رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی بەربژێربوونی خۆی وەکو بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا قبووڵ کرد و لە گوتارێکی دوورودرێژدا کە بە درێژترین گوتاری قبووڵکردنی بەربژێریی لە مێژووی ئەمریکا دادەنرێت، باسی لە چەندین بابەت کرد و بەڵێنی دا ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، سەرجەم کێشەکانی جیهان چارەسەر دەکات.
'بجەنگن، بجەنگن، بجەنگن'
لە سەرەتای گوتارەکەیدا، لە کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکان کە لە شاری میلوۆکی لە ویلایەتی ویسکنسن بەڕێوەچوو، ترەمپ بە وردی باسی لە وردەکاریی برینداربوونی و هەوڵی کوشتنەکەی لە هەفتەی رابردوو دا کرد و رایگەیاند: "تەنیا بە بەزەیی خودای گەورە رزگارم بوو. نەدەبووایە ئەمشەو لێرەبام. کاتێک ئاوڕی پشتەوەم دایەوە و گوێم لە دەنگی شتێک بوو دواتر هەستم بە شتێک کرد لێیداوم زۆر بە قورسی بە گوێی راستم کەوت، بەخۆمم گوت واو ئەوە چییە؟ تەنیا دەبێت گوللە بێت؟"
ترەمپ هەروەها گوتی: "راستەوخۆ دەستم بەگوێمەوە گرت و بینیم خوێن بەچڕی دەڕژێت و هەموو گیانم بووەتە خوێن، راستەوخۆ زانیم شتەکە جدییە و هێرشکراوەتە سەرم."
کۆنگرەی کۆمارییەکان چوار رۆژی خایاند، گوتارەکەی ترەمپ لە دوا رۆژی کۆنگرەکە بوو؛ بەربژێری کۆمارییەکان زیاتر باس لە ساتی هێرشەکە دەکات و دەڵێت: "دواتر ئەفسەرانی هێزی تایبەتی گەیشتنە سەرم و چواردەوریان گرتم، تاوەکو بمپارێزن. سەیرترین شت ئەوەبوو، کە لەدوای ساتدا سەرم جووڵاند و ئەگەر وانەبووایە، بکوژەکە، راستەوخۆ لەسەریدەدام و ئەمشەو لێرە نەدەبووم و پێکەوە نەدەبووین."
ترەمپ باسی مشت بەرزکردنەوەکەی دوای برینداربوونی دەکات و دەڵێت: "کاتێك هەستامەوە سەرپێم و بینیم بە هەزاران کەس هەر لەوێ ماون و بەجێیاننەهێشتم، ویستم شتێک بکەم و ئاگاداریان بکەمەوە کە من باشم؛ ئەویش دەستی راستم بەرز کردەوە و تەماشای خەڵکەکەم کرد کە چاوەڕێی منیان دەکرد و هاوارم کرد بجەنگن، بجەنگن، بجەنگن!"
ترەمپی تەمەنی 78 ساڵ، رایگەیاند ئەو تەنیا ئەمجارە چیرۆکی هەوڵی کوشتن و برینداربوونی دەگێڕێتەوە و جارێکی دیکە باسی ناکاتەوە.
'بایدن شکستی هێناوە'
لەگەڵ ئەوەی ترەمپ لە گوتارەکەیدا هێمن و ئارام بوو، بەڵام دواتر دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی، لەژێر سەرکردایەتیی ئیدارەی ئێستای کۆشکی سپی، "ئەمریکا وەکو وڵات بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە. ئەگەر تەماشای 10 خراپترین سەرۆک بکەیت، ئەوا هیچیان بەقەد بایدن زیانی [بە ئەمریکا] نەگەیاندووە."
هەروەها ترەمپ جارێکی دیکە باسی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 کردەوە: "ئەو هەڵبژاردنەیان لە ئێمە دزی و جارێکی دیکە رێگەنادەین ئەو کارە بکەنەوە و کۆرۆنایان بۆ ساختەکردن بەکارهێنا."
بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، ترەمپ لە زۆر لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی ئەمریکا لەپێش بایدنی رکابەری دایە. زیادبوونی دەنگی ترەمپ لەدوای هەوڵی کوشتنی، لەکاتێکدایە کە بایدن و دیموکراتەکان لە ناوخۆدا ناکۆکن، بە تایبەت لەسەر ئایندەی سیاسیی بایدنی تەمەن 81 ساڵ کە زۆر لە بەرپرسان و ئەندامانی باڵای دیموکراتەکان داوایان لێکردووە لە کێبڕکیی هەڵبژاردنەکان بکشێتەوە و رێ بە کەسێکی دیکە بدات رووبەڕووی ترەمپ ببێتەوە.
'بە تەلەفۆنێک کۆتایی بە جەنگەگان دەهێنم'
لەدرێژەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی سیاستەکانی ئیدارەکەی کرد بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە ئەگەری دەرچوونی و بەڵێنی دا "سەرجەم قەیرانە نێودەوڵەتییەکان کە ئەم ئیدارەیەی ئێستا دروستیکردوون، کۆتایی پێدێنم."
ئەو باسی لەوە کرد، ئەگەر ئەو سەرۆک بووایە، نە جەنگی ئۆکراینا، نە جەنگی ئیسرائیل و حەماس هەرگیز روویان نەدەدا: "بە تەلەفۆنێک کۆتایی بە جەنگەکان دەهێنم."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەی باڵای کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون، ترەمپ رایگەیاند: "پەیوەندییەکی باشمان هەیە و حەز دەکات بگەڕێمەوە [دەسەڵات]. ئەو بیرم دەکات."
'سنوورەکان دادەخەم'
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە درێژەی گوتارەکەیدا رایگەیاند، لە گەڕاندنەوەی بۆ کۆشکی سپی، سەرجەم سنووری وڵاتەکەی بەڕووی کۆچبەری نایاساییدا دادەخات. هەروەها بایدنی تۆمەتبار کرد بەوەی کۆنترۆڵی سنوورەکانی ئەمریکا و بەتایبەت سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی لەدەستداوە.
لەبارەی قەیرانی کۆچبەرانەوە، ترەمپ گوتی: "ئێمە قەیرانی کۆچبەری نایاساییمان هەیە و ئێستاش ئەو شەپۆلی کۆچبەرانە بەردەوامە و لەوکاتەی ئێمە لەم باڵەخانە جوانە کۆبووینەتەوە، داگیرکارییەکی گەورە لە سنوورەکانی باشوورمانەوە روودەدات کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەهامەتی، تاوان، هەژاری و تێکدانی تەواوی کۆمەڵگەکەمان." گوتیشی: "کۆتایی بەو قەیرانە دەهێنم، سنوورەکان دادەخەم و دیوارەکەش تەواو دەکەم."
'دیموکراسی دەپارێزم'
لە ماوەی چوار رۆژی کۆنگرەی کۆمارییەکان کە تایبەت بوو بە راگەیاندنی بەربژێری سەرۆکایەتی و جێگری سەرۆکی پارتەکە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کە بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، زۆر لە قسەکاران و گوتاربێژانی کۆنگرەکە هەوڵیانداوە ترەمپ وەکو کەسێکی نەرم و خزمەتکاری وڵاتەکەی پێشان بدەن و ئاماژەیان بەوە داوە ئەوە میدیا و دیموکراتەکانن کە "وێنەیەکی جیاواز و ناشرینی" ترەمپیان دروست کردووە.
ترەمپ گوتی: "ئەمڕۆکە لەبەردمتاندا وەستاوم و پەیامێکی بڕوابەخۆبوون و هێز و هیوام پێیە. چوار مانگی دیکە، سەرکەوتنێکی مەزن تۆمار دەکەین و دەستپێکی مەزترین چوار ساڵی مێژووی وڵاتەکەمان دەبێت."
ترەمپ رووی قسەی لە دیموکراتەکان کرد و گوتی: "دەبێت ئەو پارتە کۆتایی بە سیاسیکردنی سیستمی دادوەری وڵات بهێنێت و رکابەرە سیاسییەکانیان بە دوژمنی دیموکراسی ناونەهێنن. من ئەو کەسەم کە دیموکراسی خەڵک و وڵاتەکەمان دەپارێزم."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا کە ماوەکەی 93 خولەک بوو، ترەمپ بەڵێنیدا بە گەڕانەوە بۆ لووتکەی دەسەڵاتی بەهێزترین وڵات لە جیهاندا، "داهاتووی ئەمریکا گەورەتر دەبێت، باشتر دەبێت، ئازاتر دەبێت، گەشتر دەبێت، دڵخۆشتر دەبێت، بەهێزتر دەبێت، ئازادتر دەبێت و لەهەموو کات زیاتریش یەکگرتووتر دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ