دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن؛ سەقامگیریی نێودەوڵەتی و گۆڕانی کەشوهەوا باسدەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە 19-02-2022 دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداریی 35 سەرۆک و نزیکەی 100 وەزیری دەرەوە و بەرگریی وڵاتان بەڕێوەدەچێت.
بەپێی کارنامەی کۆنفرانسەکە، یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆ تایبەت دەبێت بە ئاسایشی ئەوروپا، جەمسەری باکوور و وڵاتانی دەوروبەری زەریای ئەتڵەسی، هەروەها هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەخرێتە بەرباس.
دواتر بە بەشداریی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا تیشک دەخرێتە سەر رۆڵی ئەو وڵاتە لە کایە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان. لە پانێڵێکیشدا بە بەشداریی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی رۆڵی وڵاتەکە لە کایە نێودەوڵەتییەکان.
هاوشێوەی ئەڵمانیا و ئەمریکا، رۆڵی چین و بەریتانیاش لە دوو پانێڵی جیاواز دەخرێنە بەرباس و هەریەک لە وانه یی، وەزیری دەرەوەی چین و بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تێیاندا بەشداری دەکەن.
کۆنفرانسەکە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا تا دێت بەرەو هەڵکشان دەچن، هەرچەندە هەفتەی رابردوو رووسیا رایگەیاند، بەشێک لە هێزەکانی لە سنووری ئۆکراینا کشاندووەتەوە، بەڵام دوێنێ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوانە تەنیا سیناریۆن و بەپێچەوانە رووسیا هێزی زیاتری رەوانەی ئەو ناوچانە کردووە. هەر بۆیە گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی رووسیا و ئۆکراینا تەوەرێکی پانێڵەکانی کۆنفرانسەکە دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە دۆخی ئێستای ئەفغانستان و ئەو شکستە خێرایەی حکومەتی وڵاتەکە دوای 20 ساڵ بە دەست تاڵیبان دەخرێتە بەر باس.
رەنگە یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوەکانی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی چەند ساڵی رابردوو لەگەڵ پێشتر ئەوە بێت کە دوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا، لە کۆبوونەوە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان گرنگییەکی زیاتر بە چۆنێتیی رێگریکردن لە پەتا دەکرێت. ئەمڕۆ یەکێک لە تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە تایبەت دەبێت بە ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی دیکە.
دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی ئێران، بۆ ماوەیەک گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی وەستان، دواتریش تا رادەیەک بە سستی دەستیان پێکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ بە بەشداریی حوسین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆ لەبارەی زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە بکرێت.
رۆڵی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا لە هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، قەیرانە مرۆییەکان و پێشێلکردنی مافی ئافرەتان، کێشەکانی ئەفریقا، پەیوەندییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دۆخی نێوخۆی بێلاڕووس، گۆڕانکاریی هێزەکان لە زەریای هیندی- ئارام، داهاتووی زیرەکیی دەستکرد و چەند تەوەرێکی دیکە لە کۆنفرانسەکەدا باس دەکرێن.