لە دوو شاری ئەمریکا، هەرکەس ماسک نەبەستێت ساڵێک زیندانی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆخی تەندروستی لە ئەمریکا بەهۆی کۆرۆناوە رووی لە خراپییە و ویلایەتەکانیش خۆیان گۆڕی بەکۆمەڵی زیاتر ئامادە دەکەن بۆ تەرمی مردووانی کۆرۆنا. لە ویلایەتی تەکساس ساردخانەی زیاتر دەبرێنە ویلایەتەکە، بۆئەوەی تەرمی زیاتری قوربانیانی کۆرۆنای تێدا هەڵگرن.
 
تەکساس یەکێکە لەو 18 ویلایەتەی ئەمریکا کە دۆخی کۆرۆنا تێیاندا خراپترینە. لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا 11 تۆماری نوێ لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووان لە ئەمریکا تۆمارکراون، لە 48 کاژێریشدا زیاتر لە 140 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون.
 
18 ویلایەتی ئەمریکا خراونەتە لیستی سوور بەهۆی زۆریی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆناوە؛ لە ماوەی یەک مانگی رابردووشدا تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئەمریکا بە رێژەی 2.8% بەرزبووەتەوە.
 
ترەمپ حەزی بە تووندکردنەوەی رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ نییە، بەڵام دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و حاکمی هەر ویلایەت و شارێکی ئەمریکا یاسای تایبەت بە خۆی دەردەکات، بۆئەوەی بە کەمترین قوربانی لەو پەتایە رزگاریان ببێت.
 
لە شاری کۆلۆرادۆ و ئینگلوود هەر کەسێک لە دەرەوە ماسک نەبەستێت ساڵێک زیندانی دەکرێت. لە ئەرکەنساس سزاکان سووکترن، کەسی سەرپێچیکار بۆی هەیە بە 500 دۆلار لە بەرامبەر نەبەستنی ماسک سزابدرێت.
 
ئاسا هیوچینسن، حاکمی ئەرکەنساس دەڵێت "بەگوێرەی بڕیاری جێبەجێکاری، هیچ  کەسێک لەسەر پێشێلکاری زیندانی ناکرێت. یەکەم هەنگاو ئاگادارکردنەوەیەکی پێ دەدەین، دووەمیان بە بڕە پارەیەک سزای دەدەین؛ بەڵام هەر بڕیارێکیش هەبێت لەڕووی جێبەجێکردنەوە دەیدەینە دەست ئۆفیسە لۆکاڵییەکان".
 
ناکۆکی سیاسی باڵی بەسەر قەیرانی کۆرۆنادا کێشاوە، بەتایبەتی لەکاتێکدا ئەمریکا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەڕوات.
 
ئەوەی لە دەسەڵاتە، سەرکەوتنەکان لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاردەهێنێت، ئەوەی کێبڕکێش لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکات، بچووکترین خاڵی لاوازیی دەسەڵاتداران رەخنەباران دەکات.
 
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت "دەبێت بە دابەزاندنی تووشبووانی کۆرۆنا دەستپێبکەین؛ ئەمە هەنگاوی یەکەمە. مانای وایە بەستنی ماسک، رەچاوکردنی دوورکەوتنەوە لە یەکدی، ئەنجامدانی پشکنین و بەدواداچوونی کاریگەر، دابینکردنی کەرەستەی خۆپارێزی، ئەمانە دەبێت بکرێن. لەوانەیە دۆناڵد ترەمپ ئاڵای سپیی هەڵکردبێت و خۆی بەدەستەوە دابێت؛ بەڵام ئێمە نابێت وابکەین".
 
ئەگەرچی 26%ی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەموو جیهان لە ئەمریکان، بەڵام تاوەکو ئێستاش ئەمریکییەکان لەسەر بەکارهێنان یان نەهێنانی ماسک خاوەن بڕیارێکی فەرمیی حکومەت نین. نیوەی ویلایەتەکانی ئەمریکا رایانگەیاندووە پێویستە خەڵک بە شێوەیەکی کاریگەر ماسک بکەن.