ساڵی 2020 پیسبوونی هەوا لە پێنج گەورە شاری جیهان 160 هەزار کەسی کوشتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوێکی ژینگەیی دەڵێت، لە ساڵی 2020 و لە پێنج گەورە شاری جیهان نزیکەی 160 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە، لە پلەی یەکەمیش شاری نیو دەلهی-ی هیندیستان دێت کە لەو ساڵەدا نزیکەی 54 هەزار کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رێکخراوی "Greenpeace Southeast Asia" کە تایبەتە بە کارکردن لە بواری ژینگە، ناوی پێنج شاری جیهانی وەکو خاوەن پیسترین هەوا دیاریکردووە کە بریتین لە هەریەکە لە نیو دەلهی لە هیندستان، مەکسیکۆ لە مەکسیک، ساو پاولۆ لە بەرازیل، شەنگهای لە چین و تۆکیۆ لە ژاپۆن.
 
بەپێی داتاکانی رێکخراوەکە بۆ ساڵی 2020، ژمارەی دانیشتووان، مردن بەهۆی هەوای پیس و بەهای زیانە ماددییەکان بەمشێوەیە:
 
- نیو دەلهی ژمارەی دانیشتووانی 30 ملیۆن کەسە، 54 هەزار کەس بەهۆی هەوای پیسەوە تێیدا مردوون و زیانی 8.1 ملیار دۆلاری بەرکەوتووە.
- مەکسیکۆ سیتی ژمارەی دانیشتووانی 22 ملیۆن کەسە، 15 هەزار کەس بەهۆی هەوای پیسەوە تێیدا مردوون و زیانی هەشت ملیار دۆلاری بەرکەوتووە.
- مەکسیکۆ سیتی ژمارەی دانیشتووانی 22 ملیۆن کەسە، 15 هەزار کەس بەهۆی هەوای پیسەوە تێیدا مردوون و زیانی هەشت ملیار دۆلاری بەرکەوتووە.
- ساو پاولۆ ژمارەی دانیشتووانی 22 ملیۆن کەسە، 15 هەزار کەس بەهۆی هەوای پیسەوە تێیدا مردوون و زیانی حەوت ملیار دۆلاری بەرکەوتووە.
- شەنگهای ژمارەی دانیشتووانی 26 ملیۆن کەسە، 39 هەزار کەس بەهۆی هەوای پیسەوە تێیدا مردوون و زیانی 19 ملیار دۆلاری بەرکەوتووە.
- تۆکیۆ ژمارەی دانیشتووانی 37 ملیۆن کەسە، 40 هەزار کەس بەهۆی هەوای پیسەوە تێیدا مردوون و زیانی 43 ملیار دۆلاری بەرکەوتووە.
 
ئەم ئامارانەی گیانلەدەستدان بەهۆی هەوای پیس لەکاتێکدان کە لە ساڵی 2020دا و بەهۆی رێکارەکان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکییەکان کەمبوونەوە و ئاستی پیسبوونی هەوا کەمتر ببوەوە.
 
ئاڤیناش چانچال لە رێکخراوە ژینگەییەکە دەڵێت "سەرەڕای کوالێتییەکی باشتر لە هەوا لە ساڵی 2020دا، کە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ و رێکارەکانەوە دروستبوو، پیسبوونی هەوا بەردەوامە و پرسێکی جیددیە لەسەر تەندروستی و کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریمان هەیە".
 
رێکخراوەکە داوا لە حکومەتی وڵاتانی جیهان دەکات هەماهەنگ بن و تاکەکانی کۆمەڵگەش هاوکاربن بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی پیسبوونی هەوا بۆئەوەی شارەکان خاوێن و سەوز بن.
 
نوێترین لێکۆڵینەوەی زانستییش کە لەلایەن سەنتەرێکی پزیشکیی چینی لە زانکۆی پیکینگ کراوە، دەرکەوتووە کە پیسبوونی هەوا کاریگەریی لەسەر نەزۆکی هەیە، ئەمەش دوای لێکۆڵینەوە لەسەر 18 هەزار هاوژین کە لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە ژیاون.
 
لە نوێترین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا، ئەو رێکخراوە دەڵێت، مرۆڤ خەریکە زەوی پەکدەخات و دەیکاتە هەسارەیەکی وەها کە بەکەڵکی ژیان نەیەت، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، نەمانی فرەچەشنیی ژینگەیی و زیادبوونی پیسبوونی ژینگە.