حەسەن نەسڕوڵڵا هەڕەشە لە قوبرس دەکات و پێشنیازێکی گرووپەکانی عێراق بۆ ناردنی چەکدار رەتدەکاتەوە

19-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمینداری گشتی حیزبوڵلای لوبنانی، هەڕەشەی لە قوبرس کرد ئەگەر لەکاتی هێرشی ئیسرائیلدا بۆ سەر لوبنان فڕۆکەخانە و سەربازگەکانی بۆ هێزەکانی ئیسرائیل بکاتەوە. دەشڵێت، لە عێراقەوە پێشنیازی ناردنی دەیان هەزار چەکداریان بۆ کراوە، بەڵام پێویستیان پێی نییە.
 
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵلای لوبنانی، لەبەردەم دەیان کەسایەتی وڵاتەکەی و لوبنان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی گرووپە چەکدارییەکانی عێراق، بەبۆنەی کوشتنی سامی تاڵیب عەبدوڵڵا، ناسراو بە "ئەبو تاڵیب" گوتارێکی پێشکەش کرد. ئەبو تاڵیب سەرکردەیەکی دیاری سەربازیی حیزبوڵڵا بوو و رۆژی 11ـی ئەم مانگە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.
 
نەسڕووڵڵا: هاتوچۆی کەشتییەکان لە دەریای سوور و عەرەبدا 90٪ کەمیکردووە
  
حەسەن نەسڕوڵڵا، پێیوایە ئیسرائیل لە هێرشەکەی بۆ سەر غەززە شکستی هێناوە و دەڵێت: "دەڵێن ئەوەی هەیە بەهێزترین سوپایە لە ناوچەکەدا، هەشت مانگە بە چەندین لیوای دەستەبژێر و بۆردوومانی مووشەکی و چەکی ئاسمانی و بۆردوومانی بۆمبهاوێژەکان، گەمارۆی رەفەحی داوە، بەڵام شکستی هێناوە لەبەردەم قوربانی و پاڵەوانێتی جەنگاوەرەکان."
 
 
باسی کوژراوانی ئیسرائیلیشی لە غەززە کرد و گوتی: "دوژمن بەدوای سەرکەوتنێکی درۆزنانەوە هەڵپە دەکات، ئەوە راست نییە گوایە سەرکەوتنی لە غەززە بەدەستهێناوە ئەگەر 8 هەزار و 600 کەس پەککەوتبن، ئەی چەند کەس بریندارن؟".
 
حەسەن نەسروڵڵا ئاماژەی بە هێرشی حوسییەکانی یەمەن دا، کە دەیکەنە سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور و دەریای عەرەب و گوتی: "ئەمریکا و بەریتانیا زۆر بەروونی باسی شکستەکانیان دەکەن، ئەمریکییەکان دانیان بەوەدا ناوە 90٪ـی ئەو کەشتییانەی بار دەگوێزن ناتوانن بڕۆن، رەنگە ئەو 10٪شی ماوە راست نەبێت."
 
"درۆنێکی زۆرمان هەیە نایانفرۆشین"
 
سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل دژ بە حیزبوڵڵا لە لوبنان و درێژکردنەوەی شەڕی زەوینی بۆ باشووری لوبنان، حەسەن نەسڕووڵڵا گوتی: "ئیسرائیل زۆر بەکەمی نەبێت نایەوێت گوشار بۆ سەر حکومەتی ئیسرائیل نیشانبدات، نەتەنیاهوو کوژراو و بریندارەکانی لە باشووری لوبنان دەشارێتەوە، ئەگەر نا زیانی زۆری پێگەیشتووە، ببینین هودهود چیکرد."
 
هودهود ناوی یەکێکە لەو درۆنانەی بە پێی حیزبوڵا کە ئەم هەفتەیە بەشێک لە گرتە تۆمارکراوەکانی نێو ئیسرائیلی بڵاوکردەوە، لەماوەکانی رابردوو وێنەی زۆر هەستیار و هەواڵگریی زۆر لە دەزگا نهێنی  و مووشەکەکانی ئیسرائیلی گرتووە دوای فڕینی بۆ ماوەیەک بەسەر ئیسرائیلەوە.
 
حەسەن نەسڕووڵڵا باسی لە توانا سەربازییەکانی حیزبوڵڵا کرد و گوتی: "،چەکی نوێمان دەستکەوتووە، بێگومان ناڵێم ئەم چەکانە چین، هەندێک لە چەکەکانمان پەرەپێداوە، چەکی نوێمان بەکارهێناوە کە پێشتر بەکارمان نەهێناون، هەندێک چەکمان بۆ رۆژانی داهاتوو هەڵگرتووە بۆ بەرگری لە وڵات و گەلەکەمان و سەرەوەریی لوبنان،  ژمارەیەکی زۆر درۆنمان هەیە، کاتی خۆی گوتمان کێ هەیە با بیکڕێت، کەس نەهات، بەڵام ئێمەش نایفرۆشین (بەپێکەنینەوە)، هەندێک جۆری مووشەک لە لوبنان دروستدەکەین کە پێویستمان پێیان هەیە."
 
"پێشنیازی ناردنی چەکدارمان رەتکردەوە"
 
حەسەن نەسڕوڵڵا، لەبارەی سەرچاوەی مرۆییانەوە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئیسرائیل لە ئەگەری هێرشی زەوینی، گوتی: "توانای مرۆیی تەواو و زۆر و ئامادە و هاندەرمان هەیە، ئێمە کێشەمان هەیە لەگەڵیان کە دەیانەوێت بچنە بەرەی شەڕ. پێش سالێک باسی 100 هەزار کەسمان کرد کە زیاتریش دەبوون، ئێستا زیاترن.
 
ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان گوتیشی: "لەو ماوەیەدا دۆستان و برایان لە سووریا، عێراق، یەمەن و تەنانەت لە ئێرانیشەوە و لە شوێنی دیکە سەرکردەکانی بزووتنەوەکانی مقاوەمە پەیوەندییان پێوەکردین و گوتیان دەیان و سەدان هەزار چەکدارتان بۆ رەوانە دەکەین، گوتمان سوپاستان دەکەین و ئەو ژمارە زۆرەی هەمانە نازانین چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، تەنانەت ئەگەر شەڕی گشتگیریش هەبێت، ئێمە پێویستمان بەو هەموو شەڕکەرە راهێنراو و ئامادەکراوە نییە."
 
نەسڕووڵڵا هەڕەشە لە قوبرس دەکات
 
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان گوتی "زانیاریمان هەیە سوپای ئیسرائیل هەموو ساڵێک لە قوبرس مانۆڕ دەکات، لە ناوچەگەلێک کە هاوشێوەی لوبنان و باشووری لوبنان دەچێت، فڕۆکەخانەکانی قوبرس بەکاردەهێنێت، هەروەها زانیاریمان هەیە کە ئیسرائیل پێیوایە لە شەڕی داهاتوو، ئەگەر روویدا، فڕۆکەخانەکان دەکاتە ئامانج و ئەوکات پشت بە فڕۆکەخانەکانی قوبرس دەبەستێت، کاتێک سەرۆکی قوبرس لێرەبوو ئەو زانیارییانەمان بە بەرپرسانمان لوبنان گەیاند، بەڵام ئەو گوتبووی نا شتی وانییە، بەڵام ئێمە دڵنیاین، ئیسرائیل خۆی وا دەڵێت، ئێمە نا، فیلمی بەڵگەنامەیشیان خرایە بەردەست لەبارەی ئەو مانۆرانەوە."
 
حەسەن نەسروڵڵا هەڕەشەی لە قوبرس کرد و گوتی: "ئێمە بە یەک وشە دەڵێین، دەبێت حکومەتی قوبرس ئاگادار بێت، کردنەوەی فڕۆکەخانە و بنکەسەربازییەکانی قوبرس بۆ ئیسرائیلی دوژمن بۆ کردنە ئامانجی لوبنان ، ئەوە دەگەیەنێت حکومەتی قوبرس بووەتە بەشێک لە شەڕ و مقاوەمە وەکو ئەوەی بەشێک بێت لەشەڕ مامەڵەی لەگەڵدا دەکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.