ترەمپ بە بایدن دەڵێت 'خراپترین سەرۆکی مێژوو' و ئەویش ترەمپ بە 'دۆڕاو' ناودەبات
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان، جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر سەرۆکی ئەمریکا و رایگەیاند، "بایدن خراپترین سەرۆک بووە لە مێژووی ئەمریکا" و بە هەڕەشەش بۆ سەر دیموکراسی وڵاتەکەی وەسفی کرد.
تادێت هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا گەرمتر دەبێت و هەردوو بەربژێری سەرەکیی کۆماری و دیموکراتەکان لە دوایین هەڵمەتیاندا، هێرشی تووندیان کردە سەر یەکدی و هەردووکیان ئەوی دیکەیان تۆمەتبار کرد بەوەی بە سەرکەوتنیان ئەمریکا بەرەو دواوە دەبەن.
دۆناڵد ترەمپی تەمەن 77 ساڵ، بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان، لە ویلایەتی تێکساس، کە بنکەی بەهێزی کۆمارییەکانە، بەشداریی لە هەڵمەتێکدا کرد و لەبارەی بایدنەوە رایگەیاند، "ئەو خراپترین سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکا، زۆرترین قسەی ناڕاستی کردووە. ئەگەر ئەو کۆماری بووایە، لە کارەبایان دەدا و دەیانکوشت."
لە بەرامبەردا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی جۆرجیا بەشداریی لە هەڵمەتێکی لایەنگرانی کرد. ئەو ویلایەتە یەکێکە لە ویلایەتە گرنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و زۆرینەی رەشپێستن و بە یەکێک لە ویلایەتی دیموکراتەکان ناسراوە.
لە جۆرجیا، بایدنی هاوشێوەی رکابەرەکەی، هێرشی کردە سەر ترەمپ و بە "دۆڕاو" پێناسەی کرد.
بایدنی تەمەن 81 ساڵ لەبارەی هەڵبژاردنەوە گوتی، "دیموکراسییەکەمان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگدایە. رکابەرەکەم دۆڕاوێکی باش نییە، ئەو دۆڕاوە و تەواو. بزانن ترەمپ ناگەڕێتەوە بۆئەوەی سەرکردایەتیی ئەمریکا بکات، ئەو دەگەڕێتەوە بۆئەوەی تۆڵەی خۆی بکاتەوە."
بایدن هۆشداریی دا و گوتی، "نابێت رێگە بدەین ترەمپ ببێتەوە سەرۆک، ئاییندەی منداڵەکانمان لە مەترسیدایە، دەبێت ئەم پێشبڕکێیە ببەینەوە لەپێناو مندا نا، بەڵکو لەپێناو ئەمریکادا."
لە نوێترین راپرسی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی ئەو وڵاتە، ترەمپ لەپێش بایدنە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، چوار کەیسی یاسایی لە دژی بەرزکراوەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک ویلایەت، کە بە درێژایی چەندین هەڵبژاردن، لایەنگری دیموکراتەکان بوون، بەڵام ئەمجارە دەنگ بە بەربژێری کۆمارییەکان دەدەن. لە جۆرجیا رێژەی دەنگدەری بایدن لەنێو رەشپێستەکان کەمیکردووە، لە ویلایەتی میشیگن، کە زۆرینەی دەنگدەرانی موسڵمانن، بەهۆی هەڵوێستی ئیدارەی بایدن لە جەنگی غەززەدا، دەنگەکانی کەمی کردوون.