جیهان
فاتیمە و منداڵەکەی، کۆچبەری سووریایی بوون لە ساڵی 2015 وێنەکە گیراوە لە سنووری سلۆڤینیا و کرواتیا. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پۆلیسی تاوانی سلۆڤینیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ساڵی رابردوو هەزار و 150 کۆچبەری عێراقی چوونەتە وڵاتەکەی و ژمارەکە ساڵی پێشتر هەزار و 579 بووە.
رۆژی هەینی، 19ی کانوونی دووەمی 2024، دراگۆ مەنەگالیا، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پۆلیسی تاوانی سلۆڤینیا لە رێگەی ئیمەیڵەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چوونی کۆچبەرانی خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق بۆ ئەو وڵاتە کەمیکردووە و بۆ روونکردنەوەی قسەکەیشی ئەو ئامارەی بە رووداو گوت کە ساڵی رابردوو هەزار و 150 کۆچبەری عێراقی چوونەتە ئەو وڵاتە، بەڵام ساڵی پێشتر ژمارەکە هەزار و 579 کۆچبەر بووە.
گوتەبێژەکەی پۆلیسی تاوانی سلۆڤینیا بۆ رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، لە 2014ەوە 30 کۆچبەر لە سنوورەکانی نێوان سلۆڤینیا و کرواتیا گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی ناردنەوەی کۆچبەرانیش بۆ وڵاتەکانیان، ئەو بەرپرسەی پۆلیس گوتی، ساڵی رابردوو حکومەتی وڵاتەکەی 246 کۆچبەری نایاسایی ناردووەتەوە وڵاتانی خۆیان کە هیچ کامیان عێراقی نەبوون و ئێستاش 19 کۆچبەری نایاسایی لە پرۆسەی ناردنەوەدان.
بەرپرسەکەی پۆلیسی سلۆڤینیا بۆ رووداو گوتی، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیان هاوئاهەنگییان بۆ رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی هەیە، بە تایبەتی دوای ئەوەی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 سلۆڤینیا سنوورەکانی لەگەڵ کرواتیا و هەنگاریا تووندکرد.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی کە رووداو لە پۆلیسی سلۆڤینیاوە دەستی کەوتووە، ساڵی رابردوو 12 هەزار و 634 کۆچبەری نایاسایی لە سنوورەکانی کرواتیا و هەنگاریاوە چوونەتە ئەو وڵاتە؛ ساڵی پێشتر ژمارەکە 21 هەزار کۆچبەری نایاسایی بووە؛ هەروەها، ساڵی رابردوو حەوت هەزار و 261 داواکاری بۆ مانەوە پێشکێش بە حکومەتی ئەو وڵاتە کراوە.
زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی دەچنە سلۆڤینیا لەو وڵاتە نامێننەوە و لەوێوە دەچنە رۆژئاوای ئەوروپا وەک ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ