مایکرۆسۆفت: هۆکاری سەرەکیی کێشە ئەلیکترۆنییەکەمان چارەسەر کرد

 

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دەڵێت "هۆکاری سەرەکی"ی دروستبوونی ئەو کێشە تەکنیکییەیان چارەسەرکردووە کە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی جیهانی گرتەوە، بەڵام دەشڵێت، کاریگەرییەکانی بەسەر هەندێک خزمەتگوزارییەوە دەمێنن. 
 
رۆژی هەینی، 19ی تەممووزی 2024، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە پۆستێکی تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە: "هۆکارە سەرەکییەکە چارەسەرکراوە، بەڵام کاریگەرییەکانی بەسەر ئەپڵیکەیشن و خزمەتگوزارییەکانی مایکرۆسۆفت 365ـەوە دەمێنێت." 
 
مایکرۆسۆفت 365 پلاتفۆرمێکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتە کە بە 99.99 دۆلاری ساڵانە دەتوانیت سوود لە چەند ئەپلیکەیشن و خزمەتگوزارییەکی ببینیت، لەوانە مایکرۆسۆفت تیمس، وێرد، ئێکسڵ، پاوەرپۆینت، ئاوتلوک، وەندرایڤ و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە. بەکارهێنەرانی دەتوانن لەسەر تابلێت، ماک، کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانیان بەکاریان بهێنن. 
 
کۆمپانیاکە دەشڵێت، چەند رێکارێکی دیکە بۆ بەتەواوی چارەسەرکردنی کێشەکە و ئاسوودەبوونی بەکارهێنەرانیان دەگرنەبەر. 
 
ئەمڕۆ لە ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی جیهان سیستمەکانی گواستنەوە، پەیوەندی و میدیا رووبەڕووی لەکارکەوتن یان تووشی کێشە بوونەوە. بەو هۆیەوە هەزار و 390 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشانەوە. 
 
کۆمپانیای کراودسترایک بڵاویکردەوە، کێشەکە بەهۆی هەبوونی هەڵەیەک بووە لە نوێکردنەوەی سیستمێکیان؛ توانیویانە کێشەکە بدۆزنەوە و چارەسەر دەکەن. 
 
کۆمپانیای کراودسترایک کۆمپانیایەکی دابینکردنی خزمەتگوزاریی پاراستنی کۆمپانیا و دامەزراوەکانە لە هێرشی ئەلیکترۆنی. 
کۆمپانیایەکە ساڵی 2011 دامەزراوە. کراودسترایک بە پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی کۆمپانیاکان و رێگری لە گەیشتنی فایلی ڤایرۆسی بە کۆمپیوتەر و مۆبایلی کۆمپانیاکان دەکات. هەروەها، داتای کۆمپانیاکانیش لە کلاود و سێرڤەری تایبەت بە خۆیدا دەپارێزێت. 
 
دروستبوونی کێشە لە ئامێرەکان بە زۆری ئامێر و خزمەتگوزارییەکانی مایکرۆسۆفتی گرتبووەوە. 
 
لە ساڵی 2019ـەوە کۆمپانیاکە لە بازاڕە داراییەکانی نەسداک تۆمارکراوە. دوای روودانی ئەم کێشە تەکنیکییە، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای کلاودسترایک 20٪ و کۆمپانیای مایکرۆسۆفتیش 2٪ دابەزین.