رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، کارکردن لەگەڵ ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا قورس دەبێت ئەگەر بەربژێری کۆمارییەکان بتوانێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بباتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای بەریتانیا لەبارەی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا گوتی، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا ئەوا "کارکردن لەگەڵیدا قورس دەبێت، بەڵام ئێمەش پیاوی کارە قورسەکانین."
ئەمە لەکاتێکدایە بە گوێرەی دوایین راپرسی، ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا 51٪ و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەمان پۆست 49٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، جەیمس دی ڤانسی وەکو جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەنگدانی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دیاریکرد، ئەوەش مەترسییەکانی بەردەوام نەبوونی هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئۆکراینا لە جەنگی دژی رووسیا زیاتر کرد. جێگرەکەی ترەمپ پێشتر گوتبووی، گرنگی بەوە نادات کە چی لە ئۆکراینا دەگوزەرێت.
لەبارەی گوتەکەی ڤانسەوە زیلینسکی گوتی، "لەوانەیە ئەو بە راستی تێنەگات چی لە ئۆکراینا دەگوزەرێت، بۆیە ئێمە کار لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا دەکەین."
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئۆکراینا لە کاتێکدان کە ئێستا بە سەردانێک لە بەریتانیایە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپی. کۆمەڵگەکە لە 27 ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و 20 وڵاتی دەرەوەی یەکێتییەکە پێکدێت. لەوێ کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی پێدانی 3.88 ملیار دۆلار هاوکاری بە کیێڤ دا.
تاوەکو ئێستا وڵاتانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە بەهای نزیکەی 400 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە، لەو بڕە نزیکەی 120 ملیاری هاوکاریی سەربازی بووە. رۆژانی نۆ بۆ 11ی تەممووز، لە لووتکەی ناتۆ ئەو وڵاتانە بەڵێنی پێدانی سیستەمی پاتریۆت، فڕۆکەی ئێف 16 و هاوکاریی سەربازیی زیاتر بە بەهای 40 ملیار دۆلاریان بە کیێڤ دا.
شوباتی 2022 جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا مۆسکۆ سەرکەوتوو بووە لە کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 20٪ـی خاکی کیێڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ