خاچی سووری ئیتاڵی بۆ رووداو: چارەنووسی 75 کۆچبەر دیار نییە

رووداو دیجیتاڵ

خاچی سووری ئیتاڵیا بە رووداوی راگەیاند لە ئەنجامی نقوومبوونی دوو بەلەمی پڕ لە کۆچبەر لە کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا، 75 کۆچبەر چارەنووسیان دیار نییە.
 
رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا، لە رێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی چارەنووسی کۆچبەرەکانی دوو بەلەمە نقوومبووەکەی هەردوو دوورگەی لامپەدووسا و رۆچێلا لە باشووری ئیتاڵیا داوەتەوە، رایگەیاند لە بەلەمی یەکەمیاندا 10 کۆچبەر خنکان و 54 کەسی دیکەش رزگارکراون.
 
دووەم بەلەمیان کە بەرەو دوورگەی رۆچێلا رۆیشتووە؛ لەنزیک دوورگەکە تێکشکاوە و تائێستا تەنیا 11 کۆچبەر رزگار کراون؛ 65 کۆچبەری دیکە بێسەروشوێنن. لەنێو رزگاربووەکان، ئافرەتێکی دووگیان و دوو منداڵ هەن. 
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن، لە ئاکامی ژێرئاوکەوتنی هەردوو بەلەمەکە، لە کۆی 140 کۆچبەر، چارەنووسی 75ـیان دیار نییە و تیمەکانیان لە گەڕان بەدوایاندا بەردەوامن. 
 
لە درێژەی لێدوانەکەی خاچی سووری ئیتاڵی بۆ رووداو، باس لە هۆکاری نقوومبوونی یەکێک لە بەلەمەکان دەکرێت، کە "بەگوێرەی قسەی رزگاربووەکان، ئەو بەلەمەی بەرەو دوورگەی رۆچێلا رۆیشتووە، بزووێنەرەکەی ئاگری گرتووە، دواتر تەقیوەتەوە ئەمەش بووەتە هۆی ژێرئاوکەوتنی." 
 
خاچی سووریا ئیتاڵیا ئاماژە بەوە دەکات ئەو 11 کەسەی رزگار کراون، زۆربەیان شوێنێکیان شکاوە یان لاهۆشخۆ چوون، هەندێکیشیان سووتاون. 
 
لەلایەکی دیکەوە، میدیای جیهانی قسەی لەگەڵ یەکێک لە رزگاربووەکانی دوو بەلەمەکە کردووە، کە کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە بەناوی رووئیا موحێدینی و تەمەنی 19 ساڵە.
 
ئەو کچە باس لەوە دەکات؛ 'هەشت رۆژی لەمەوپێش لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون'. بەلەمەکەیان 76 کەسی تێدابووە.
 
ئەو دەڵێ ''سەرەتا قاچاخچییەکە پێیگوتین هیچ لەگەڵ خۆمان نەهێنین، چونکە بەلەمەکە هەموو شتێکی تێدایە، بەڵام دواتر نە ئاو، نە خۆراکمان پێنەما." 
 
ئەو کچە کوردە زیاتر باسی رووداوی نقوومبوونی بەلەمەکەیان دەکات و، دەڵێت "کاپتنی بەلەمەکە هەوڵیدا سندووقێک یان بۆرییەک بکاتەوە، بەڵام دواتر ئاگری گرت و کوونێکی گەورەی لە بەلەمەکە کرد. چوار رۆژ لەنێو ئاو ماینەوە و کەس بە هانامانەوە نەهات."
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون لەرێگەی قسەکردنی ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەو کۆچبەرانەی دەگوترێت لەو دوو بەلەمەکەدا بوون، تاوەکو ئێستا چارەنووسی 19 هاونیشتمانی نازانرێت، هەروەها نازانرێت لەو بەلەمەدا بوون، کە دووشەممە 17ـی حوزەیران تێکشکاوە یان ئەوەی رۆژی دواتر.