ئەمریکا فڕۆکەی F16 و F35 بۆ پاراستنی گەرووی هورموز دەنێرێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری 'یو ئێس ئێس تۆماس هەدنەر' بە هەردوو فڕۆکەی ئێف 16 و ئێف 35 رەوانەی ئاوی کەنداو دەکات. بەرپرسێکی پێنتاگۆنیش دەڵێت، لە وەڵامی چەند رووداوێکی نەخوازراوی ئەم دواییەی گەرووی هورموزە.
 
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند رووداوێكی نەخوازراو کە لەم دواییەدا لە گەرووی هورموز روویاندا، وەزیری بەرگری فەرمانی ناردنی کەشتیی سەربازیی یو ئێس ئێس تۆماس هەدنەری دەرکرد، کە هەڵگری فڕۆکەی ئێف-16 و ئێف-35-ە، بە مەبەستی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و پاراستنی ئازادیی دەریاوانیی ناوچەکە."
 
هەفتەی رابردوو، ئێران هەوڵیدا لە گەرووی هورموز دەست بەسەر دوو کەشتیی نەوتدا بگرێت و تەقەی لە یەکێکیشیان کرد، بەڵام لەدوای گەیشتنی کەشتیی جەنگیی سوپای ئەمریکی بەناوی "یو ئێس ئێس ماکفۆوڵ،" هێزە دەریاییەکانی ئێران کشانەوە.
 
لە مانگی نیسانی ئەمساڵیش لە گەرووی هورموز، ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکدا گرت کە بە گوتەی تاران، پێشێلی سنوورە ئاوییەکانی ئێرانی کردبوو.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەنگاوەکەی ئەمریکا بە هۆکارێك بۆ ئاڵۆزیی زیاتری ناوچەکە ناوبرد. ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی، "ئەمریکا هەرگیز رۆڵێکی بنیاتنەر و ئاشتییانەی لە ئاسایشی ناوچەکەدا نەبووە، ئەو جۆرە جووڵانە ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە دروست دەکەن. ئێران بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی خۆیەتی هەموو رێکارێک بۆ بەرپەرچدانەوە و پاراستنی ئاسایشی خۆی، بگرێتەبەر."
 
لە لایەکی دیکەوە، بڕیاری بڵاوکردنەوەی هێزی ئاسمانیی زیاتر لە کەنداو، لەدوای ئەوە دێت، لە چەند هەفتەی رابردوودا جموجۆڵی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لەسەر ئاسمانی سووریا زیاد بوون، کە بە گوتەی پێنتاگۆن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هەراسان دەکەن.