رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ڤۆلۆدمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە لووتکەی کۆمەڵەی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکە بەشداری بکات و گوتارێک پێشکەش بکات؛ پێشبینی دەکرێت زێلێنسکی داوای هاوكاری سەربازی زیاتر بۆ وڵاتەکەی بکات.
چاوەڕەوان دەکرێت ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی شەممە، 20-5-2023 بگاتە ژاپۆن بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی گرووپی حەوت کە سەرکردەی پێشکەوتووترین وڵاتە پیشەسازییەکانی جیهان تێیدا بەشدار دەبن.
رۆژی پێنجشەممە، 18-5-2023، بەرپرسێکی ئۆکراینی بە میدیای وڵاتەی رایگەیاند، زێلێنسکی لە نزیکەوە چاودێری بەرەکانی شەڕ دەکات و دوای ئەوە بڕیار دەدات کە لە لووتکەکەدا بەشداری بکات و گوتیشی: "لە لووتکەکەدا شتی گرنگ بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئامادەبوونی سەرۆکەکەمان بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان گرنگە."
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرکردەکانی دیکەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت وڵاتە پیشەسازییە گەورەکەی جیهان یاخود G7 رۆژی پێنجشەممە، 18-5-2023 گەیشتنە ژاپۆن بۆ ئەوەی لە رۆژی هەینی تاوەکو یەکشەممە لە هیرۆشیما بەشداری لە لووتکەیەکدا بکەن کە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان چین و رووسیا دەبێت.
لە ماوەی لووتکە سێ رۆژییەکەدا، بەگوێرەی میدیای رۆژئاوا، جۆ بایدن و سەرکردەکانی دیکە هەوڵی "پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە دژی رووسیا و چین دەدەن."
لووتکەکە دوای زستانێکی سەختی پڕ لە شەڕ لە باخمووت و بەرەکانی دیکەی جەنگ دێت. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە لێشاو چەکیان بۆ ئۆکرینا ناردووە، بەڵام هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینا کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێ دەکرێت، دواکەوتووە، چونکە هێزەکانی کیێڤ "هێشتا ئامادەنین".
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، گوتی سەرکردەکان سەرنجیان لەسەر تووندکردنی رووبەڕووبوونەوەی رووسیا دەبێت لە دەرەوەی گۆڕەپانی جەنگ، ئەوەش لە رێگەی تووندکردنی ئەو سزایانەی کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی ئابووریی رووسیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا %1.9 پاشەکشە بکات.
وڵاتانی گروپی G7 پێکدێن لە کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا؛ لووتکەی ئەمساڵ کە لە ژاپۆن بەڕێوەدەچێت 49مین لووتکەی گرووپەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ