کارگەیەک لە دانیمارک مێش دەکاتە کرم


رووداو دیجیتاڵ 

لە کارگەیەکی دانیمارک ئافرەتێكی خاوەنکار لەگەڵ باوکی، سەرقاڵی پەروەردەکردنی جۆرە مێشێکە کە دواتر دەبێتە کرمێک و هەمووی ماددەی پرۆتینە.
 
دوای پێگەیشتنیان، کرمەکان دەفرۆشرێنە حەوزەکانی ماسی و کێڵگەکانی پەلەوەر و بەراز.
 
جەین لیند سام، خاوەن کارگەی بەرهەمهێنانی کرمە و دەڵێت، "هەر مێشێک دەتوانێت هەزار هێلکە بکات. 40 هەزار هێلکەش هێندەی هێلکەیەکی بچووکە. لەبەر ئەوە ئەمە بەڕاستی ژمارەیەکی زۆری هێلکەیە. رۆژانە دەبێت لەم کارگەیە 25 کیلۆهێلکەی مێش کۆبکەینەوە."
 
کارگەی ئینۆرم لە ساڵی 2023 دا دامەزراوە و بە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی کرم لە باکووری ئەورووپا دادەنرێت. کرمەکان بۆ ئاژەڵەکانی دیکەن، بەڵام لە داهاتوودا بەڕێوەبەرانی کارگە بڕیاریانداوە بۆ مرۆڤیش بەرهەمی بهێنن.
 
سۆرین فابۆرگ، بەڕێوەبەری کارگەی ئینۆرم دەڵێت، "86 هەزار کرم لەناو ئەم بۆکسەدان. هەندێکیان زیندوو دەمێننەوە، بەڵام هەندێکیشیان دەمرن، بەڵام لە کۆتاییدا لە بۆکسێکدا 50 تاوەکو 60 هەزار کرم دەمێننەوە."
 
لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی کۆپێنهاگن لە ساڵی 2020 دا ئاشکرای کرد، چاندن و بەکارهێنانی سۆیا وەک سەرچاوەیەکی پرۆتین لە کێڵگەکانی پەروەردەکردنی ئاژەڵ لە دانیمارک دەبێتە هۆکار بۆ دەردانی ساڵانە 7 ملیۆن تۆن گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن. کرمی دەوڵەمەند بە پرۆتین دەتوانێت وەک جێگرەوەیەک بۆ سۆیا دابنرێت.