نەتەوە یەکگرتووەکان: لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 980 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا خنکاون

رووداو دیجیتاڵ
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەسەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 980 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 18ی ئایاری 2023، لە دوایین ئاماردا، کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) رایگەیاند کە لە پێنج مانگ و نیوی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 983 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارە نوێیەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرترین قوربانییەکان لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا تۆمارکراون، بەجۆرێک تەنیا لەو مانگەدا 528 کۆچبەر لە دەریاکانی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا(دەریای ئیجە، نێوەڕاست و رۆژئاوای دەریای نێوەڕاست) خنکاون یانیش بێسەروشوێن بوون. 
 
هەروەوها ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاشکرای کردووە کە زۆرترین کۆچبەر لە پێنج مانگی ئەمساڵەوە روویان لە ئیتاڵیا کردووە و بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر چوونەتە وڵاتەکە. ئەوەش لەدوای ساڵی 2017ـەوە زۆرترین لێشاوی کۆچبەرانە رووی لەو وڵاتە کردبێت.
 
لەگەڵ ئەوەش بەگوێرەی ئەو ئامارەی رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرترین ئەو کۆچبەرانەی ئەمساڵ روویان لە ئیتاڵیا کردووە چوونەتە دوورگەی سیسلی لە باشووری وڵاتەکە کە نزیکترین خاڵی سنووری ئیتاڵییە لەگەڵ وڵاتانی باکووری ئەفریقای وەکو تونس، لیبیا و مەغریب کە زۆرترینیان لە تونسەوە بوون کە ژمارەیان زیاتر لە 24 هەزار کەس بووە. 
 
ئەم شەپۆلی نوێیەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو، زیاتر لە 105 هەزار کۆچبەر روویان لە ئیتاڵیا کردووە و زیاتر لە هەزار و 400 کۆچبەریش  لەو رێگەیە بۆ گەیشتن بە خاکی ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێنن.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات ساڵ لە دوای ساڵ تەمەنی کۆچبەرەکانیش کەمتر دەبنەوە و لەوانەی کە ئەمساڵ روویان لە ئیتاڵیا کردووە %12یان منداڵ بوون و بەتەنیاش بوون و کەسیان لەگەڵ نەبووە و %12ی دیکەشیان کچ و ژن بوون و %71ی ئەو کۆچبەرانەی چوونەتە ئیتاڵیاش پیاو بوون.