گەرما تەنگی بە ئەورووپییەکان هەڵچنیوە


رووداو دیجیتاڵ 

شەپۆلێکی گەرمای بەتین تەنگی بە ئەورووپییەکان هەڵچنیوە، کۆتایی هەفتە خەڵک و گەشتیاران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بۆ خۆفێنککردنەوە بە کۆمەڵ روویان لە نافوورە و حەوزەکان کرد.
  
خەڵک بەردەوام بووتڵی ئاویان بەدەستەوەبوو، ئایسکریم خواردنی سەرەکیی هەمووان بوو.
 
پاتریزیا ڤالێریۆ، گەشتیارە و دەڵێت، "ئێستا گەیشتینە رۆما. وا هەستدەکەین لەنێو فڕنین و قژوشککەرەوەش بەڕووماندا هەڵکراوە. بە خواردنەوەی ئاوێکی زۆر هەوڵدەدەین خۆمان فێنک بکەینەوە."
 
لە ئیتاڵیا 12 شار خراونەتە چوارچێوەی گەرمای تاقەتپڕوکێن، پلەی گەرما گەیشتە 40ـی سیلیزی، بەڵام کەشناسانی ئیتاڵی دەڵێن، هێشتا هیچتان نەبینیوە.
 
ئێدوین ئاریڤالۆ، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "گەرمای رۆما شێتانەیە. زۆر بەتینە، بەڵام بە ئایسکرێم فێنکی دەکەینەوە. دواییش بێگومان دەگەڕێینەوە هۆتێل و سپلیت هەڵدەکەین."
 
گەرما بەتینەکە وڵاتانی بەلکانی لە باشووری ئەورووپا گرتووەتەوە، لە زۆربەی وڵاتان رێنوێنیی منداڵ و ئافرەتی دووگیان و بەساڵاچووان کراوە لەنێوان 10:00ـی بەیانی تاوەکو 04:00ـی ئێوارە نەچنە دەرەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند وڵاتێک لەنێویاندا ئیسپانیا، پلەی گەرما بگاتە 44ی سیلیزی.