بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان؛ "ئەمریکا سیخوڕی بەسەر سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە"

19-04-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لەدوایین بەڵگەنامەی دزەپێکراو کە لەسەر ئەمریکا بڵاوبوونەتەوە ئاشکرابووە، واشنتن سیخوڕی بەسەر ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە کردووە و گوێی بۆ ئەو گفتوگۆیانە گرتووە کە لەگەڵ دیپلۆماتکاران کردوونی و تێیاندا گۆتێریز بێهیوابوونی خۆی لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و پرسی دیکە دەردەبڕێت. 
 
میدیای ئەمریکی بەڵگەنامەی زیاتری دزەپێکراوی بڵاوکردوونەتەوە کە پشتڕاستی دەکەنەوە ئەمریکا خۆی خستووەتە نێو هێڵی پەیوەندییەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز لەگەڵ بەرپرسانی جیهان. 
 
بەڵگەنامەکان ئەوە پێشاندەدەن، ئەنتۆنیۆ گۆتێریز بە گومانەوە سەیری سەردانەکەی بۆ ئۆکراینا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زیلینسکی کردووە و تووڕەش بووە، کە رێگەی پێنەدراوە سەردانی ئەسیوپیا بکات. 
 
بەڵگەنامەکان وردەکاری زیاتر لەسەر تێڕوانینی خۆی و راوێژکارانی دەربارەی ئەو دوو پرسە ئاشکرا دەکەن و هەریەک لە ئۆکراینا و ئەسیوپیاش دوو لە پرسە هەرەلەپێشەکانن لە بەرنامەی گۆتێرێز.
 
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی ئەو کار و چالاکیانەی کردووە، کە لە بەڵگەنامەکاندا سەبارەت گۆتێرێز بە وردی باسکراون.
 
ستیفان دوژاریگ لە راگەیێندراوێکدا گوتوویەتی: "ئەم کردەوانە لەگەڵ پابەندبوونی ئەمریکا بە بڕگەکان و پەیماننامەی پارێزبەندی نەتەوەیەکگرتووەکان یەکناگرنەوە." 
 
گۆتێرێز دوایین بەرپرسی باڵایە کە بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، سیخوڕی بەسەردا کراوە، بەڵگەنامەکانیش لە پلاتفۆرمێک بەناوی Discord بڵاوکراونەتەوە، کە تۆڕێکی یاریکردنە و لەنێوان گەیمەرەکان بەکاردەهێنرێت.
 
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دادی ئەمریکا، جاک تێکسیێرا، ئەندامی پاسەوانی ئاسمانیی نیشتیمانی مەسەچیوسی دەستگیرکرد، کە تۆمەتبارە بە دزەپێکردنی بەڵگەنامەکان. 
 
ئەمریکا ترسی هەیە بەڵگەنامەی نهێنی زیاتر بڵاوببنەوە 
 
ئەو بەڵگەنامانەش کە لەسەر گۆتێرێز ئاشکرابوون، لەژێر سێبەری "یاسای چاودێریی هەواڵگریی دەرەوە"ی ئەمریکا کراوە، کە ئەمساڵ  بەسەردەچێت و لەوەش ناچێت نوێبکرێتەوە. 
 
زیاتر لە دوو هەفتەیە سەتان وێنەی بەڵگەنامەی نهێنیی پێنتاگۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تێلیگرام و تویتەر بڵاوکراونەتەوە و بەرپرسانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، بڵاوکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەبێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەنێو بەڵگەنامە نهێنییەکان، وردەکاریی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا و پێشڕەوییەکانی رووسیا بڵاوکراوەتەوە. لەگەڵ سیخوڕی بەسەر هەندێک سەرکردەی جیهان، لەوانەش ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە