لەدوای گیانلەدەستدانی 18 کۆچبەری ئەفغانی، پێنج کەس لە بولگاریا دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی تەرمی 18 کۆچبەری ئەفغستانی لە بارهەڵگرێکدا لە بولگاریا دۆزرانەوە، دادگەی ئەو وڵاتە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شەش کەس دەرکرد و پێنجیان دەستگیرکران.
 
بۆریسلاڤ سارافۆڤ، سەرۆکی ئاژانسی لێکۆڵینەوەی نیشتمانیی بولگاریا و جێگری داواکاری گشتیی وڵاتەکە رۆژی شەممە، 18ـی شوباتی 2023 رایگەیاند "وێڕای پێداکێشانی تووند لە کابینەی بارهەڵگرەکە لەلایەن کۆچبەرانەوە، شۆفێرەکە رەتیکردووەتەوە بارهەڵگرەکە بوەستێنێت". 
 
بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی بولگاریا باس لەوە دەکەن، لەدوای رووداوەکەی رۆژی هەینی، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ 6 کەس بە تۆمەتی "قاچاخیکردن بە مرۆڤەوە" دەرکردووە، کە "پێنج لەوانە دەستبەسەرکراون و یەکێکیان لە وڵات هەڵاتووە".

 

 
جێگری داواکاری گشتیی بولگاریا دەڵێت، ئەو 18 کەسەی رۆژی هەینی بە مردوویی دۆزراونەتەوە، "لە بۆشاییەکی داخراودا ئۆکسجینیان لێ بڕاوە و تووشی هەناسەتەنگی بوون و بە هێواشی و بە ئازارەوە مردوون". 
 
سارافۆڤ دەشڵێت: "ئەم کەیسە ئەوپەڕی بێبەزەییبوون پێشاندەدات و ئەوە دەردەخات کۆچبەران تەنیا وەک کاڵایەک تەماشادەکرێن لەکاتێکدا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەنێردرێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە لە ژیاندان یان مردوون".
 
بەرپرسانی بولگاریا دەڵێن ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکە 52 کۆچبەری هەڵگرتووە و 34 کۆچبەری دیکە کە رزگارکراون، گوازراونەتەوە نەخۆشخانە و تەندروستییان "جێگیرە". 
 

 

بەرپرسانی وڵاتەکە دەشڵێن: "دوای ئەوەی شۆفێر و هاوڕێکەی زانیویانە کە لە کۆی 52 کۆچبەر زۆربەیان هەستیان بە لاوازی و گێژبوون کردووە و تەنانەت هەندێکیان مردوون، بارهەڵگرەکەیان لە نزیک ناوچەی لۆکۆرسکۆ لە باکووری سۆفیای پایتەخت جێهێشتووە".
 
بەرپرسانی بولگاریا دەڵێن، ئەو تۆڕەی قاچاخ، کۆچبەرەکانیان لەسەر سنوورەکانی تورکیاوە گواستووەتەوە بولگاریا و سڕبیا، دواتریش گواستوویانەتنەوە بۆ بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا.