بەڕێوەبەری نوێی CIA متمانەی پێدرا

رووداو دیجیتاڵ
 
وڵیەم بێڕنز، بەربژێری بایدن بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا متمانەی پێدرا.
 
رۆژی پێنجشەممە، وڵیەم بێڕنز، تەمەن 64 ساڵ بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ پۆستی بەڕێوەبەری نوێی سی ئای ئەی، پەسندکرا.
 
بێڕنز، لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، هەروەها بە کەسایەتی خاوەن زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموون لە کەناڵە دیپلوماسییەکانی دەرەوەی ئەمریکا ناسراوە.
 
بێڕنز لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە  لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو پۆستە بەربژێرکرابوو.
 
بێڕنز پشتگیری تەواوی ئەندامە کۆماری و دیموکراتەکانی نێو ئەنجوومەنی پیرانی بەدەستهێنا و دەبێتە یەکەمین بەڕێوەبەری سی ئای ئەی کە پێشتر دیپلۆماتکاری نێو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووبێت.
 
وڵیەم بێڕنز، دکتۆرای لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەدەستهێناوە، ساڵی 2011 - 2014، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. ساڵی 2005 - 2008 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە رووسیا. هەروەها ساڵی 1998 - 200 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە ئوردن.