سکرتێری ناتۆ: چاومان لە ئەندامبوونی جۆرجیایە لە رێكخراوەکەمان

 
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت، چاویان لەوەیە جۆرجیا ببێتە ئەندامی هاوپەیمانییەکە، داواش لە رووسیا دەکات لە داننان بە هەندێ ناوچەی جۆرجیا وەک وڵاتی سەربەخۆ، پاشگەز ببێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 18-3-2024، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ سەردانی جۆرجیای کرد، وەک بەشێک لە گەشتەکەی بۆ وڵاتانی سەر دەریای رەش؛ ستۆڵتنبێرگ لەگەڵ ئیراکلی کۆباخیدزە، سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا کۆبووەوە و پشتگیریی ناتۆی بۆ ئەندامیێتی ئەو وڵاتە لە رێکخراوەکە دووپاتکردەوە.
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەیاندا، لە تبلیسیی پایتەخت، ستۆڵتنبێرگ گوتی: "گرنگە جۆرجیا بەردەوام بێت لە چاکسازییە نێوخۆییەکانی و پەرە بە بەها دیموکراسییەکان و سەروەریی یاسا بدات و پاڵپشتی لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیی ئازاد و دادوەرانە لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکات". 
 
گوتیشی: "ناتۆ لەگەڵ جۆرجیا دەوەستێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 2008ی بوخارێست بەوەی ببێتە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ".
 
لە نیسانی ساڵی 2008 و لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە شاری بوخارێستی پایتەختی رۆمانیا، رێکخراوی ناتۆ پێشوازیی لە ئەندامیێتی هەردوو وڵاتی ئۆکراینا و جۆرجیا کرد بەبێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو و شێوازی ئەندامبوونیان بخاتەڕوو.
 
سکرتێری ناتۆ رایگەیاند: "هاوبەشیی ناتۆ لەگەڵ جۆرجیا بەهێزە و گفتوگۆی بەهێزترکردنمان کرد. پێشوازی لەو بەرەوپێشچوونانە لە بوارەکانی ئیدارەدانی قەیران، ئاسایشی سایبیریی و ئەندازیاریی سەربازیی دەکەین".
 
لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، ستۆڵتنبێرگ داوای لە رووسیا کرد پاشگەز بێتەوە لە داننان بە سەربەخۆیی هەندێ ناوچەی جۆرجیا و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک وڵاتی سەربەخۆ و گوتی: "جۆرجیا وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییە و داننان بە سەروەریی هەندێ ناوچەی ئەو وڵاتە لەلایەن رووسیاوە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و داواش لە رووسیا دەکەین لەو هەنگاوەی پاشگەز ببێتەوە."
 
دوای راگەیێندراوی ناتۆ بە پێشوازیکردن لە ئەندامیێتی ئۆکراینا و جۆرجیا لە نیسانی 2008، سوپای رووسیا لە ئابی هەمان ساڵ چووە نێو  جۆرجیا پشتگیری خۆی بۆ سەربەخۆیی هەردوو ناوچەی ئەبخازیا و ئۆسێتیای باشوور راگەیاند.
 
ئەبخازیا دەکەوێتە سەر دەریای رەش و ئۆسێتیای باشوور دەکەوێتە باکووری جۆرجیا.
 
لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا، ئیراکلی کۆباخیدزە، سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا  گوتی: "بە درێژایی ساڵ، جۆرجیا چالاکانە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ژێر چاودێری ناتۆ کردووە و ناتۆ رۆڵێکی کاریگەری هەیە لە پەرەدانی توانا سەربازییەکانی جۆرجیا".