ته‌كسییەكه بۆی نه‌بوو تاوەکو به‌رده‌م هۆتێله‌كه بمانبات، رێکاری ئەمنیی زۆر تووند لە دەورووبەری هۆتێلەکە گیرابووەبەر، سەیری هه‌ر شوێنێكت ده‌كرد پۆلیس بوو، دەبوایە نزیكه‌ی 700 مه‌تر به‌و هه‌موو جانتا و كامێرا‌یه به‌پێ بڕۆیت.
به پێنج كۆنترۆڵدا تێده‌په‌ڕین، له دوانیاندا ناو و وێنه‌ی خۆت له‌سه‌ر دیسپله‌یه‌كه ده‌بینی، من په‌له‌م بوو بگه‌مه هۆڵی بایه‌ریشه‌هۆف، ئه‌و شوێنه‌ی سێ رۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی تێدا به‌ڕێوه‌چوو. هیچ شوێنێك ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌ریشه‌هۆف كه هۆتێلێكی 5 ئه‌ستێره‌یه سه‌ركرده و به‌پرسی باڵای جیهان و وه‌زیری ده‌ره‌وه و بەر‌گریی وڵاتان و به‌رپرسانی سه‌ربازی و كه‌سانی خاوه‌ن كۆمپانیا و رێكخراو و پسپۆڕان بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ كۆناكاته‌وه.
چوار هه‌زار پۆلیس ئاسایشی ئەم شوێنە ده‌پارێزێت و نزیكه‌ی هه‌زار میدیاكاریش به‌یانی تاوەکو ئێواره رووماڵی ئه‌م كۆنفرانسه ده‌كه‌ن، ئه‌مه پێنجه‌م جارمه كه من لە تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی ئه‌م كۆنفرانسه ده‌كه‌م.
ساڵ به‌ساڵیش كۆنتڕۆڵ و ئاسایشی ئێره تووندتر ده‌بێت، ئه‌مەش كاری رۆژنامه‌ڤانی زه‌حمه‌تتر ده‌كات، ئه‌مساڵ له ساڵانی رابردوو زه‌حمه‌تتر بوو، رۆژنامه‌ڤانان نه‌یانده‌توانی هاوشێوەی ساڵی رابردوو هاتووچۆ له‌ناو هۆتێله‌كه‌دا بكەن.
گەیشتمه شوێنی پرێس پۆینت، ناسیمیانەوە‌و گوتیان ئه‌مساڵیش به‌خێرهاتیته‌وه، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش به‌شداره.
بایه‌ریشه‌هۆف 337 ژوور و 74 سویت و 40 هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌یه. هه‌ر شاندێك بەپێی ژمارەی ئەندامانی، ژوور یان سویت ده‌گرێت، ئه‌وه چه‌ند ساڵێکه ئه‌مریكییه‌كان نه‌ك یه‌ك سویت، به‌ڵكو یه‌ك نهۆم له‌م سه‌ر تا ئه‌و سه‌ر به ته‌واوی ده‌گرن. هه‌رچه‌نده ئه‌مساڵ ترەمپ به‌شدار نه‌بوو، به‌ڵام هه‌ر سێ وه‌زیری ده‌رەوه و به‌رگریی و وزە و چه‌ندین سێنات و كه‌سایه‌تی سیاسی ئه‌مریكی وه‌ك جۆن كێری به‌شدار بوون. پێچ و په‌نای بایه‌ریشه‌هۆف وایكردووه كه بۆ ئه‌م كۆنفرانسه گونجاو بێت.
شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌نهۆمی پێنج بوون، بۆ هه‌ندێ كۆبوونه‌وه شانده‌كان ده‌هاتنە لایان، له هه‌ندێ كۆبوونه‌وەش ئه‌مان ده‌چوون بۆ لای ئەوان. لەم هاتووچۆیەی ناو هۆتێل كه‌سایه‌تی سیاسی زۆر ناودار ده‌بینیت، هه‌ندێكیان ده‌تناسنه‌وەو سڵاو ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیشیان به لاتدا تێده‌په‌ڕن، ده‌رفه‌ت هه‌بوو گفتوگۆیه‌كی كورتی سه‌رپێی ده‌كه‌یت و هەندێ جار زانیاری تایبەتت پێده‌ڵێن.
سه‌رۆكی كۆنفرانسه‌كه ڤۆلڤگان ئیشینگه‌ر، هەموو ساڵێک لەبارەی کۆنفرانسەکە لێدوانم لێ وەرگرتووە بۆ راپۆرتەکانم، هه‌ندێ جاریش پێكه‌وه قسەده‌كه‌ین، هه‌موو جار ده‌ڵێت زۆر لام مه‌به‌سته شاندی كورد به‌شداربێت، ئێره ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و به‌رپرسانی جیهان. گوتیشی هه‌رچه‌نده زۆر كه‌س به‌دڵی نه‌بوو ئێران بانگهێشت بكه‌م، به‌ڵام هه‌ر كردم، چونكه ئه‌گه‌ر سەیری گرژی و قه‌یرانه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست بكه‌ین كه خه‌ریكه سەر بکێشێ بۆ ئاگرێکی گەورە، دەبێ ئێرانیش وەک ئه‌مریكا لێرەبێت.
ڤۆلڤگان ئیشینگه‌ر له‌ساڵی 2008ـەوه سه‌رۆكی ئه‌م كۆنفرانسه‌یه و دیپلۆماتكارێکی لێزانە، ده‌زانێت كاتێك به‌رپرسانی ئه‌مریكا و چین و رووسیا و ئێران دێنه هۆڵی كۆنفرانس و هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه له یه‌ك ده‌كه‌ن، كۆنفرانسه‌كه سه‌رنجڕاكێشتر ده‌كه‌ن.
له په‌راوێزی ئه‌م كۆنفرانسه‌دا له ماوه‌ی ئه‌و سێ رۆژه زیاتر له 2000 تا 2500 كۆبوونه‌وه له نێوان شانده‌كان ئه‌نجام ده‌درێن، شاندی کوردستانیش کۆبوونەوەی چڕ‌وپڕیان هه‌بوو. ده‌بوایه له نهۆمی 5 به پلیکانە بچینه خواره‌وه بۆ نهۆمی دوو، چونكه شاندی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی سیناتۆری ئه‌مریكی كۆبوونه‌وه‌یان هه‌بوو، میدیاكان ده‌بێت هه‌میشه 15 خوله‌ك زووتر بچنه شوێنی کۆبوونەوە، له نهۆمی دوو جۆن كێری، وه‌زیری دەرەوەی پێشووتری ئه‌مریكام بینی.
خۆم پێناساند، گوتم من ناوم ئاڵایه و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان‌م، ئه‌و كوردستانه‌ی كه لە جیاتی ئێوە و جیهانی ئازاد شەڕی داعشی لەسەر زەوی کرد، كه گوتم كوردستان زۆر سه‌رسام بوو، لێم پرسی چۆن ده‌ڕوانیته سیاسه‌تی ئێستای ئه‌مریكا له عێراق؟ گوتی سه‌ره‌تا پێت بڵێم كه كورد جێگه‌ی شانازیه، دروستت گوت کە كورد بۆ ئێمه جه‌نگان، بۆیه نابێت ئه‌مریكا پشتی تێبكات، باوه‌ڕیش ناكه‌م ئه‌و كاره بكات، به‌ڵام عێراق ئێستا به‌دۆخێكی زۆر هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، عێراق ده‌بێت رێگه‌نه‌دات ببێته گۆڕه‌پانی شه‌ڕی ئه‌مریكا و ئێران یاخود هه‌ر لایه‌نێكی دیكه. زۆر قسه‌ی كرد پاشان گوتی رۆژێكی خۆش بۆ خۆت، سڵاو بۆ شانده‌كه‌ی كوردستان، ره‌نگه ئاگادار بووبێت كه شاندێكی سیناتۆری ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ شاندی کوردستان كۆده‌بنه‌وه، چونكه ئه‌ویش له نهۆمی دوو بوو.
ئه‌و سێ رۆژه رۆژی حه‌شره، هه‌ر شانده‌و به‌لاتدا تێده‌په‌ڕێت، له‌پڕ لاڤرۆڤ ده‌بینیت، له‌لایه‌ك ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لەلایه‌كی دیكه تۆنی بلێر.
كۆبوونه‌وه‌كان یه‌ك له‌دوای یه‌كن. له راڕه‌وه‌كان زۆر به‌رپرس ده‌بینیت، به‌ڵام نا‌توانیت له هه‌موو شوێنێك وێنه بگریت و یاخود لێدوان وه‌رگریت. کاری ئێمه گۆڵکردنە، گۆڵه‌كه‌ش وەرگرتنی لێدوان و زانیارییە له به‌رپرسانی وڵاتانی جیهان.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی بولگاریا، ئه‌وان رۆیشتن پاشان له‌دوای كاژێرێك بینیم له‌گه‌ڵ ئه‌میری ئیمارات له گفتوگۆدا بوون، منیش لێیان نزیک بووم، منی ناسییه‌وه‌و پێی گوتم ئێمه و كوردستان په‌یوه‌ندیمان باشه و ده‌مانه‌وێت به‌هێزتری بكه‌ین، منیش گوتم له چ بوارێكدا؟ گوتی؛ ئابووری هه‌میشه گرنگه بۆ په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان، به پێكه‌نینه‌وه گوتم ده ئه‌وه‌م له به‌رده‌م كامێراكه‌م بۆ دووباره بكه‌ره‌وه، پێكه‌نی گوتی باشی لێده‌زانیت، له سه‌ره‌تا سمۆلتۆلك ده‌كەیت و پاشان داوای لێدوان. گوتی پێم باشه وه‌ره، قسه‌ی خۆی بۆ رووداو كرد.
له‌سه‌ر سه‌كۆی هۆڵی كۆنفرانسه‌كه پانالیسته‌كان په‌یامی خۆیان ده‌گه‌یێنن، یان بە توانجەوە وەڵامی یەکدی دەدەنەوە. پاشان توویت ده‌كرێت، لێره لۆدێكی زۆر له‌سه‌ر ئینته‌رنێته. جیهانێكی سه‌یر و سه‌مه‌رەیە، كاتێك وه‌زیری ده‌ره‌وه و به‌رگریی ئه‌مریكا په‌یامی خۆیان گه‌یانده ئێران، هه‌موو هه‌وڵێك درا جەواد زه‌ریف به سودفه‌ش به‌رچاویان نه‌كه‌وێت. باس باسی وتاره‌كه‌ی ماكرۆن و لاڤرۆڤ و پۆمپەیۆ و جەواد زه‌ریف بوو.
شاندی هه‌رێمی کوردستان له ماوه‌ی ئه‌م سێ رۆژه‌دا زۆر كۆبوونه‌وه‌یان کرد، له زۆربه‌ی كۆبوونه‌وه‌كاندا له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆكاندا له پێش میدیاكان هه‌میشه به موجامەلە و بابەتی ئاسایی ده‌ستیان پێده‌كرد، پرسیاریان لەبارەی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد و سڵاویان بۆ ده‌ناردن.
له كۆبوونه‌وەكاندا و له دوای كۆبوونه‌وەكان، له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسانه، ده‌بینیت هه‌مووان پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ناوچه‌كه زۆر به گرنگ داده‌نێن. وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لۆكسمبۆرگ و چه‌ندین به‌رپرسی باڵای دیکه گوتیان ئێستا كه ده‌ڵێین عێراق هه‌موو وڵاتانی ئەو‌روپا ده‌زانن كه له عێراق به‌غدا هه‌یه و هەولێریش هه‌یه. ئه‌مه خۆی گرنگه واتا كورد هاوپه‌یمانێكی گرنگه ئێستا بۆ وڵاتانی جیهان.
شاندی کوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبووه‌وه، پاش كۆبوونه‌وه‌كه لێدوانم لە چاوش‌ئۆغڵو وه‌رگرت، پێی گوتم تۆ خه‌ڵكی چ شارێكی هه‌رێمیت؟ گوتم من خه‌ڵكی شاری سلێمانم. گوتی زۆر خۆشحاڵم، ئێمه خۆشحاڵین كه له‌گه‌ڵ ئێوه په‌یوه‌ندیمان زۆر باشه. منیش سوپاسم كرد، ئه‌ویش بانگی فۆتۆگرافه‌رەكه‌ی كرد گوتی له‌گه‌ڵ ئه‌م خاتونه ئازایه وێنه‌یه‌كمان بگرە و وێنه‌یان گرتین، منیش وه‌ك رێز سوپاسم كرد و گوتم هەموو ژنی كورد ئازان، پێکەنی و گوتی خۆشحاڵ بووم به ناسینت، به فۆتۆگرافه‌ره‌كه‌ی گوت وێنه‌كه‌ی بۆ بنێره.
هەروەها هەمووتان لە شاشەی رووداو گفتوگۆ کورتەکەی من و جەواد زەریفتان بینی، کە گوتم کەیفم بە موعین هونەرمەندی نێوداری فارس دێ، گوتی قسەی سەیر دەکەی! ( زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی لە دەرەوەی ئێرانن بەتایبەت ژنانی گۆرانیبێژ، لەناوخۆی ئێران قەدەخەن)
راسته لێره لە کۆنفرانس کۆمەڵێک تەوەر هەیە قسەیان لەسەر دەکرێ، قسەی بەرز و نزمیش دەکرێن، به‌ڵام له هه‌مووی گرنگتر کۆبوونەوە داخراوەکانە، هه‌ربۆیه ده‌گوترێت ده‌رفه‌تی كۆبوونه‌وه‌كان له په‌راوێزی ئه‌م كۆنفرانسه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م كۆنفرانسه‌یه، کە هه‌ندێ جار لێکتێگەیشتن و هەندێ جاریش رێککەوتنی تێدا دەکرێ، کە ئەمەش بۆ ئەم جیهانە پڕ قەیرانە گرنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ