گەڕان بەدوای کانزادا رووبەری دارستانەکانی ئەفریقای کەمکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە دارستانێکی سیرالیۆن لە رۆژئاوای ئەفریقا دارێکی زۆری دارستانەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بڕاونەتەوە.
شیکو جوسو، بەرپرسی دەسەڵاتی پاراستنی ناوچە پارێزراوەکانە و دەڵێت، "دەتوانیت ئاستی وێرانکارییەکە ببینیت. دەتوانیت ژمارەیەکی زۆر درەختی کەوتوو ببینیت. ئەمە بەهۆی دۆزینەوەی کانزاکانە کە کارێکی نایاساییە. ئامێر بۆ قوڵکردنی شوێنەکە بەکاردەهێنن، بەڵام رەگی درەختەکانیش دەبڕن. ئەم درەختانە زۆر گرنگن و ئەوان گرنگییان نازانن."
27 هەزار و 540 کیلۆمەتر دووجای سیرالیۆن دارستانە، کە دەکاتە 39٪ی رووبەری وڵاتەکە.
بەگوێرەی رێکخراوی گلۆباڵ فۆرێست واچ، لە ساڵی 2000ـەوە تائێستا سێیەکی دارستانەکانی سیرالیۆن لەنێوچوون. فراوانبوونی شارەکان و گەڕان بەدوای کانزاکان بە هۆکارێکی دیاری کەمبوونەوەی دارستانەکانی ئەو وڵاتە دادەندرێن.
بڕینەوەی دارستانەکان تەواوی کیشوەری ئەفریقای گرتووەتەوە، شەش ملیۆن و 354 هەزار کیلۆمەتر دووجای کیشوەرەکە دارستانە، کە دەکاتە 21٪ـی رووبەرەکەی.
ساڵانە 40 هەزار کیلۆمەتر دووجای دارستانەکانی ئەفریقا دەبڕدرێنەوە کە ئەمە دوو ئەوەندەی تێکڕای خێرایی بڕینەوەی دارستانەکانی جیهانە.
بەرپرسی دەسەڵاتی پاراستنی ناوچە پارێزراوەکان دەڵێت، "پێشتر چالاکییەکانی مرۆڤ ئەوەندە کاریگەر نەبوون. کاتێک دەهاتیە ئێرە مەیموون و شامپانزیت لە هەموو شوێنێک دەبینی، بەڵام دەنگی مشاری کارەبایی بووەتە هۆی ترساندنیان و دوورکەوتوونەتەوە."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڕینەوەی دارستانەکان نەگرنەبەر، ئەوا تاوەکو ساڵی 2050، زیاتر لە 25٪ـی رووبەری دارستانی کیشوەرەکە لەنێودەچن.