رووداو دیجیتاڵ
دیپلۆماتكارێکی پێشووی رووسیا ئاشکرای دەکات، هیچ گەرەنتییەک نییە بۆئەوەی شەڕی ئۆکراینا کۆتایی بێت. دەشڵێت، ئاگربەست کاتی پێویستە، چونکە شەڕ لە سنوورێکی هەزار کیلۆمەتریدایە. رەتیشی دەکاتەوە سیاسەتیان بەرامبەر ئێران گۆڕابێت.
لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سیما ئابخێزر پێشکێشی کرد؛ ئاندری باكلانۆڤ، دیپلۆماتكارێکی پێشووی رووسیا رایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ ئەم قوناخە گرنگ بوو، لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ رێککەوتن و ئاگربەستێکی کاتی لە ئۆکراینا.
باسکردن لە ئاگربەست بەشێک بووە لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و پووتین، بە گوتەی ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی رووسیا، هەردوو سەرۆک دووپاتیان لە جێبەجێکردنی کردووەتەوە، "بە شێوەیەک کە نەک تەنیا لە بەرەکانی شەڕ، بەڵکو رێگە بگیرێت لە هەر هێرشێکی دیکە لە داهاتوودا."
رۆژی سێشەممە ترەمپ و پووتین بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد، بەپێی راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی، هەردوو سەرۆک "باسیان لە پێویستیی ئاشتی و ئاگربەست لە جەنگی ئۆکراینا کرد؛ کۆک بوون لەسەر ئەوەی ئەم ململانێیە دەبێت بە ئاشتییەکی درێژخایەن کۆتایی بێت. هەروەها جەختیان لە پێویستیی باشترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا کردەوە."
ئاندری باكلانۆڤ ئاشکرای کرد، "لایەنی بەرامبەر (ئەمریکا) بەڵێنی داوە بە هەموو شێوەیەک پێدانی چەک بە ئۆکراینا رابگرێت، ئەمە پاکێجێکە و نابێت ئۆکرایناش هێرش بکات."
بەڵام سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە رەتیکردەوە باسی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا لەگەڵ پووتین کردبێت و گوتی، "باسی زۆر شتمان کرد، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی هاوکارییەکان نەکرا."
لەبارەی کاتی دەستپێکردنی ئاگربەست، دیپلۆماتکارەکەی پێشووی رووسیا گوتی، "ئەو کاتە ئاگربەست دەستپێدەکات کە هەموو مەرجەکان جێبەجێ بکرێن، پێناچێت کاتی زۆری پێویست بێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام بەو واتایەش نایەت کە بەپەلە جێبەجێ بکرێت، چونکە شەڕ لە سنوورێکی درێژی هەزار کیلۆمەتریدایە."
هەروەها باکلانۆڤ رەتیکردەوە گەرەنتی هەبێت بۆ دووبارە نەبوونەوەی شەڕ و دەڵێت، "ئێمە هیچ گەرەنتییەک نابینین لەم قوناخەدا کە شەڕ جارێکی دیکە دەستپێنەکاتەوە، بەپێی ئەو دانوستاندنانەی کراون؛ رێککەوتنێک کراوە کە دەبێت لە رووی تەکنیکییەوە دانوستاندنی زیاتر بکرێت لەسەر ئەو ناوچانەی شەڕی تێدایە."
لە راگەیێندراوێکی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیاشدا ئەوە هاتووە، پووتین جەختی کردووەتەوە کە پێویستە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانەکە لاببرێن و، بەرژەوەندییە رەواکانی رووسیا لە بواری ئاسایشدا لەبەرچاو بگیرێن بۆ دەستپێکردنی ئاگربەستێکی 30 رۆژە.
ئاندری باكلانۆڤ ئاماژە بەو خاڵە دەکات کە ترەمپ و پووتین لەسەری رێککەوتوون و دەڵێت، "ئەوەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە راگرتنی هێرشی سەر دامەزراوەکانی وزەن، بەپێی رێککەوتنەکە رووسیا نابێت هیچ هێرشێک بکاتە سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراینا، لە بەرامبەردا نابێت ئۆکراینا هێرش بکاتە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی رووسیا."
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، موسکۆ رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئۆکراینا ئاگر لە وێستگەیەکی سووتەمەنی لە ناوچەی کراسووندار لەسەر سنووری ئۆکراینا بەربووە. لە بەرامبەردا ڤولودیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا شەوی سێشەممە رایگەیاند، پووتین بە کردەوە ئاگربەستی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێک چەندین ناوەندی سڤیل و نەخۆشخانەیەکی لە ناوچەی سۆمی کردووەتەوە ئامانج.
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ سیاسەتی رووسیا بەرامبەر ئێران گۆڕاوە؟ ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی رووسیا رەتیکردەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران روویدابێت، "ئێمە هەندێک بنەمامان هەن لەگەڵ ئێران، یارمەتی دەدەینە ئێران بۆ پەرەپێدانی وێستگە ئەتۆمییەکانی و داواکارین کە گەمارۆکان لەسەری لاببرێن، نزیکەی 28 هەزار گەمارۆ و سزای جۆراوجۆر لەسەر رووسیا هەن، هەروەها بە سەدان گەمارۆی هاوشێوەش لەسەر ئێران هەن کە پێویستە هەڵبگیرێن."
بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و پووتین دا، هەردوولا جەختییان لەوە کردووەتەوە، نابێت ئێران هەرگیز لە دۆخێکدا بێت بتوانێت ئیسرائیل لەنێوببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ