کراودسترایک چییە؟

رووداو دیجیتاڵ 

ئەو کێشە جیهانییەی تووشی کۆمپیوتەرەکان بووە کە ئەمڕۆ هەینی کاریگەری کردووەتە سەر فڕۆکەخانەکان، بانکەکان و چەندین بازرگانی و سێکتەری گەورەی جیهان، وا دەردەکەوێت هۆکارەکەی ئەپدەیتێکی سۆفتوێر بێت کە لەلایەن کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکیی بواری ئاسایشی سایبەری بە ناوی کراودسترایک بڵاوکراوەتەوە.
 
کراودسترایک بە بەکارهێنەرانی راگەیاند: "گرفتەکە لە یەکێکە لە ئەپدەیتەکانی سۆفتوێرەکەیدا دۆزراوەتەوە لەسەر سیستەمی بەکارخەری مایکرۆسۆفت ویندۆز' بەگوێرەی جۆرج کورتز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کراودسترایک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس.
 
ئەندازیارانی کۆمپانیاکە رێکاریان گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، رێنماییان بۆ بەکارهێنەران بڵاوکردووەتەوە و داوا لە بەکارهێنەران دەکەن کۆمپیوتەرەکانیان ریستارت بکەنەوە (دووبارە دابگیرسێننەوە) و چەند رێکارێکی دیکە بگرنەبەر ئەگەر کێشەکە هەر هەبوو.
 
کێشەکە لە بەشێکدایە پێی دەگوترێت فالکۆن، کە یەکێکە لە بەرهەمە سەرەکییەکانی کراودسترایک، ئەم کێشەیەش کاریگەری لەسەر سیستەمەکانی بەکارخستنی ماک و لینوکس نییە، تەنیا سیستەمی ویندۆز.
 
بەرهەمەکەی ئاسایشی سایبەری کراودسترایک کە لەلایەن نزیکەی 500 کۆمپانیای گەورەی جیهانەوە بەکاردەهێندرێت، هەڕەشەکانی هاککردن دەستنیشان دەکات و رێگرییان لێدەکات. 
 
وەکو هەر بەرهەمێکی دیکەی ئاسایشی سایبەری، سۆفتوێرەکە داوای دەستگەیشتن بە ئاستێکی قووڵی سیستەمی بەکارخەری کۆمپیوتەرەکە دەکات بۆ ئەوەی بەدوای هەڕەشەکاندا بگەڕێت و دەستنیشانیان بکات، لەم بارەدا ئەو کۆمپیوتەرانەی ویندۆزی مایکرۆسۆفت بەکاردێنن رووبەڕووی کێشە دەبنەوە بەهۆی ئەو کێشەیەی لە کۆدی دوایین ئەپدەیتدا هەیە کە کراودسترایک بڵاویکردووەتەوە.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت کێشەکە بەهۆی رووداوێکی ئەمنی و هێرشی سایبەرییەوە نییە؛ جۆرج کورتز لە بڵاوکراوەکەیدا لە ئێکس دەڵێت، کێشەکە دەستنیشانکراوە و جیاکراوەتەوە و ئەندازیارەکان ئەپدەیتێکیان کارا کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
 
کراودسترایک بەوە بەناوبانگە کە لێکۆڵینەوەی لە هاککردنی کۆمپیوتەرەکانی کۆمیتەی نیشتمانیی پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا کرد لە لایەن رووسیاوە لە هەڵبژاردنی 2016ی ئەمریکا. بەڵام ئەم کۆمپانیا مەڵتی ملیار دۆلارە لە سەرانسەری جیهاندا کار دەکات لە رێگەی فرۆشتنی سۆفتوەیر و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی هاککردن.