زەهاوی پلانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵئاوسان لە بەریتانیا دەخاتەڕوو

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی بەریتانیا کە بە رەچەڵەک کوردە پلانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵئاوسان لە بەریتانیا دەخاتەڕوو و وەکو خۆی دەڵێت، برێکزیت دەقۆزێتەوە بۆئەوەی لە کەمکردنەوەی رێژەی هەڵئاوسان سوودی لێ ببینێت.
 
لەدوای ئەوەی ریشی سوناک وەکو وەزیری دارایی دەستی لەکارکێشایەوە، لە سەرەتای مانگی تەممووزدا، نەدیم زەهاوی وەکو وەزیری دارایی بەریتانیا دەستبەکار بوو. بڕیارە ئەمڕۆ لە یەکەمین گوتاریدا لەو پۆستەیدا، دیدگە و پلانی خۆی لە لەندەنی پایتەخت بخاتەڕوو.
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی بەریتانیا، زەهاوی لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارەکەیدا لەبەردەم نوێنەرانی بازرگانیدا، چەند بەڵێنێک دەدات، لەوانەش: "کۆنترۆڵکردنی هەڵئاوسان، برەودان بە کەرتی تایبەت" و دیدگەی خۆی لەبارەی قۆستنەوەی سەردەمی دوای برێکزیت، یاخود چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزاریی دارایی دەخاتەڕوو.
 
وەزارەتی دارایی بەریتانیا رایگەیاندووە، زەهاوی پابەند دەبێت بە گۆڕینی "سەتان پارچە"ی یاسای ئەوروپی و جێگرتنەوەیان بە یاسایەک کە وەکو خۆی دەڵێت، "سوود بە بەریتانیا بگەیێنێت."
 
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، رێژەی هەڵئاوسان لە بەریتانیا گەیشتە 9.1%، ئەوەش لە 40 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. هۆشداریش دەدرێت لە ماوەی ئەمساڵدا رێژەکە دوو ‌هێندە بەرز ببێتەوە.
 
دەستلەکارکێشانەوەی بەشێکی وەزیر و کاربەدەستانی کابینەی بۆریس جۆنسن لە سەرەتای ئەم مانگەدا، جۆنسنیان ناچارکرد بۆئەوەی دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی پارتی پارێزگارانی حوکمڕان بێت. دوای ئەوەش 12 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کرد، کە نەدیم زەهاوی یەکێک بوو لەوان، بەڵام نەیتوانی سەربکەوێت.
 
تاوەکو ئێستا دوو گەڕی پوختەکردنی بەربژێران بەڕێوەچوون و لە کۆی 12 بەربژێر پێنجیان ماونەتەوە. نەدیم زەهاوی، بەهۆی بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست، یەکێک بوو لەو شەش کەسانەی لە گەڕی یەکەمدا لە پێشبڕکێکە دوورخرایەوە.