رووسیا 'هێڵی بەرگریی ئۆکراینا' دەبەزێنێت و شاری ئاڤدیڤکا کۆنترۆڵ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئاڤدیڤکا، لە سنووری هەرێمی دۆنێتسک، ئەو شارەی دوو ساڵ بوو رووسیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدا و ئۆکراینایش بەرگرییەکی چڕی لێدەکرد، دواجار سوپای ئۆکراینا کشایەوە و کەوتە ژێر دەستی هێزەکانی سوپای رووسیا.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەو بارەیەوە دەڵێت، "یەکە سەربازییەکانمان توانییان تەواوی شاری ئاڤدیڤکا، لە کۆماری گەلی دۆنێتسک کۆنترۆڵ بکەن. ئەو شارە پێگەیەکی بەهێزی بەرگریی هێزەکانی ئۆکراینا بوو. لە ئەنجامی هێرشەکەمان نزیکەی 32 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە نەتەوەپەرستە ئۆکراینییەکان پاککرایەوە".
کۆنترۆڵکردنی شاری ئاڤدیڤکا، گەورەترین دەستکەوتی سوپای رووسیایە لە ئۆکراینا لە ئایاری 2023ـیەوە، ئەوکاتی شاری باخمووتیان کۆنترۆڵکرد، لە جەنگێکدا کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە.
24 کاژێر پێش کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن رووسیاوە، سوپای ئۆکراینا، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لەو شارە راگەیاند، هەروەکو خۆیان دەڵێن، "بۆ پاراستنی گیانی سەربازانمان بووە."
گرنگیی ئاڤدیڤکا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێڵی بەرگریی ئۆکراینییەکان بوو بۆ ئەو ناوچانەی هەرێمی دۆنێتسک، کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئۆکراینادان، هەروەها چەندین بنکەی لۆجیستی و سەربازیی ئۆکراینی لەو ناوچەیەن.
پێش لەدەستدانی ئەو شارە ستراتیژییە، چەندین مانگە فەرماندە و بەرپرسەکانی ئۆکراینا هاواری کەمیی چەک و سەرباز دەکەن.
رۆدان کوردیاشۆڤ، جێگری فەرماندەی بەتالیۆنی سێی سوپای ئۆکراینا دەڵێت، "ئێمە رووبەڕووی دۆخێکی ئاڵۆز بووینەتەوە، لەوکاتەی دوژمن لە هەوڵدایە بۆ بەزاندنی هێڵی بەرگریمان، لە هەندێ ناوچەی دیکەش دوژمن دەیەوێت هێرش بکاتە سەر سەربازانمان و ئێستا ئێمە 360 پلە لە چواردەوری خۆمان لە شەڕداین".
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا زۆربەی شارەکە وێران بووە لە چەند هەفتەی رابردوودا شەڕەکە ئەوەندە سەخت و خوێناویی بووە، رووسیا نزیکەی 13 هەزار سەربازی کوژراوە و بریندار بووە.
ئەو شارە کە پێش جەنگ ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 32 هەزار کەس بوو، ئێستا کەمتر لە هەزار کەسی تێدا ماوە. لە ساڵی 2014 لەلایەن هێزە جووداخوازەکانی ئۆکراینا کە مۆسکۆ پاڵپشتی دەکردن، کۆنترۆڵکرا، بەڵام دواتر لەلایەن سوپای ئۆکرایناوە کۆنترۆڵکرایەوە.