ئۆباما سەردانی سعودیە دەکات

رووداو- هەولێر

باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 20-4-2016 دەگاتە ریازی پایتەختی سعودیە لەگەڵ سەلمان عەبدولعەزیز پادشای سعودیە کۆدەبێتەوە، دواتر بەشداریی کۆبوونەوەی لوتکەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو دەکات.  


ماوەی پازدە ساڵە پەیوەندییەکانی واشنتن و ریاز بەردەوام رۆژگاری زێڕێنی لە دەستدەدات،  ساڵانە لە رەخنەوە گۆڕاوە بۆ ساردبوونەوە.  

مێژووی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئەمریکا 


سەرەتای پەیوەندییەکانی ریاز و واشنتن بۆ ساڵی 1943 دەگەڕێتەوە کاتێک هەردوو شازادە خالد و  فەیسل عەبدولعەزیز لە سەر داوای فرانک دیلانو رۆزڤێلت سەرۆکی ئەمریکا سەردانی واشنتنیان کرد.
 
لەو کاوتەوە هەردوو وڵات رێککەوتن کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری وزەدا پشکی شێریان پێبدرێت لە بەرامبەردا ئەمریکا هاوکاری ئەمنی سعودیە بکات. دوو ساڵ دواتر شاعەبدولعەزیز دامەزرێنەری شانشینی سعودیە لەگەڵ رۆزڤێلت کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە لەسەر کەشتی جەنگی کوینسی لە نۆکەندی سویس بەڕێوەچوو، وێڕای ناکۆکییەکان لەسەر ئایندە فەڵەستین بەڵام سەرەتاییەکی گرنگ بوو بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی ستراتیژی. 

هەڵکشان و داکشانی پەیوەندییەکان 
  
لەماوەی60 ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی هەردوولا هەڵبەز و دابەزێکی زۆری کردووە، لە ساڵی 1973 ریاز لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەب نەوتیان وەکو چەکێک بەرامبەر بە ئەمریکا و رۆژئاوا بەکارهێنا فشاری خستە سەر ئیدارەی ریچارد نیکسۆن تاوەکو دەستبەرداری پشتگرییەکانی ئیسرائیل بێت، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا ئەمریکا و سعودیە دژ بە یەکێتی سۆڤییەتی جاران پشتگیری گرووپە تووندڕەوەکان و هێزی نیشتمانی ئەفغانستانیان کرد. 

لە ساڵی 1991 ئەمریکا هێزێکی بە ناوی قەڵغانی بیابان بۆ پاراستنی سعودیە  لە هێرشی سوپای عێراق بڵاوکردەوە دواتر سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رزگارکردنی کوەیتی کرد.

بۆ ئەوەی سووریا لە ئێران دوور بکرێتەوە ریاز لە ساڵی 2000  فشاری خستە سەر ئەمریکا  بۆ چارەسەرکردنی کیشەی بەرزاییەکانی جۆلان بەڵام پەیوەندییەکانی ئەمریکا و واشنتن ساردبووە کاتێک ئیدارەی بیل کلینتۆن نەیتوانی چارەسەری کیشەی بەرزاییەکانی جۆلان بکات، ریاز بەتەواوەتی بێئومید بوو کاتێک ئیدارەی جۆرج بوش پشتگیری ئسرائیلی کرد دژ بە راپەڕێنی دووەمی ئەقسا.
    
نیگەرانییەکانی ریاز گەیشتە ئاستێک کە عەبدوڵڵا عەبدولعەزیز پاشای ئەو کاتەی سعودیە رەتیکردەوە لەگەڵ جۆرج دەبلیو بوش کۆببێتەوە، بەڵام هەڵوێستی سعودیە گۆڕانکاری بەسەردا هات کاتێک جۆرج بوش رایگەیاند: "پشتگیری چارەسەری دوو دەوڵەت دەکەن لە سعودیە".

دوای یازدەی سێپتەمبەر چی روویدا..؟ 

رووداوەکانی یازدەی سێپتەمبەر پەیوندییەکانی ئاڵۆزتر کرد، بەپێی هەندێک دوکیۆمێنتی نهێنی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا سعودیە پەیوەندی بە هێرشەکانی یازدەی ئەیلوولەوە هەیە. باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا، لە ریاز دۆسیەیەکەی ئاڵۆز و مەترسیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکاتەوە کە مێژووەکەی بۆ 15 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

یەکێک لەو پرسانەی کە باراک ئۆباما لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە دەیخاتەڕوو، بابەتی پەیوەندی  سعودیە بە رێکخراوی قاعیدەوەیە، بەپێی دۆکیومێنتێکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، سعودیە  پەیوەندی بە هێرشەکانی یازدە سێپتەمبەرەوە هەبووە کە پتر لە سێ هەزار و 500  ئەمریکی کوژران.

ئۆباما نکۆڵی لە دوکیۆمێنتەکان نەکرد بەڵام رایگەیاند: "ئەو دوکیومێنتانە لە ژێر پرۆسەی وردبینیکردان و جەیمس کلاپەر بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتیمانی راستەوخۆ سەرپەرشتی ورد بینیەکان دەکات".

ئۆباما لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەناڵی سی بێ ئێسی ئەمریکا دەڵێت: "ئەم پرۆسیە کە دەزگای هەواڵگری پێهەڵدەسێت، جیم کلاپەر بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی بەوردی  بە هەموو شتێک دەچێتەوە، هەرچی شتێک بڵاوبکرێتەوە سازش لەسەر بەرژەوەندی نیشتمانی ئەمریکا ناکرێت، من ئاگام لێیە خەریکە پرۆسەکە تەواو دەبێت".  

کۆنگرێسی ئەمریکا سەرقاڵی داڕشتنی یاسایێکە کە رێگە دەدات بە کەسو کاری قوربانییەکان سکاڵا دژ بە حکومەتی سعودیە تۆمار بکەن و داوای قەەرە بوو بکەن.

بەڵام ئۆباما دژی ئەم یاسایەی کۆنگرێس وەستایەوە و رایگەیاند: " من دژ بەو یاسایەی کۆنگرێسم کە رێگە دەدات بە کەسوکاری قوربانییەکان سکاڵای یاسایی دژ بە سعودیە و وڵاتانی دیکە تۆمار بکەن، من دژی ئەوەم چونکە ئەم  بابەتە پەیوەندی بە ئەمریکاو وڵاتانی دیکەوە هەیە، ئەگەر ئێمە رێگە بدەین هاووڵاتییەکی ئەمریکا سکاڵا دژ بە وڵاتێک تۆمار بکات ئەو کات هاووڵاتییانی وڵاتێکی دیکە دەتوانن سکاڵا دژ بە ئەمریکا تۆمار بکەن".
   
سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "ئەگەر کۆنگرێس ئەو یاسایە تێپەڕینێت باراک  ئۆباما    ڤیتۆی دەکات، پێشتر  وەکو فشارێک  لە ئەمریکا عادل جوبەیر وەزیری دەرەوەی سعودیە  رایگەیاند: "ئەگەر ئەو یاسایە تێپەڕێت ریاز  پشکەکانی خۆی لە ئەمریکا دەکشێنێتەوە کە نزیکەی 750 ملیار دۆلار دەبێت ". 

ئێران و سووریا  

لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما  سعودیە رەخنەکانی بەرامبەر بە ئەمریکا تووندتر کردەوە کاتێک پشتگیری رووخاندنی بەشار ئەسەدی نەکرد. هاوکات رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران هێندەی دیکە پەیوەندییەکانی ئاڵۆزتر کرد.  

بروس ریدال بەڕێوەبەری پرۆژەی هەواڵگری لە پەیمانگای بروگینز رایگەیاند کە ئۆباما ناتوانێت نە جیاوازییەکان بچووکبکاتەوە نە دەستبەرداری بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بێت.      

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە کەنداو رایگەیاند کە"کەنداوییەکان چاوەڕێ دەکەن ئەمریکا گەرەنتی ئەمنی پێبدات، سنوورێک بۆ ئاکارەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت.
 
کەنداوییەکان دەخوازن ئەمریکا مووشەکی بالیستیان پێبفرۆشیت و توانا سەربازییەکانی کەنداو بەهێزتر بکات، بەڵام  ئۆباما دەخوازێت ئاشتییەکی سارد لە نێوان ئێران و سعودیە ناوچەکانی هەژموونیان دابەشبکەن، ئەوەی کە گرنگە ئاماژەی پێبکرێت ئۆباما مراوی شەلە هیچی پێناکرێت   چونکە دوایین ساڵی سەرۆکایەتیەتی.