخوێنەوە
14:50
جۆرج کورتز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کراودسترایک، کەمێک پێش ئێستا قسەی بۆ کەناڵی ئێن بی سیی ئەمریکی کرد و گوتی: "زۆر داوای لێبوردن دەکەین".
جۆرج کورتز رایگەیاند، ئەو کێشە جیهانییە بەهۆی یەک نێوەڕۆکی هەڵەی ئەپدەیتێکەوە دروستبوو و گوتی: "ئەپدەیتێکە گرفتێکی لە سۆفتوەیردا هەبوو بووە هۆی کێشە لە سیستەمی بەکارخەری مایکرۆسۆفت".
گوتیشی: "زۆر بەخێرایی دەتنیشانمان کرد و چارەسەرمان کرد".
کراودسترایک کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری بواری ئاسایشی سایبەرییە و تابەتە بە راگرتنی پێشێلکردنی ئینتەرنێت و هاککردن، خزمەتگوزارییەکان پێشکێش بە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان دەکات.
پرسیار لە جۆرج کورتز کرا کە چۆن ئەپدەیتێک دەتوانێت پشێوییەکی جیهانیی وا دروست بکات، لە وەڵامدا گوتی: "دەبێت بگەڕێینەوە و بزانین چی روویدا، سیستەمەکانمان هەمیشە بەشوێن دوایین هێرشەکاندا دەگەڕێن لە نەیارەکانەوە".
هەروەها پرسیاری لێکرا ئایە دەکرێت ئەمە هێرشێکی سایبەری بێت، جۆرج کورتز گوتی: "نەخێر. هێرشی سایبەری نەبوو، پەیوەندی بە نێوەڕۆکی ئەو ئەپدەیتەوە هەبوو".
14:39
هێڵە ئاسمانییەکان بلیتەکانیان بە دەستنووس پڕدەکەنەوە، بەهۆی لەکارکەوتنی سیستمەکانیان ناتوانن بلیت چاپ بکەن.
هێڵی ریان ئێر لە فڕۆکەخانەی ستانستێدی ئینگلاند بەهۆی لەکارکەوتنی سیستەمەکەیان ناتوانن بلیتەکان چاپ بکەن و بە ناچاری بە دەست دەینووسنەوە.
ریان ئێر تەنانەت ناتوانێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی شوێنی دانیشتنی گەشتیارەکان لەنێو فڕۆکەکاندا دەستنیشان بکات، بۆیە هەموو گەشتیارەکان ئاڕاستە دەکەن بۆ شوێنی دانیشتنیان.
تەنانەت رێستورانت و خواردنە خێراکان لە فڕۆکەخانەکان بەهۆی لەکارکەوتنی سیستمەکانیان کێشەیان هەیە.
ئەم کێشەیە تەنیا لە بەریتانیا نییە، بەڵکو لە هندستانیش هێڵە ئاسمانییەکان بە دەستنووس بلیتەکان پڕدەکەنەوە.
14:35
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، بەهۆی کێشە ئەلیکترۆنییەکەوە گەشتەکانی نێوان عێراق و ئیمارات وەستاون.
14:24
بەڕێوەبەری فلای ئەربیل: دەکرێت گەشتی دوو شاری ئەورووپا بۆ هەولێر دوابخرێن
فڕۆکەیەکی هێڵی فلای ئەربیل.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای فلای ئەربیل دەڵێت، بەهۆی ئەو کێشە تەکنیکیییەی بۆ زۆربەی فڕۆکەخانەکانی جیهان دروسبووە، هیچ زیانمەند نەبوون و گەشتەکانیان لە کاتی خۆیدا دەکرێن، ''تەنیا لە فڕۆکەخانەی لەندن و ئەمستردام کە تووشی گرفت بوون، لەوانەیە گەشتەکان بۆ هەولێر دوابخرێن''.
ئەمڕۆ هەینی، 19-07-2024، لاوەند مەمووندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیای رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشیکرد، رایگەیاند: ''گەشتەکانی فلای ئەربیل بەهۆی ئەو کێشە تەکنیکییەوە هیچ نەوەستاون و گرفتێکیان رووبەڕوو نەبووەتەوە.''
لاوەند مەمووندی گوتی، زۆرترین کێشە رووبەڕووی فڕۆکەخانەی ئەمستردام بووەتەوە و ''ئێستا فڕۆکەیەکی فلای ئەربیل لە فڕۆکەخانەی ئەمستردامە و تەنیا ئێر تۆفی کۆنترۆڵی (ATC) ئەوان کێشەی هەیە و رەنگە ببێتە هۆی دواکەوتنی گەشتی ئەمستردام-هەولێر.
بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل ئاماژەی بەوە کرد، بەڵام ئەگەر هیچ کێشەیەک روونەدات، کاژێرێکی دیکە، فڕۆکەی فلای ئەربیل لە ئەمستردامەوە بەرەو هەولێر بەڕێدەکەوێت.
لاوەند مەمووندی گوتیشی: ''ئەمڕۆ گەشتەکانمان لە هەولێرەوە بۆ لەندن لە کاتی خۆیدا دەکرێت و هیچ کێشەیەکی رووبەڕوو نەبووەتەوە، بەڵام لە فڕۆکەخانەی لەندن کێشەی گەورە هەیە و رەنگە لەوێشەوە ببێتە هۆی ئەوەی گەشتەکان دوابکەون''.
زیاتر بخوێنەوە
14:18
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دەڵێت، بنەڕەتی کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڵام کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە هەندێک لە بەرنامەکانیدا بەردەوامە و لەسەر ئاستی جیهانیش هێشتا هەموو شوێنەکان نەگەڕاونەتەوە سەر باری ئاسایی خۆیان.
کێشەکە چییە؟ لێرەوە بیزانە.
زیاتر بخوێنەوە
14:10
وەزارەتی گواستنەوە بۆ رووداو: کێشەی تەکنیکی جیهان هیچ کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان نەبووە
کێشە بۆ ئەو ئامێرانە دروستبووە کە بە سیستمی ویندۆز کاردەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو کێشە تەکنیکییەی وڵاتانی گرتووەتەوە هیچ کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان نەبووە. دەشڵێت، ئاگادار نەکراونەتەوە کە کێشە بۆ سیستمی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەی قوتابیان دروستبووبێت.
ئەمڕۆ بەهۆی داڕمانی سیستمی تەکنیکی جیهانەوە کێشە بۆ بەشێک لە فڕۆکەخانە، بانک و ناوەندە ئەلیکترۆنییەکانی جیهان دروستبوو.
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کێشە تەکنیکییەی بەشێکی وڵاتانی گرتووەتەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست نەکردووە".
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کورستان، بانکەکان و هێڵەکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان وەکو خۆیان کار دەکەن و هیج گرفتێکیان نەهاتووەتە پێش.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی هەرێمی کوردستان بڵاوبکرێتەوە، لەبارەی کاریگەریی کێشەکان لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەنجامەکان، دیلان رەشاد گوتی: "هیچ کێشەیەک بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە کوردستانی نەگرتووەتەوە و هیچ ئامێرێکی ئەلیکترۆنیش لەکار نەوەستاوە. لەبارەی ئەنجامەکانیشەوە هیچ لایەنێک ئێمەی لە بوونی کێشە ئاگادار نەکردووەتەوە کاری لەسەر بکەین".
هەر ئەمڕۆ بەرپرسانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک بە رووداویان گوت، کێشەیان نییە و گەشتەکانیان بە گوێرەی پلان بەڕێوەدەچێت.
هاوکات، تیمی هەژماری من لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، کێشەیان نییە و هەرکەس پارە لە هەژمارەکەیدا هەبێت دەتوانێت بچێت رایبکێشت.
کێشە تەکنیکییەکە زیاتر وڵاتانی ئەمریکا، ئوسترالیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە و زۆربەی گەشتەکانی فڕۆکەخانە و شەمەندەفەر و کەشتی وەستاون.
هەروەها سیستمی پەیوەندیکردن بە گشتی لەو شوێنانەی کە ئامێرەکانی مایکرۆسۆفت بەکاردەهێنن کێشەیان تێکەوتووە.
13:45
کۆمپانیای کراودسترایک کۆمپانیایەکی ئاسایشی ئەلیکترۆنییە کە ساڵی 2011 دامەزراوە. کۆمپانیاکە پارێزگاری لە سیستمی گەورە کۆمپانیاکانی جیهان دەکات و لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان دەپارێزێت.
کۆمپانیاکە رێگری لە گەیشتنی فایلی ڤایرۆسی بە کۆمپیوتەر و مۆبایلی کۆمپانیاکان دەکات. هەروەها، داتای کۆمپانیاکانیش لە کلاود و سێرڤەری تایبەت بە خۆیدا دەپارێزێت.
کراودسترایک هەبوونی کێشەیەک لە ئەپدەیتێکی کۆمپانیاکەیان بە هۆکاری دروستبوونی کێشە تەکنیکییەکەی جیهان دادەنێت. ئەو کۆمپانیایە کە تایبەتە بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی رایگەیاند، کێشەکەی دەستنیشان کردووە و جیای کردووەتەوە و چارەسەرێکی خستووەتە کار بۆ کێشەکە.
لەوبارەیەوە جۆرج کورتز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کراودسترایک، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "کراودسترایک چالاکانە لەگەڵ ئەو کڕیارانەیدا کاردەکات کە بەهۆی کێشەی نوێکردنەوەی ویندۆزەوە کاریگەر بوون. ئەم کێشەیە کاریگەری لەسەر ماک و لینوکس نەبووە. ئەمە رووداوێکی ئەمنی یان هێرشێکی ئەلیکترۆنی نەبووە. کێشەکەمان چارەسەرکردووە، جیامانکردووەتەوە و سەرقاڵی چارەسەرکردنین. بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی نوێکردنەوەی تەواو و بەردەوام لەسەر ماڵپەڕەکەمان بەردەست بکەین."
پێش راگەیەندراوی کۆمپانیاکە کۆمپانیای فرۆکەوانی ئەمریکی رایگەیاند، ئەم کێشە تەکنیکییە پەیوەندی بە کراودسترایکەوە هەیە. نووسینگەی فیدراڵی سویسرا بۆ ئاسایشی سایبەری رایگەیاند: "هەبوونی هەڵەیەک لە نوێکردنەوەیەک (ئەپدەیتێک) لەلایەن کۆمپانیای کراودسترایکەوە بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو کێشە تەکنیکییە لە جیهاندا."
دروستبوونی کێشە لە ئامێرەکان بە زۆری ئامێر و خزمەتگوزارییەکانی مایکرۆسۆفتی گرتووەتەوە. مایکرۆسۆفت رایگەیاند، ئێستا هەندێک رێکار دەگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کێشەکان.
مایکرۆسۆفت دەشڵێت، گرفتەکان و پچڕانی خزمەتگوزارییەکان لە کاژێر 6ی ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (1ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێ) دەستیپێکردووە.
لە ساڵی 2019ـەوە کۆمپانیاکە لە بازاڕە داراییەکانی نەسداک تۆمارکراوە. دوای روودانی ئەم کێشە تەکنیکییە، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای کلاودسترایک زیاتر لە 20٪ و کۆمپانیای مایکرۆسۆفتیش 2٪ دابەزین.
13:42
ئێستا بەشێک لە کۆمپانیا و کارگە و شوێنەکان لەسەر ئاستی جیهان خەریکە دەگەڕێنەوە بۆ کاری ئاسایی خۆیان؛ ئەمانە نوێترین رووداوەکانن:
◀ هێڵی فڕۆکەوانیی ئەمریکا (American Airlines) کەوتەوە ئیش و داوای لێبوردن لە گەشتیاران دەکات.
◀ دەیان کەناڵی تەلەڤزیۆنی لەکارکەوتن، بەڵام بەشێکیان دەستیان بە پەخش کردەوە؛ لەوانە سکای نیوزی بەریتانی.
◀ ئەمە گەورەترین کێشەی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆجیای زانیارییە لە ساڵی 2017ـەوە؛ ئەو ساڵەش گرفتێک لە ویندۆزدا زیانی بە 300 هەزار کۆمپیوتەر لە جیهاندا گەیاند.
◀ بەگوێرەی خەمڵاندنێک، کراودسترایک کە کۆمپانیای سەرچاوەی کێشەکەیە بە بەهای 16 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
◀ زۆرینەی شوێنەکان مایکرۆسۆفت تۆمەتبار دەکەن کە خاوەنی زۆرترین بەرنامەی بەڕێوەبردنە، مایکرۆسۆفتیش دەڵێت هەڵەکە لە هاوبەشی سێیەم- کراودسترایک روویداوە و کراودسترایکیش دەڵێت، هەڵەکە دۆزراوەتەوە و چارەسەری بۆ کراوە، بەڵام کاتی دەوێت تاوەکو هەموو سیستمەکان چاک دەبنەوە.
◀ لەسەر ئاستی جیهان، تائێستا سەرووی هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاونەتەوە، ملیۆنان مامەڵە لە بانک و مۆڵەکان وەستاون و کاری بەشێک لە ناوەندەکانی تەندروستی تێکچوون.
◀ کراودسترایک دەڵێت، ئەمە هێرشی ئەلیکترۆنی و هاک نییە، "کێشەکەمان دۆزیوەتەوە، جیامان کردووەتەوە و چارەسەرمان بۆ ناردووە".
ئەگەر تۆش یان بزنسەکەت زیانی بەرکەوتووە، پەیوەندی بە رووداو بکە و چیرۆکەکەت بگەیەنە:
009647518110001
زیاتر بخوێنەوە
13:05
کراودسترایک لەبارەی کێشە ئەلیکترۆنییەکە: گرفتێک هەیە و چارەسەر دۆزراوەتەوە
لۆگۆی کۆمپانیای کراودسترایک.
کۆمپانیای کراودسترایک کە تایبەتە بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی، رایگەیاند کێشەکەی دەستنیشان کردووە و جیای کردووەتەوە و چارەسەرێکی خستووەتە کار بۆ کێشەکە.
زۆر لەوانەی کە ئەم بەیانییە کاریگەر بوون بە کێشە ئەلیکترۆنییەکان لە سەرانسەری جیهان، لۆمەی کۆمپانیای کراودسترایک دەکەن بەهۆی ئەوەی ئەپدەیتێکی بڵاوکردووەتەوە و بووەتە هۆی کێشە لە سەرانسەری جیهان.
لەوبارەیەوە جۆرج کورتز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کراودسترایک، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "کراودسترایک چالاکانە لەگەڵ ئەو بەکارهێنەرانە کار دەکات کە کاریگەر بوون بە گرفتێک لە ئەپدەیتێکدا دۆزراوەتەوە کە بۆ ویندۆز نێردراوە".
گرفتەکە تەنیا بەکارهێنەرانی سیستمی ویندۆز دەگرێتەوە و ئەوانەی سیستەمی ماک و لینوکس بەکاردەهێنن کێشەیان نییە.
کۆمپانیای کڕاودسترایک دەڵێت: "ئەمە کێشەیەکی ئاسایشی سایبەری یان هێرشی سایبەری نییە، کێشەکە دەستنیشان کراوە و جیاکراوەتەوە و چارەسەرێکیش خراوەتەگەڕ".
کۆمپانیای کراودسترایک خزمەتگوزارییەکی ئاسایشی سایبەرییە کە کاری راگرتنی پێشێلکارییە لە ئینتەرنێت و هاککردن، ئەم خزمەتگوزارییەش پێشکەش بە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان دابین دەکات.
وا پێشبینی دەکرێت کە ئەپدەیتێکی سۆفتوێر کە چەند کاژێرێک پێش ئێستا لەلایەن ئەم کۆمپانیایەوە بڵاوکرایەوە هۆکاری ئەو کێشە ئەلیکترۆنییە جیهانییە بێت کە زۆر سێکتەری لە سەرانسەری جیهان گرتووەتەوە.
12:57
مایکرۆسۆفت لەبارەی کێشە ئەلیکترۆنییەکە: چارەسەر لە ئان و ساتدایە
باڵەخانەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت. وێنە: AFP
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لۆمەی لایەنی سێیەم دەکات بۆ کێشە ئەلیکترۆنییەکان و دەڵێت چارەسەر لە ئان و ساتدایە.
کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ئەمریکی، کە ئامێرەکانی لە سەرانسەری جیهان رووبەڕووی کێشەی ئەلیکترۆنی بووەتەوە و بەشێکیان لەکارکەوتوون، رایگەیاند لایەنێکی سێیەم هۆکاری کێشەکەیە کاتێک لە ئەپدەیتێکی بڵاوکردووەتەوە.
مایکرۆسۆفت لە راگەیێندراوێکدا دەڵیت: "ئاگادارین کێشەیەکین کە کاریگەرییان لەسەر ئامێرەکانی ویندۆز هەیە بەهۆی ئەپدەیتێکەوە کە لایەنێکی سێیەم بڵاویکردووەتەوە کە پلاتفۆرمێکی سۆفتوێرە".
مایکرۆسۆفت دەشڵێت: "پێشبینی دەکەین چارەسەر لە ئان و ساتدا بێت".
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، گوتەبێژێکی مایکرۆسۆفت گوتی: "ئاگاداری کێشەیەکین کە کاریگەری لەسەر بەشێک لە بەکارهێنەران هەیە".
گوتەبێژەکە دەشڵێت: "ئاگادارین دەکرێت چ کاریگەرییەکی لەسەر بەکارهێنەران هەبێت، کاردەکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوانە بگەڕێنەوە کە رووبەڕووی کێشە دەبنەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە، لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینییەوە، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە پەخشی تەلەڤیزیۆن، هۆکارەکانی گواستنەوە و نەخۆشخانەکان لە سەرتاسەری جیهان لەکارکەوتوون و هەزاران گەشتی فڕۆکەوانی هەڵوەشاونەتەوە.
زیاتر بخوێنەوە
12:48
لە فڕۆکەخانەی بێلفاستی ئێرلەندای باکوور تەختەی سپی لە جیاتی شاشەی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێندرێت
لە فڕۆکەخانەی بێلفاستی ئێرلەندای باکوور تەختەی سپی لە جیاتی شاشەی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێندرێت
کێشەی تەکنیکی کە هەموو جیهانی گرتووەتەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بێڵفاستی ئێرلەندای باکووریشی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە بەشێک لە ئامێرەکانی کار ناکەن و فڕۆکەخانەکە بە ناچاری تەختەی سپی بەکاردەهێنێت بۆ نووسینی کاتی گەشتەکان لە جیاتی ئاکرانی ئەلیکترۆنی.
مارتن ماکئیلرۆی گەشتیارێکە لە فڕۆکەخانەی بێلفاست، وێنەیەکی گرتووە کە تێیدا دەردەکەوێت ئاکرانە ئەلیکترۆنییەکان لە فڕۆکەخانەکە کار ناکەن و تەختەی سپی بەکاردەهێندرێت بۆ نووسینی کات و زانیارییەکان لەبارەی گەشتەکان بۆ گەشتیاران.
مارتن ماکئیلرۆی کە بە گەشتێکی هێڵی راین ئەیر گەشت دەکات، بە سکای نیوزی بەریتانی راگەیاندووە: "جێی سەرنج بوو ببینین ژمارەیەک تەختە سپی داندراون و چەند کەسێکی فڕۆکەخانەکە تەماشای مۆبایلەکانیان دەکەن و زانیارییەکانی لەسەر دەنووسنەوە".
12:43
یانەی مانچێستەر یونایتد رایگەیاند، بەهۆی ئەو کێشە تەکنیکییە جیهانییە هەیە، سیستەمەکەیان کاریگەر بووە و بەهۆی ناتوانن بلیت بفرۆشن.
یانەی مانچێستەر یونایتد لە پۆستێکدا لە X بڵاویکردەوە: "بەداخەوە بەهۆی لەکارکەوتنی سێرڤەرەکان مایکرۆسۆفت لە جیهاندا کە کاریگەری لەسەر زۆر سیستەم هەیە، بە سیستەمی ئێمەیشەوە، بڵاوکردنەوەی بلیتەکانی ئەم بەیانییە دوادەخرێت تاوەکو نیوەڕۆ".
مانچێستەر یونایتد ئاماژە بەوەش دەکات تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەکرێت، ماڵپەڕەکەشیان کارا نابێت.
زیاتر بخوێنەوە
12:41
نووسینگەی ئاسایشی ئینتەرنێتی سویسری هۆکاری کێشە تەکنیکییەکە ئاشکرا دەکات
نووسینگەی ئاسایشی ئینتەرنێتی سویسری هۆکاری کێشە تەکنیکییەکە ئاشکرا دەکات
نووسینگەی فیدراڵیی سوێسرا بۆ ئاسایشی ئینتەرنێتی رایدەگەیێنێت، هەڵە لە ئەبدەیت یان رێکخستن لەلایەن کۆمپانیای کراودسترایکەوە هۆکاری داڕووخانی سیستمی پەیوەندییە.
کراودسترایک کۆمپانیایەکی بواری ئاسایشی ئینتەرنێتییە و لە ساڵی 2011 دامەزراوە. ئامانجی کۆمپانیاکە پاراستنی کۆمپانیا گەورەکانی جیهانە لە هێرشی سایبەری.
زیاتر بخوێنەوە
12:28
ئەنتۆنی ئەلبانیس، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند ژێرخانە گرنگەکانی ئەو وڵاتە کاریگەر نەبوونە بە لەکارکەوتنی ئامێرەکان.
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسیویەتی: "تێدەگەم ئوسترالییەکان نیگەرانن لەبارەی ئەو پچڕانەی جیهانییە و کاریگەری کردووەتە سەر زۆر خزمەتگوزاری، بەڵام کاریگەری نەکردووەتە سەر ژێرخانە گرنگەکان لە وڵاتەکەدا".
ئوسترلیاش هاوشێوەی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان کاریگەرن بە کێشەیەکی جیهانیی کە ئامێرە تەکنەلۆژییەکانی گرتووەتەوە و لەکارکەوتوون، کێشەکان زیاتر بە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و کۆمپانیای کراود سترایک دەبەسترێتەوە، لە سەرانسەری جیهان زیاتر ئامێرەکانی مایکرۆسۆفت لەکارکەوتوون.
12:20
دوایین زانیارییەکان لەبارەی پچڕانی ئەلیکترۆنی لە جیهان
• بەشێکی پەخشی تەلەڤیزیۆن، هۆکارەکانی گواستنەوە و نەخۆشخانەکان لە سەرتاسەری جیهان لەکارکەوتوون
• هەزاران گەشتی فڕۆکەوانی هەڵوەشاونەتەوە
• هێڵی ئاسمانیی ئەمریکا دەڵێت پێگەی ئاسایشی ئەمنیی Crowdstrike کێشەکەی ناوەتەوە
• مایکرۆسۆفت دەڵێت، خەریکی چارەسەرکردنی کێشەیەکن
• لە ئالاسکای ئەمریکا هێڵی گەرمی 911 لەکارکەوتووە
• کێشەکە تائێستا کاریگەریی لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نەکردووە
زیاتر بخوێنەوە
12:18
دەکرێت چی لەپشت داڕووخانی سیستمی پەیوەندیی جیهان بێت؟
دەکرێت چی لەپشت داڕووخانی سیستمی پەیوەندیی جیهان بێت؟
لە کاتێکدا جیهان رووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە لە چەندین کەرتی جیاواز بەهۆی لەکارکەوتنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، ئێستا پرسیارێکی سەرەکی ئەوەیە هۆکارەکە چییە؟
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام زیاتر وا دەردەکەوێت کە کێشەکان لە هەردوو کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و کۆمپانیای کراودسترایک بێت کە تایبەتە بە ئاسایشی ئینتەرنێتی.
لە سەرانسەری جیهان ئامێرەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رووبەڕووی کێشە و گرفت بوونەتەوە و کار ناکەن، بەوهۆیەوە کێشە بۆ چەندین کەرت و سیستم دروستبووە.
لاورین سیڵش دیکسون کە پسپۆڕی تایبەتمەندیی داتایا لە کۆمپانیای یاسایی گۆردۆنس، دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هۆکاری پچڕانەکە نازانین، بەڵام وا دەردەکەوێت کە پەیوەندی بە مایکرۆسۆفت و کراودسترایکەوە هەبێت."
ئاماژە بەوەش دەکات، "دەکرێت چەندین هۆکار بۆ پچڕانێکی وا هەبن، بەڵام مایکرۆسۆفت دەڵێت، کێشەکە تەکنیکییە نەک هێرش یان رووداوێکی سایبەری."
رەنگە لە کاژێرەکانی داهاتوودا زیاتر روون ببێتەوە و بزانین چی روویداوە، بەڵام وەکو لاورین دەڵێت، ئەم رووداوە دەریدەخات کە "ئێمە تاوەکو چەند پشتمان بە چەند جۆرێکی تەکنەلۆژیا بەستووە و دامەزراوەکان چەند متمانەیان بەم تەکنەلۆژیایانە کردووە و تەنیا لەکارکەوتنیان دەکرێت چ پشێوییەک دروستبکەن."
لەبارەی گومانی ئەوەی ئەم لەکارکەوتنە بەهۆی هێرشی سایبەرییەوە بێت، سەرچاوەیەکی ئەمنی حکومەتی بەریتانیا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەم پچڕانی هێڵی پەیوەندییە جیهانییە کە کاریگەری کردووەتە سەر پەخش، بانک و کۆمپانیاکانی پەیوەندی، "وەکو کێشەیەکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی سایبەری مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت."
زیاتر بخوێنەوە
12:07
دوای ئەوەی بەهۆی داڕمانی سیستمی تەکنیکی جیهانەوە کێشە بۆ بەشێک لە بانک و فڕۆکەخانەکانی جیهان دروستبوو، بەرپرسانی پڕۆژەی "هەژماری من" دەڵێن، هیچ کێشەیەک لە بانکەکانی نێو پرۆژەی هەژماری مندا نییە.
تیمی "هەژماری من" لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ کێشەیەک بۆ سیستمی ئامێرەکانی راکێشانی پارە دروست نەبووە و هەر مووچەخۆرێک پارە لە هەژمارەکەیدا هەبێت دەتوانێت بچێت و رایبکێشێت".
هەر ئەمڕۆ هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەکە بەشێکی فڕۆکەخانەکانی جیهانی گرتووەتەوە، بەڵام لای ئێمەوە تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک بۆ گەشتەکانمان دروست نەبووە و بەگوێرەی پلان بەڕێوەدەچێت".
هاوکات سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گەشتەکانیان بەگوێرەی پلان بەڕێوەدەچێت و هیچ کێشەیەکی تەکنیکییان نییە. هەروەها هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو کێشەیەی بۆ فڕۆکەخانەکانی جیهان دروستبووە بە ئەوان نەگەیشتووە و گەشتەکانیان بەردەوامن.
کێشەی تەکنیکییەکە زیاتر وڵاتانی ئەمریکا، ئوسترالیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە و زۆربەی گەشتەکانی فڕۆکەخانە و شەمەندەفەر و کەشتی وەستاون.
12:03
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو کێشەیەی بۆ فڕۆکەخانەکانی جیهان دروستبووە بە ئەوان نەگەیشتووە و گەشتەکانیان بەردەوامن.
زیاتر بخوێنەوە
11:58
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکان "زۆر ئاسایین و هیچ دواکەوتنێک رووینەداوە".
دەشڵێت، گەشتەکانی هاتن و چوون لە هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق ئاساییە و هیچ کێشەیان نییە.
11:55
لە ئوسترالیا بەهۆی داڕووخانی سیستەمی گەیاندن دوو کەناڵی تەلەفیزیۆنی ناتوانن پەخش بکەن.
هەریەک لە کەناڵەکانی 10 و کەناڵی ABC و کەناڵی سکای نیوز ئوسترالیا پەخشیان وەستاوە.
هەروەها گەشتەکانی بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی ئوسترالیا رووبەڕووی کێشە بووەتەوە و کۆمپانیای ڤیرجین ئێرڵاینز رووبەڕووی چەند کێشەیەک بووەتەوە، هەروەها تێلسترا کە تایبەتمەندە بە پەیوەندییەکان رووبەڕووی کێشە بووەتەوە.
زیاتر بخوێنەوە
11:44
بەهۆی کێشە تەکنیکییەکەوە، هەریەکە لە هێڵی کەی ئێڵ ئێم-ی هۆڵەندی و فڕۆکەخانەکانی بەرلین و هامبۆرگ لە ئەڵمانیا فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەیان راگرتووە
زیاتر بخوێنەوە
11:36
- بەهۆکارێکی نادیار ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە جیهان کێشەی تەکنیکییان تێکەوت
- بەهۆی کێشەکەوە دەیان گەشتی فڕۆکە لە ئەمریکا راگیراون.
- کێشەکە کاریگەریی لە دامەزراوە میدیاییەکان و بانکەکانی ئەمریکا و ئوسترالیا کردووە.
- هێڵی فریاگوزاریی 911 لە ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکا لەکارکەوت
- فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەڵێن کێشەی تەکنیکییان نییە
- پەخشی کەناڵی بی بی سی تایبەت بە منداڵان وەستاوە
- گومان دەکرێت کێشەکە لە سیسیتمی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی کراود سترایک بێت
- کێشەکە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەریی لەو ئامێرانە کردووە کە بە سیستمی ویندۆز Windows کاردەکەن
- کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دەڵێت رێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی دەگرنە بەر.
- تیمی رێکخەری یارییەکانی ئۆڵۆمپی لە پاریس دەڵێ کێشەکە کاریگەریی لەسەر ئامێرەکانی ئەوانیش کردووە
11:29
باس لەوە دەکرێت، ئەو کێشە ئەلیکترۆنییەی جیهانی گرتووەتەوە لە سیستمێکی ئاسایشی ئەلیکترۆنی (سایبەر سیکیوریتی)ی بە ناوی کراود سترایک سەرچاوەی گرتووە کە سۆفتوێری دژەڤایرۆس بۆ کۆمپانیا ئەلیکترۆنییەکان دابین دەکات.
کێشەکە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەریی لەو ئامێرانە کردووە کە بە سیستمی ویندۆز Windows کاردەکەن و لەسەر شاشەکان دەنووسرێت "پێدەچێت ویندۆز بە دروستی کارنەکات"
11:26
لە ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکا هێڵی فریاگوزاریی 911 لەکارکەوتووە بەهۆی داڕووخانەی سیستەمی ئای تی کە بەشێکی جیهانیی گرتووەتەوە.
پۆلیسی ویلایەتی ئالاسکا رایگەیاندووە، هێڵەکانی فریاگوزاری لە ویلایەتەکە کار ناکەن بەهۆی ئەوەی ناوەندەکانی پەیوەندی لە سەرانسەری ویلایەتە گرفتیان هەیە.
زیاتر بخوێنەوە
11:25
لەگەڵ دروستبوونی کێشە لە سیستمی پەیوەندیکردن لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان و راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکە، هەر یەکە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بە رووداویان راگەیاند، لەلای ئەوان کێشەی تەکنیکی دروست نەبووە و گەشتەکان ئاسایین.
زیاتر بخوێنەوە
10:48
رووداو دیجیتاڵ
ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە جیهان کێشەی تەکنیکییان تێکەوت. کێشەکە لە پەیوەندیکردندا دروستبووە و زیاتر ئەمریکا و ئوسترالیای گرتووەتەوە.
بەهۆی کێشەکەوە دەیان گەشتی فڕۆکە لە ئەمریکا راگیراون. هاوکات، کێشەکە کاریگەریی لە دامەزراوە میدیاییەکان و بانکەکانی ئەمریکا و ئوسترالیا کردووە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری کێشە تەکنیکییەکە دیار نییە، بەڵام کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دەڵێت رێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی دەگرنە بەر.
لە بەریتانیاش هێلەکانی شەمەندەفەر تووشی دواکەوتن لە خشتەی بەڕێکەوتنیان بوون و دەڵێن کێشەی تەکنەلۆژیای زانیاری IT-یان هەیە.
جگە لەوەش، ماڵپەڕی ئاڵوگۆڕی لەندەن ستۆک-یش تووشی کێشەی تەکنیکی بووە.
ئەو کێشەیە ئامێر و خزمەتگوزارییەکانی مایکرۆسۆفتی گرتووەتەوە. مایکرۆسۆفت رایگەیاندووە، ئێستا هەندێک رێکار دەگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کێشەکان.
مایکرۆسۆفت دەشڵێت، گرفتەکان و پچڕانی خزمەتگوزارییەکان لە کاژێر 06:00ی ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا دەستیپێکردووە، کە دەکاتە کاژێر 01:00ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر.
کۆمپانیاکە دەڵێت، لێکۆڵێنەوە لە کێشەی خزمەتگوزارییەکانی کڵاود لە ئەمریکا دەکات، هەروەها کێشەیەکی دیکە کە کاریگەری هەیە لەسەر ژمارەیەک لە ئەپلیکەیشن و خزمەتگوزارییەکانی.
مایکرۆسۆفت دەشڵێت، گرفتەکان و پچڕانی خزمەتگوزارییەکان لە کاژێر 06:00ی ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا دەستیپێکردووە، کە دەکاتە کاژێر 01:00ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر.
کۆمپانیاکە دەڵێت، لێکۆڵێنەوە لە کێشەی خزمەتگوزارییەکانی کڵاود لە ئەمریکا دەکات، هەروەها کێشەیەکی دیکە کە کاریگەری هەیە لەسەر ژمارەیەک لە ئەپلیکەیشن و خزمەتگوزارییەکانی.