لە ئەمریکا کارمەندانی کۆمپانیایەکی چاودێری 'دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر منداڵانی کۆچبەر'

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی ئەمریکا داوایەکی یاسایی دژی کۆمپانیایەکی دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ منداڵانی کۆچبەر تۆمارکرد و کارمەندەکانی بە دەستدرێژیکردنە سەر ئەو منداڵانە تۆمەتبار دەکات. 
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هەشت ساڵی رابردوودا بەشێک لە کارمەندانی کۆمپانیای ساوسوێست کی کە تایبەتە بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و چاودێریکردنی کەسانی خوار 18 ساڵ دەستدرێژی و هەراسانکردنی سێکسییان کردووەتە سەر بەشێک لەو منداڵە کۆچبەرانەی لەوێ ماونەتەوە. 
 
داواکەی وەزارەتی داد دوو رۆژ لەمەوبەر لە دادگەی ئۆستن لە ویلایەتی تێکساس تۆمارکراوە. وەزارەتەکە لە داواکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، بەشێک لە کارمەندانی کۆمپانیاکە، لەنێویاندا سەرپەرشتیاران دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر منداڵان، دەستیان لێداون یان داوای سێکس و وێنەی رووتی منداڵانیان کردووە. 
 
لە ساڵی 2020ەوە لانیکەم دوو کارمەندی کۆمپانیاکە بەو کارانە تۆمەتبارکراون.
 
لەو داوایەدا وەزارەتی دادی ئەمریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەندێکجار، کارمەندەکانی ساوسوێست کی منداڵانیان ترساندووە بۆ ئەوەی بێدەنگ بن." هەروەها، "لە هەراسانکردنی منداڵاندا، ئەو کارمەندانەی ساوسوێست سوودیان لە لاوازیی منداڵەکان، نەزانینی زمان و دووربوونیان لە خێزان و خۆشەویستانیان وەرگرتووە." 
 
بەگوێرەی ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی ئەمریکا، سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ نزیکەی 400 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە، کە بەشێکیان منداڵ و مێرمنداڵن. 
 
بە گوێرەی داوا یاساییەکە، لە خانەی فرانکلینی کۆمپانیاکە لە شاری ئێل پاسۆ، کارمەندێکی کۆمپانیاکە دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر کچانی تەمەن پێنج، هەشت و 11 ساڵان. کچە تەمەن هەشت ساڵەکە بە لێکۆڵینڤانانی گوتووە، ئەو کارمەندە "بەردەوام لە نیوەشەودا دەهاتە ژوورەکەیان و دەستی لە شوێنە هەستیارەکانیان دەدا و هەڕەشەی کوشتنی ئەندامانی خێزانەکانیانی لێکردوون ئەگەر دەستدرێژییەکە ئاشکرا بکەن." 
 
یەکێکی دیکە لە قوربانییان لە خانەیەکی کۆمپانیاکە کوڕێکی تەمەن 11 ساڵ بوو لە شاری تەکسن لە ویلایەتی ئەریزۆنا. ئەو گوتی، ساڵی 2020، کارمەندێکی کۆمپانیاکە ئەوی بردووەتە هۆتێلەکەی و لە بەرامبەر هەندێک ئاماژەی سێکسی پارەی پێداوە. 
 
کۆمپانیای ساوسوێست کی کە خۆی بە کۆمپانیایەکی قازانج نەویست دادەنێت بە گەورەترین ناوەندی دابینکردنی شوێنی مانەوە و چاودێریکردنی منداڵانی کۆچبەر لە ئەمریکا دادەندرێت و لەژێر چاودێریی وەزارەتی تەندروستی دایە.
 
ساوسوێست کی 29 ناوەندی بۆ لەخۆگرتنی منداڵان لە ئەمریکا هەیە؛ 17یان لە ویلایەتی تێکساسن، 10یان لە ویلایەتی ئەریزۆنا و دووشیان لە ویلایەتی کالیفۆرنیان. گەورەترین ناوەندی لە شاری براونسڤیلی سەر بە تێکساسە کە شوێنی لەخۆگرتنی هەزار و 200 منداڵی هەیە. 
 
کۆمپانیاکە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2023 بە بەهای سێ ملیار دۆلار گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بۆ چاودێریکردنی منداڵانی کۆچبەر واژۆکردووە. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئەمریکا، تاوەکو 17ی حوزەیرانی ئەم ساڵ شەش هەزار و 228 منداڵی کۆچبەر لەو شوێنانە بوون کە لەلایەن کۆمپانیا و رێکخراوەکانی سەر بەو وەزارەتەوە دابینکراون، ئەمە بەبێ پێشاندانی ئەوەی کە هەریەک لەو رێکخراو و کۆمپانیایانە چەند منداڵیان لەخۆ گرتووە. 
 
کاردانەوەکانی داوا یاساییەکە چۆنن؟ 
 
لەبارەی داواکەوە ئانایس میراکل، گوتەبێژی کۆمپانیای ساوسوێست کی گوتی، پێداچوونەوە بە داوا یاساییەکەدا دەکەن و ئەو داوایە "وێنە راستەکەیان تایبەت بە چاودێری و پابەندبوونی کارمەندانمان بۆ هاوکاریکردنی گەنجان و منداڵان پێشان نادات." 
 
خافێر بیسێرا، وەزیری تەندروستیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەم داوایە مایەی نیگەرانیە سەبارەت بە کۆمپانیاکە. دەشڵێت، وەزارەتەکەیان "بە هیچ شێوەیەک دەستدرێژیی سێکسی، هەراسانکردنی سێکسی، هەڵسوکەوتی خراپی سێکسی و جیاکاری قبوڵناکات." 
 
لیسیا وێڵچ، پارێزەری منداڵانی بێسەرپەرشت لەم کەیسەدا گوتی، تۆمەتەکانی سەر کارمەندانی کۆمپانیای ساوسوێست کی "زۆر قێزەونن" و رەخنەشی لە بڕیاری بەرپرسانی تێکساس بۆ نوێنەکردنەوەی مۆڵەتی ئەو کۆمپانیایانەی چاودێریی منداڵانی کۆچبەر دەکەن گرت؛ ئەمەی بە بۆمبێک کە چاوەڕێی تەقینەوە دەکات دانا. ساڵی 2021 بەرپرسانی ویلایەتی تێکساس بڕیاریاندا مۆڵەتی ئەو کۆمپانیایانە نوێنەکەنەوە؛ ئەمە وەکو هەوڵێک بۆ رێگری لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەمریکا بە گشتی و ئەو ویلایەتە بە تایبەتی. 
 
وێڵچ گوتیشی، "لەکاتێکدا دەستخۆشی لە هەوڵەکان بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵە سەختانە دەکەم کە بەرامبەر ئەو منداڵانە کراوە، هیوادارم حکومەتی فیدراڵیش هەندێک بەرپرسیاریەتی ئەو کارە لە ئەستۆ بگرێت." 
 
نەها دیسای، بەڕێوەبەری کۆچبەران لە سەنتەری نیشتمانی بۆ یاسای گەنجان گوتی، ئەو تۆمەتانە "زۆر ناڕەحەتکەر و شۆکهێنەرن." گوتیشی: "هیوادارم حکومەت رێکاری قورس بۆ دڵنیاییدان لە سەلامەتیی ئەو منداڵانەی ئێستا لە خانەکانی کۆمپانیای ساوسوێست کی دان بگرێتەبەر."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ بەربژێربوونی خۆی قبووڵکرد؛ 'بە یەک تەلەفۆن کۆتایی بە سەرجەم شەڕەکان دەهێنم'

لە کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی بەربژێربوونی خۆی وەکو بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا قبووڵ کرد و لە گوتارێکی دوورودرێژدا کە بە درێژترین گوتاری قبووڵکردنی بەربژێریی لە مێژووی ئەمریکا دادەنرێت، باسی لە چەندین بابەت کرد و بەڵێنی دا ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، سەرجەم کێشەکانی جیهان چارەسەر دەکات.