پۆلیسی ئەمریکا: کێشە لە هێڵی پەیوەندیی فریاگوزاریی خێرادا هەیە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە، هێشتا هێڵی پەیوەندیی لەناکاوی وڵاتەکە لەژێر کاریگەریی ئەو کێشە تەکنیکییەیە، کە ئەم بەیانییە زۆر لە وڵاتانی جیهانی گرتەوە.
 
پۆلیسی شاری فۆنێکس لە ویلایەتی ئەریزۆنا رایگەیاند، کێشە تەکنیکییەکە کاریگەریی لەسەر هێڵی پەیوەندیی لەناکاوی شارەکەیان هەبووە، بەڵام لە کارکردن نەوەستاوە.
 
بەرپرسانی ویلایەتی ئەلاسکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردەوە، زۆر لە سەنتەر و ناوەندەکانی پەیوەندیکردن بە خزمەتگوزاریی لەناکاوی ویلایەتەکە داخراون و کار ناکەن. بەرپرسانی ویلایەتی نیو هامشایەریش دەڵێن، هەمان کێشەیان هەبووە، بەڵام توانیویانە بەشێکی چارەسەر بکەن.
 
لە ویلایەتی نیویۆرک دۆخەکە پێچەوانە بوو. تیمی رۆژنامەڤانیی شارەوانیی نیویۆرک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ژێرخانە گرنگەکان و سیستمی پەیوەندیی لەناکاوی ویلایەتەکەیان دووچاری هیچ کێشەیەک نەبووە.
 
ئەمڕۆ لە ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی جیهان سیستمەکانی گواستنەوە، پەیوەندی و میدیا رووبەڕووی لەکارکەوتن یان دروستبوونی کێشە بوونەوە. بەو هۆیەوە 1390 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشانەوە.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری کێشەکە بە روونی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەگوترێت، هەبوونی کێشە لە نوێکردنەوەی سۆفتوێرێکی کۆمپانیای کراودسترایک هۆکاری ئەم کێشە تەکنیکییە بێت. کۆمپانیای کراودسترایک بڵاویکردەوە، کێشەکە بەهۆی هەبوونی هەڵەیەک بووە لە نوێکردنەوەی سیستمێکیان؛ توانیویانە کێشەکە بدۆزنەوە و سەرقاڵی چارەسەرکردنین.
 
کۆمپانیای کراودسترایک کۆمپانیایەکی دابینکردنی خزمەتگوزاریی پاراستنی کۆمپانیا و دامەزراوەکانە لە هێرشی ئەلیکترۆنی. کۆمپانیایەکە ساڵی 2011 دامەزراوە. کراودسترایک بە پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی کۆمپانیاکان و رێگری لە گەیشتنی فایلی ڤایرۆساوی بە کۆمپیوتەر و مۆبایلی کۆمپانیاکان دەکات. هەروەها، داتای کۆمپانیاکانیش لە کلاود و سێرڤەری تایبەت بە خۆیدا دەپارێزێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کراودسترایک.

کراودسترایک لەبارەی کێشە ئەلیکترۆنییەکە: گرفتێک هەیە و چارەسەر دۆزراوەتەوە

کۆمپانیای کراودسترایک کە تایبەتە بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی، رایگەیاند کێشەکەی دەستنیشان کردووە و جیای کردووەتەوە و چارەسەرێکی خستووەتە کار بۆ کێشەکە.